ئاژانسی بغداد الیوم: دو موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەكرێت
  2023-08-16       783       

ئاژانسێكی عێراقی لەسەر زاری سەرچاوەیەكی وەزارەتی داراییەوە بڵاویكردەوە، هەفتەی داهاتو حكومەتی فیدڕاڵی موچەی مانگەكانی (تەمموز/7 و ئاب/8)ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات.

ئاوێنە: ئاژانسی (بغداد الیوم) لەسەر زاری سەرچاوەیەكی وەزارەتی داراییەوە بڵاویكردەوە، "بە پشت بەستن بەداتاكان و پەیوەندی نێوان بەرپرسانی هەرێم و بەغدا، حكومەتی فیدڕاڵی موچەی مانگەكانی (تەمموز/7 و ئاب/8)ی فەرمانبەرانی هەرێم لە ماوەی هەفتەی داهاتودا دەنێرێت".

ئاماژەی بەوەشكردوە، "حكومەتی فیدراڵی ڕاستەوخۆ، بەبێ هیچ دواكەوتنێك، بە سەرپەرشتی لیژنەیەك یان كەسێكی باوەڕپێكراو لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە موچە بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەكات و ئەمەش بۆ یەكەمجارە لەدوای ساڵی 1990ەوە ڕودەدات".

رۆژی 2ی ئەم مانگە، حكومەتی فیدڕاڵی بڕی 598 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان نارد، بەمەبەستی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی (حوزەیران/6)ی 2023.

دۆسیەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە یەكێك لە دیارترین كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دادەنرێت، سەرەڕای واژۆكردنی زنجیرەیەك ڕێككەوتنی نێوان هەردولا كە دیارترینیان ڕێككەوتننامەی نەوتییە كە مەرجی هەناردەكردنی نەوتی كوردستانی تێدایە لە ڕێگەی بەغداوە، دانوستان و دیالۆگەكانیش لەوبارەیەوە بەردەوامن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×