ئاسایشی گشتی هەولێر رایگەیاند، لە سێ چالاكی جیادا پێنج كەس بەتۆمەتی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكانەوە لە هەولێرو دهۆك دەستگیركراون و دەستیش بەسەر بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەر و پێنج ئامێری قوماركردندا گیراوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان سەربە ئاسایشی گشتی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەسێ چالاکی جیادا، لەشاری هەولێرو دهۆک، لە بەروارەکانی 27 و28و 29ی 8ی 2023، توانرا دەست بیگرێت بەسەر بڕی 101 کیلۆگرام حەبی هۆشبەر لەجۆری کەپتاگۆن و بڕی 5.5 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆی کریستاڵ و بڕی 600 گرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری هیرۆیین و 380 گرام تلیاک لەگەڵ پێنج ئامێری قومارکردندا.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لەم سێ چالاکییەدا توانرا پێنج کەس دەستگیربکرین کە بەکاری بازرگانی بەم ماددانەوە گلاون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.