نێچیرڤان بارزانی: كێشەی موچە دەبێت بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت
  2025-06-05       253       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم لە پەیامێكدا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، رایگەیاند، كێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەبێت بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت و كوردستانییان دڵنیا دەكەینەوە كە بەردەوام دەبین لە داكۆكیكردن لە مافەكانیان.

ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم لە پەیامەكەیدا وتویەتی"لەم بۆنه‌ پيرۆزه‌دا..بانگەواز نوێ دەکەینەوە بۆ بەهێزکردنی گيانى لێكگەیشتن و هاوکاری و کارکردنی هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی كێشه‌ و ئاڵنگارييه‌كان و چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری و دڵنیابون لە ژیانێکی شایستە بۆ هەمو هاوڵاتیيان."

ئاماژەی بەوەشداوە "كێشه‌ى موچه‌خۆرانی هەرێمی کوردستان، ده‌بێ به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن، له‌سه‌ر بنه‌ماى دەستور و یاسا و ڕێكکەوتنەکان چاره‌سه‌ر بكرێت كه‌ خزمەت بە بەرژەوەنديی گشتيى وڵات بکات."

جەختیشی كردۆتەوە "كوردستانييان دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لە مافەکانیان و هەمو ڕێگەچارەیەکی دەستوری دەگرینە بەر."

هەروەها وتوشیەتی"هیوادارین ئەم بۆنە پیرۆزە، ببێتە هاندەرێکی نوێ بۆ باڵادەستکردنی زمانی لۆژيك و بەرپرسیاريه‌تيی هاوبه‌ش، بە شێوەیەک دڵنیايى لە داهاتویەکی باشتر بۆ هەمو پێكهاته‌كانى عێراق بدات."

دەقی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێم:

به‌ بۆنه‌ى هاتنه‌وه‌ى جەژنی قوربانه‌وه‌، جوانترين و گه‌رمترين پيرۆزبايى پێشکەش بەهەمو موسڵمانان له‌ هه‌رێمى كوردستان، عێراق و جيهان ده‌كه‌م. له‌ خواى مه‌زن داواكارم جه‌ژن به خێر و خۆشى بگه‌ڕێته‌وه‌ و ئارامى، ئاسوده‌يى و كامه‌رانى بۆ هه‌موان له‌گه‌ڵ خۆيدا بهێنێت.

لەم بۆنه‌ پيرۆزه‌دا، داكۆكى له‌ واتا و ماناکانی جه‌ژن له‌ قوربانیدان و بەزەیی و ئاشتبونه‌وه‌ ده‌كه‌ين‌. بانگەواز نوێ دەکەینەوە بۆ بەهێزکردنی گيانى لێكگەیشتن و هاوکاری و کارکردنی هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی كێشه‌ و ئاڵنگارييه‌كان و چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری و دڵنیابون لە ژیانێکی شایستە بۆ هەمو هاوڵاتیيان.

كێشه‌ى موچه‌خۆرانی هەرێمی کوردستان، ده‌بێ به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن، له‌سه‌ر بنه‌ماى دەستور و یاسا و ڕێكکەوتنەکان چاره‌سه‌ر بكرێت كه‌ خزمەت بە بەرژەوەنديی گشتيى وڵات بکات. كوردستانييان دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لە مافەکانیان و هەمو ڕێگەچارەیەکی دەستوری دەگرینە بەر.

هیوادارین ئەم بۆنە پیرۆزە، ببێتە هاندەرێکی نوێ بۆ باڵادەستکردنی زمانی لۆژيك و بەرپرسیاريه‌تيی هاوبه‌ش، بە شێوەیەک دڵنیايى لە داهاتویەکی باشتر بۆ هەمو پێكهاته‌كانى عێراق بدات.

جه‌ژنى قوربان له‌ هه‌موان پيرۆز بێت، هه‌مو ساڵێك به‌ خۆشى.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2025/6/5

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×