قوباد تاڵەبانی هۆشداری دەدات؛ لەبارەی هەڵبژاردنی کوردستان هەڵوێستی خۆی راگەیاند
  2023-08-14       717       

جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کۆبوەوە و  رایگەیاند، یاسای نەوت و گاز بابەتێکی هەستیارە و بۆ ئەوەی بە شێوەیەک پەسندبکرێت کە لە بەرژەوەندی هەمو عێراق بە هەرێمیشەوە بێت، پێویستیی بە گفتوگۆ و دانوستانی زیاتر هەیە، هۆشداریشیدا کە لایەنە کوردستانییەکان بە یەکڕیزی و یەک گوتارییەوە بەشداری لە گفتوگۆکانی یاسای نەوت و گازدا بکەن، جەختیشی کردەوە لەسەر بەرێوەچونی هەڵبژاردن لەو وادەیەی لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە دیاریکراوە.

ئاوێنە: بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەکەی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ دوشەممە پێشوازیکرد گرێگۆری گاڵیگن، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا چەند پرسی جێگەی بایەخی هەردولا تاوتوێ کران، ستایشی باڵیۆز گرێگۆری گاڵیگنی کرد کە لە ماوەی ئەرکەکەیدا رۆڵی گرنگی بینیوە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتی کەنەدا و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتویدا. 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە تەوەرێکی کۆبونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا، هەردولا هاوڕابون، کە پێویستە پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەردولادا بێت.

تاڵەبانی لەبارەی پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز وتی، "یاسای نەوت و گاز بابەتێکی هەستیارە و بۆ ئەوەی بە شێوەیەک پەسند بکرێت کە لە بەرژەوەندی هەمو عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بێت، پێویستیی بە گفتوگۆ و دانوستانی زیاتر هەیە لەنێوان لایەنەکاندا". هۆشداریشیدا کە لایەنە کوردستانییەکان بە یەکڕیزی و یەک گوتارییەوە بەشداری لە گفتوگۆکانی یاسای نەوت و گازدا بکەن تا بتوانن بە قورساییەکی زیاترەوە داکۆکی لە مافە دەستورییەکانی هەرێم بکەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان کرا، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر بەرێوەچونی هەڵبژاردن لەو وادەیەی لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە دیاری کراوە و راشیگەیاند، "پێویستە لەو ماوەیەی لە بەردەستدایە لایەنە سیاسییەکان بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەکانی نێوانیان بدۆزنەوە".

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕو، پلانیان هەیە هەنگاوەکانی چاکسازی و حکومەتی ئەلیکترۆنی فراوانتر بکەن و لەم چوارچێوەیەشدا داوایکرد کەنەدا زیاتر هاوکاری حکومەتی هەرێم بکات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×