مەلا بەختیار لە وتارێکی ڤیدیۆییدا وەڵامی قسەکانی کەمال کەرکوکی دایەوە و جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی پێش روودانی هەڵمەتی هەکاری مام جەلال سەرکردەکانی یەکێتی راسپارد کە بە هیچ جۆرێک دەستپێشخەری شەڕ نەبن لەگەڵ سەرکردەکانی قیادەی موئەقەتە (پارتی).
ئاوێنه: مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد:" چەندین جار شەهید عەلی عەسکەری و سەرکردەکانی یەکێتی نامەیان بۆ ئیدریس بارزانی و حەمایل خان ناردووە بۆ ئەوەی شەڕی براکوژی روونەدات، بەڵام وەڵامی هیچکام لەو نامانە نەدرانەوە ".
ئەوەشی خستەڕوو:" یەکێتی بڕیاری دابوو کە بەرەو دۆڵی گۆستێ پێشڕەوی بکات و بارەگا لەوێ دابنێن، بەڵام هیچ پلانێکیان بۆ پێکدادان لەگەڵ هێزەکەی پارتی نەبووە، بەڵگەش بۆ ئەو قسانە مام جەلال و نەوشیروان مستەفا خۆیان لەگەڵ کاروانی هێزەکەی یەکێتیدا بوون، ئەگەر پلانی شەڕ هەبووایە چۆن مام جەلال و کاک نەوشیروان و هەموو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لەگەڵ هێزەکە دەڕۆیشتن ؟"
وتیشی:" دەمەوێت بە کەمال کەرکوکی بڵێم ێویستیمان بەوە نییە بەرامبەر بە تۆ، یاخود کەسانی هاوشێوەی تۆ پارێزگاری لە خۆمان بکەین، ناسنامەی شۆڕشگێرایەتی و قوربانیدان لە کەس وەرناگرین ".
مەلا بەختیار لە درێژەی قسەکانیس دەڵێت:" شەهید عەلی عەسکەری و شەهیدەکانی دیکەی یەکێتی لە قوڵایی خاکی تورکیا و لەلایەن هۆزەکانی باکووری کوردستان دەستگیرکران رادەستی هێزەکەی پارتی کران، هەندێکیش لە سەرکردەکانی یەکێتی هەر بە دەستی ئەو هۆزانە شەهیدکران کە دۆستی پارتی بوون ".
مەلا بەختیار باسی لەوەشکرد:" کەمال کەرکوکی دەڵێت ئەوکات یەکێتی بە پاڵپشتی حکومەتی عێراق هێرشیکردووەتەسەر قیادەی موئەقەتە، کە ئەم قسەیە بە هیج جۆرێک راست نییە لەبەر ئەوەی پێش هەموو شوێنیک رژێمی ئەوکاتی بەعس گوندەکانی ناوچەکانی ژێڕ دەسەڵاتی یەکێتی راگواست ".