مەسرور بارزانی: پارتی حزبی لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییە گەورەكان‌و بەهێزڕاگرتنی ئیرادەی كوردستانییانە
  2023-08-16       336       

مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی لەیادی 16ی ئاب ساڵیادى دامه‌زراندنى حزبه‌كه‌یدا، له‌پەیامێکدا دەڵێت، "پارتی حزبی لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییە گەورەكان‌و بەهێزڕاگرتنی ئیرادەی كوردستانییانە"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "پارتی هەرگیز حزبی ناوچەیەک‌و دەڤەرێکی دیاریكراوی کوردستان نەبوە بەتەنها، بەڵکو لەساتی دامەزراندنییەوە، هەموو سنورێکی ناوچەیی تێپەڕاندوەو بۆتە بزوتنەوەیەکی جەماوەریی کوردستانی‌و داکۆکیکاری بەهێزی دەستکەوتە نیشتمانییەکان‌و بەهاکانی ئازادی‌و دیموکراسیی‌و پارێزەری بەیەكەوەژیانی کوردستانە".

وەک مەسرور بارزانی دەڵێت، "پارتی تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە لە پێشەنگایەتی و پێشڕەوایەتیکردنی خەڵکی کوردستان لەپێناو پاراستنی قەوارەی نیشتمانی و دەستووریی هەرێمی کوردستان و پێشخستن و گەشەپێدانی کاروانی ئاوەدانی و بووژاندنەوەی کوردستان."

ده‌قى په‌یامه‌كه‌ى بارزانى:

لە (77)مین ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرکردە و ڕێبەری نیشتمانیمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک و گشت ئەندام و لایەنگران و دۆستانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکانی کوردستان و سەرجەم کوردستانییانی نیشتمانپەروەر دەکەم.

شازدەی ئاب، تەنیا دامەزراندنی پارتێکی دێرین و پێشەنگی کوردستان نییە بە ڕابەرایەتیی باوکی ڕوحیی نەتەوەییمان مستەفا بارزانیی نەمر، بەڵکوو لە هەمانکاتدا یادکردنەوەی قوتابخانەیەکی مەزن و پڕشکۆی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری و خۆنەچەماندن و بەرگریکردنە لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بە گشت پێکهاتە جیاوازەکانییەوە كە تا ئێستاش بەردەوامە لە خەبات و قوربانیدان و تێکۆشان و هەمیشە لە سەنگەری هەرە پێشەوەی بەرگریكردنە لە قەوارە و خاك و مافەکانی گەلی كوردستان.

پارتی، حزبی دایک و شۆڕشە مەزنەکان و دەستکەوتە گەورەکانە، خاوەنی دیرۆکێکی پڕ لە شانازی و سەروەری و سەرۆکێکی پێشمەرگەیە، کە ژیان و تەمەنی خۆی بۆ بەرگریکردن لە کەرامەت و سەرفرازیی گەل و نیشتمان و شکۆی کوردستان تەرخان کردووە.  

پارتی هەرگیز حزبی ناوچەیەک و دەڤەرێکی دیاریكراوی کوردستان نەبووە بە تەنیا، بەڵکوو لە ساتی دامەزراندنییەوە، هەموو سنوورێکی ناوچەیی تێپەڕاندووە و بووەتە بزووتنەوەیەکی جەماوەریی کوردستانی و داکۆکیکاری بەهێزی دەستکەوتە نیشتمانییەکان و بەهاکانی ئازادی و دیموکراسیی و پارێزەری بەیەكەوەژیانی کوردستانە.

 

پارتی، حزبی لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییە گەورەكان و بەهێز ڕاگرتنی ئیرادەی كوردستانییانە و تا ئەمڕۆ بەردەوامە لە پێشەنگایەتی و پێشڕەوایەتیکردنی خەڵکی کوردستان لەپێناو پاراستنی قەوارەی نیشتمانی و دەستووریی هەرێمی کوردستان و پێشخستن و گەشەپێدانی کاروانی ئاوەدانی و بووژاندنەوەی کوردستان.
 
لەم یادە شکۆدارەدا، بە ڕێز و پێزانین و وەفادارییەوە، یادی دامەزرێنەری پارتی و ڕێبەری مێژوویی و باوکی ڕوحیی نەتەوەییمان مستەفا بارزانی و سەرکردەی شەهید ئیدریس بارزانی و گشت شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان دەکەینەوە.
 
شازدەی ئاب لە هەموو کوردستانییان پیرۆز بێت.
 مەسرور بارزانی
 جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
2023/8/16

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×