ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ وەفدێكی كونسوڵخانەی ئەمریكا رایگەیاند، هەرێمی كوردستان هەمو پابەندییەكانی خۆی لە یاسای بودجە جێبەجێكردوە بۆ ئەوەی بەغدا هیچ بیانویەکی نەبێت بۆ نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری لەدیوانی وەزارەت پێشوازی کرد لە وەفدێکی کونسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێر، کە پێکهاتبون لە زەهرا بێل، جێگری کونسوڵی گشتی و ئەلێکساندەر بێلا سەرۆکی یەکەی ئابووری کونسوڵخانە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە دیدارێکدا وەزیری دارایی تیشکی خستە دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی عێراق و ڕایگەیاند"لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەهەماهەنگی بەردەوامدان و لەماوەی ڕابردودا هەرێمی کوردستان هەمو ئەو داواکاریانەی جێبەجێکردون کە لەیاساکەدا هاتون، تیمە هونەرییەکانی هەردولا بەبەردەوامی لەسەر خەتن بۆ هەماهەنگی و ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو تا هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجە نەمێنێت و بەغدا هیچ بیانویەکی نەبێت بۆ نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لای خۆشیەوە زەهرا بێل، جێگری کونسوڵی گشتی ئەمریکا لەهەولێر پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ دەستەبەرکردنی مافە یاسایی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان دوپات کردەوەو هیوای خواست حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی پابەند بن بەجێبەجێکردنی یاسای بودجەو ئەرکەکانیان بەرامبەر یەکتر جێبەجێ بکەن.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا وەزیری دارایی جەختی کردەوە کە ماوەی دو ساڵە هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوام لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیەو وردبینی لە سەرجەم ئەو داتاو ڕاپۆرتانە کراوە کە هەرێمی کوردستان دەربارەی دۆسیەی نەوت و خەرجی و داهاتە نانەوتیەکان پێشکەشی حکومەتی ناوەندی کردوە.