وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە وەڵامی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمدا كە ئەمڕۆ دوشەممە، رایگەیاندبو، تا ئەو كاتەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیرا، "هەمو مانگێك موچەمان دابەش كردوە"، دەڵێت"ئەمە راست نییەو درۆیەکی شاخدارە."
ئاوێنە: هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، "ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەت دەڵێت «بە شانازییەوە تاکو نەوتمان دەفرۆشت هەموو مانگێک مووچەمان دابین دەکرد.» کە ئەمە راست نییەو درۆیەکی شاخدارە. ئاخر چۆن؟ کەی؟ کوا؟ فەرمو با حیسابی بکەین بزانین وایە!"
هیمداد شاهین وتویەتی"لەم کابینەیەدا 7 موچەی تەواو نەدراوە. جگە لە موچەی مانگی 7 و 8ی ئەمساڵ کە دەکاتە نۆ موچە! هەروەها 10 موچە بە لێبڕینەوە دراوە. نۆ موچە بە لێبڕینی لە سەدا 21 دراوە. موچەیەکیش بە لێبڕینی لەسەدا 18 دراوە."
وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوەشی وتوە"تێکڕای قەرزی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لای حکومەت بریتییە لە نۆ ترلیۆن و 965 ملیار دینار، ئەمەیە دەستکەوت و شانازییەکەتان؟"