قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە، سەردانی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی كردو داوای لە شارەوانی سلێمانی و کۆمپانیای جێبەجێکار کرد هەمو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ تا پڕۆژەکە لە ماوەیەکی کورتدا تەواو بکرێت.
ئاوێنە: دوای ئەوەی دوێنێ دوشەممە، پرۆسەی قیرتاوکردنی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دەستی پێکرد، بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ سێشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی پڕۆژەکەی کرد و "لە نزیکەوە لە چۆنییەتی بەرەوپێشچونی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی کۆڵییەوە."
بەپێی راگەیەندراوەكە، جێگری سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار و ئەندازیاران و کرێکارانی پڕۆژەکە کرد کە "لە ماوەی رابردو سەرباری کێشە و کەموکوڕییەکان بەردەوام بون لە کارەکانیان."
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و هەمو هەوڵێک دەدەن کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەن و داواشی لە شارەوانی سلێمانی و کۆمپانیای جێبەجێکار کرد هەمو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ تا پڕۆژەکە لە ماوەیەکی کورتدا تەواو بکرێت."
شەقامی 100 مەتریی سلێمانی 34 کیلۆمەترە و تا ئێستا لەسەدا 95ی کارەکانی پڕۆسەی بڕین و پڕکردنەوەی تەواو بوە و بە گشتیش لەسەدا 55ی کۆی پڕۆژەکە تەواو بوە.