سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئەگەر خەڵکی هەرێم بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەن یەکێتی و پارتی لە یەکەم و دووەمیدا نامێنن و گەنجانیش ئەگەر گۆڕانکارییان لە ژیانیاندا دەوێت پێویستە بەشداری بکەن و هەڵبژاردنی ئەمجارە دلخۆشی بۆ خەڵک دەهێنێت و لایەنەکانی دەسەڵات تووشی شۆک دەکات.
ئاوێنە: شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێم چارەنووسازە نەک تەنها بەلای ئەوانەوە بەڵکو بەلای کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو پرۆسەی هەڵبژاردن بەرێوەدەچێت و یەکێتی و پارتی ناچار دەبن پرۆسەکە ئەنجام بدەن و هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ چینی گەنجان گرنگە بە تایبەتی ئەوانەی تازە خوێندنیان تەواوکردووە و دەیانەوێت ژیانێکی شایستە بۆخۆیان دروست بکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکە بۆ گەنجان بۆ ئەوەی داهاتوویان لە دۆزینەوەی کار و دابینکردنی ژیان و پاڵپشتی هاوسەرگیرییان مسۆگەربکەن، ئەگەر خەڵکی بەشداری لە هەڵبژاردن نەکەن ئەوا دووبارە لایەنەکانی ئێستای دەسەڵات دێنەوە دامەزراوەکان و دەلێن "لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردراوین".
باسی لەوەشکرد، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە تەواوەیی ئامادەی هەڵبژاردنە و هیچ لایەنێك هێندەی نەوەی نوێ تامەزرۆی بەرێوەچوونی هەڵبژاردن نییە و دڵنیایی دەدەنە خەڵک هەڵبژاردنی ئەمجارە دڵخۆشی بۆ هەرێم دەهێنێت و لایەنەکانی دەسەڵات تووشی شۆک دەکات.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، لایەنەکانی دەسەڵات لە هەڵبژاردنی ئەمجارە دەترسن و پێشتر لەلایەن کۆمسیۆنی هەرێمەوە سەرپەرشتی دەکرا بەڵام ئەمجارە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتی دەکات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش چاودێری دەکات و جگە لەوەش، "تووڕەیی خەڵک نیشانەی گۆڕانکارییە لە هەڵبژاردنی ئەمجارە".
شاسوار عەبدولواحید، روونیشیکردەوە، داوا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە فەرمانبەران و گەنجان و خانەنشینان دەکەن بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بکەن و بە زووترین کات کارتی دەنگدان نوێبکەنەوە یان وەریبگرنەوە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە دۆخی هەرێم دروست بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی چەندین ساڵ یەکێتی و پارتی سەرکردایەتی ناوچەکانی کەرکوک و دەورەبەریان دەکرد بەڵام نەیانتوانی گۆڕانکاری لە ژیانی نەک تەنها عەرەب و تورکمان بەڵکو کاریگەرییان لەسەر گۆڕانی ژیانی کوردەکانیش نەبوو.
ئەوەشی خستەڕوو، بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی وتووە فەرمانبەرانی هەرێم جیابکاتەوە لەگەڵ یەکێتی و پارتی چونکە رادەستنەکردنی داهات وپابەندنەبوون بە رێککەوتنەکان تاوانی ئەوان نییە.
روونیشیکردەوە، ئەویش لە وەڵامدا وتوویەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مسۆگەرە و کێشەی رێککەوتنیان لەگەڵ پارتی هەیە بەهۆی نەناردنی رێژەی دیاریکراوی نەوت و رادەستنەکردنی داهاتی خاڵەسنوورییەکان.