دەزگای ئاسایشی هەرێم: سێ تیرۆریستی داعش دەستگیركران
  2023-08-14       383       

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەكانی دەزگاكەیان توانیویانە لە دو ئۆپەراسیۆنی جیادا، سێ تیرۆریستی داعش دەستگیربكەن كە یەكێكیان كاری "بردن و گواستنەوەو دابەشکردنی ماڵ و سامانی کوردانی ئێزیدی بوە لە ناوچەی شەنگال."

ئاوێنە: دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، (سێ) تیرۆریستی داعشیان دەستگیرکرد."

ئەوەشی خستۆتەڕو"هێزەکانی ئاسایش لەدوای بەدەستگەیشتنی زانیاری هەواڵگری لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی حکومەتی فیدراڵ، لەسەر بونی سێ داواکراو بە ماددەی 4ی تیرۆر، بەمەبەستی دەستگیرکردنی داواکراوان هێزەکانی ئاسایش بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، توانیان لە دو ئۆپراسیۆنی جیادا تیرۆریستان دەستگیربکەن."

بەپێی راگەیەندراوەكە، ئۆپراسیۆنی یەکەم لە ڕۆژی 2/8/2023دا بوە كە تێیدا هەردو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، توانیوانە "هەردو تیرۆریستی داواکراو (م. ع. ع.)و (م. ج. م.)" دەستگیربكەن.

ئاماژەی بەوەشداوە كە ۆپراسیۆنی دوەم لە ڕۆژی 13/8/2023 بەڕێوەچوەو تێیدا بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، تیرۆریستی داواکراو (س. ح. ع.)یان دەستگیرکردوە كە "لە ڕیزەکانی داعشدا کاری بردن و گواستنەوە و دابەشکردنی ماڵ و سامانی کوردانی ئێزیدی بوە لە ناوچەی شەنگال."

دەزگای ئاسایشی هەرێم جەختی كردۆتەوە "لەئێستادا هەر سێ تیرۆریستی داواکراو، ڕادەستی یاسا کراون."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×