بەبێ ئەنجام گەڕانەوە هەولێر
  2023-08-31       2521       

ئا: ئاوێنە

 

رۆژی پێنجشەممە ٣١ی ئاب، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ ئەنجام لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، گەڕانەوە هەولێر.

 

بەپێی زانیارییەكان، ئەو شاندەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە بەغدا بو ئێوارەی پێنجشەممە، بەبێ گەیشتنە ئەنجام لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەبارەی موچەو بودجە گەڕاونەتەوە هەولێر.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان ناكۆكییەكانی هەردو حكومەتی هەرێم و عێراق لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە، وەك خۆیان ماونەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان شاندی هەرێم داوایان لە بەرپرسانی عێراق کردوە پارەی موچەی مانگ حەوت و هەشتی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێن بەڵام بەرپرسانی حکومەتی عێراق رەتیانکردۆتەوە بەبێ وردبینی داهاتەکانی مانگەکانی رابردو پارە رەوانە بكەن.

نیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە، شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ، وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم بەرەو بەغدا بەڕێكەوت.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا وتبوی، ئامانجی سەردانەكە بۆ "بەدواداچونە بۆ موچەی مانگی تەمموز و ئابی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانی کۆی شایستە داراییەکانی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق."

ئەوەش لەكاتێكدا كە لەگەڵ ئەوەی سبەینێ پێ دەنێینە مانگی ئەیلولەوە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا موچەی مانگی حەوتی موچەخۆرانی دابەش نەكردوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بیانوی راگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێم، دەڵێت، پارەیان نییە بۆ دابەشكردنی موچە.

رۆژی سێشەممە 29ی ئەم مانگە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی رەسمی حكومەتی هەرێم لە لێدوانێكدا رایگەیاند، هەرێمی كوردستان پارەی نییە بۆ دابەشكردنی موچە، چونكە هەناردەی نەوت راگیراوە، ئێمە بەگشتی پشت بەو پارەیە دەبەستین كە دەبێت بەغدا رەوانەی بكات، چونكە ئەوە مافێكی هاوڵاتیانی كوردستانە وەك سەرجەم موچەخۆران لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×