سەرۆک کۆماری عێراق داوا لە سەرۆكی پەرلەمان دەكات دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابونی ھەڵەبجە بخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە.
ئاوێنە: د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی كردوە، وتویەتی، ھەڵەبجە یەکێکە لە رەمزەکانی بەرەنگاربونەوەی ستەمکاری رژێمی پێشو، بۆیە وەک رێزێک لە قوربانییەکانی و پابەندبون بە ڕێکارە یاساییەکان، وەزارەتی پلاندانان نەخشەی گۆڕینی ھەڵەبجەی لە قەزاوە بۆ پارێزگا پەسەندکردوە.
ئەوەشی خستووەتەرو، لەئێستاشدا بە بەشداری ئەندامانی پەرلەمان و لە چوارچێوەی راگەیاندنی بەپارێزگابونی، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە کراوە، بۆیە ئومێدەوارە سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان و خوێندنەوەی سێیەم و دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە بخەنە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە.
سەرۆک کۆمار وتوشیەتی، مێژوی وڵات و پارێزگای ھەڵەبجە یادی ھەمو ئەو کەسانە بەرز رادەگرێت کە ھاوکاربون لە سەرکەوتنی ئەو پرۆژە نیشتیمانییە گەورەیە.