قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ وەفدێكی باڵای هاوپەیمان لە عێراق و سوریا، رایگەیاند، پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە دوربخرێتەوە لە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان و بەرپرسانی وەزارەت دەبێت لەپێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی و دروستکردنی ھێزێکی نیشتمانیی راھێنراو بەشێوەیەکی پیشەیی و بەدور لە ململانێی سیاسی ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ دوشەممە لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای ھاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ژەنەراڵ ماتیۆ ماکفارلین و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێگەی بایەخی ھەردولاو بەتایبەت چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ کران.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە کۆبونەوەکەدا، بەبۆنەی کۆتایی ھاتنی ئەرکەکەی وەک فەرماندەی گشتیی ھاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، قوباد تاڵەبانی ستایشی ژەنەراڵ ماتیۆ ماکفارلینی کرد کە "لە ماوەی ئەرکەکەیدا رۆڵی گرنگی ھەبوە لە دروستکردنی ھەماھەنگی لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگەو ھێزەکانی ھاوپەیمانان و ھیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرکی داھاتویدا."
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ھەر لە کۆبونەوەکەدا کە ژەنەرال جۆول ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی نوێی ھاوپەیمانانیش ئامادەی بو، جێگری سەرۆک وەزیران بەبۆنەی دەستبەکاربونی پیرۆزبایی لێ کرد و ھیوای خواست لە ماوەی ئەرکەکەیدا ھەماھەنگی زیاتر و بەھێزتر لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگەو ھاوپەیمانان ھەبێت بۆ بەرەنگاربونەوەی مەترسییەکان.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی بەرەوپێشچونی ھەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا. ھەردولا ھاوڕابون لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغی پڕۆژەی چاکسازی بەو شێوەیەی کە پلانی بۆ دانراوە."
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا "پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە دوربخرێتەوە لە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان و بەرپرسانی وەزارەت دەبێت لەپێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی و دروستکردنی ھێزێکی نیشتمانیی راھێنراو بەشێوەیەکی پیشەیی و بەدور لە ململانێی سیاسی ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن."
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، "لەلایەن خۆشیانەوە وەفدی باڵای ھاوپەیمانان لە عێراق و سوریا دوپاتیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگەو جەختیشیان کردەوە بەردەوامبونی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاستی ھەماھەنگی و ھاوکارییەکان خێراترو بەھێزتر دەکات."