"کۆمەڵەو دیموکرات هێزەکانیان لەسنوری ئێران کشاندۆتەوە"
  2023-09-11     

ئا: ئاوێنە

 

لەگەڵ نزیكبونەوەی ئەو وادەیەی كە ئێران بۆ چەكداماڵینی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان، دایناوە، حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێن، گوشارەکانی سەرمان زیادیان کردوەو ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی سەرکردەکانمان دروست دەکرێت. دەنگی ئەمریكا دەڵێت: کۆمەڵەو حزبی دیموکرات هێزەکانیان لە ناوچە سنورییەکانی ئێران کشاندۆتەوە.

 

ئەمجەد پەناهی، ئەندامی کۆمیسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ئەمڕۆ دوشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گوشارەکانی سەرمان تەواو زیادیان کردوە، ئۆردوگاکانمان لە سلێمانی لە ژێر فشاردان و ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی سەرکردەکانمان دروست دەکرێت، دۆخەکە بەرەو ئاقارێک دەڕوات بێدەنگمان بکەن."

بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەک بۆ دەنگی ئەمەریکا، کۆمەڵەو حزبی دیموکرات هێزەکانیان لە ژێر فشاری حکومەتی هەرێم دا لە ناوچە سنورییەکانی ئێران کشاندۆتەوە بۆ ناوچەی بالیسان.

لەوبارەیەوە، ئەمجەد پەناهی وتویەتی"حکومەتی هەرێم ئاگاداری کردینەوە لە ناوچە سنورییەکان بکشێینەوە، هێزەکان چۆن و بۆ کوێ ببەین، هێشتا دیار نییە."

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، 19ی ئەیلول دوا وادەیە بۆ لە چەک داماڵینی حزبە کوردییەکان کە بنکەو بارەگایان لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندایە.

خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێران دەیەوێت چەک بکرێین و 100 کیلۆمەتر لە سنورەکانی دوربخرێینەوە، بخرێینە کەمپ لە ژێر دەسەڵاتی عێراق و لە ژێر چاودێری یوئێن دا."

ئەو وتیشی،"19 ی ئەیلول ئەو وادەیەی ئێران دایناوە، وادەیەکی زۆر نزیکەو بیانوە، ئێمە ناچینە ژێر باری گوشارەکانی ئێرانەوەو هیچ حزبێکی کوردی پابەند نابێت."

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە عێراق، دڵنیایی دا كە "هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندى ڕێككه‌وتنى ئه‌منيى نێوان عێراق و ئێرانه‌و هه‌رگيز ڕێگه‌ ناده‌ن هيچ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى ئه‌منى له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ سه‌ر كۆمارى ئيسلاميى ئێران دروست ببێت."

سەردانی باڵیۆزی ئێران بۆ هەولێر لەکاتێکدایە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بە یاوەری وەفدێکی حزبەکەی لە تارانە.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێران 24 کاتژمێر وەفدی لە هەرێمەو سەرجەم سەردانەکانیش گرێدراون بە دۆسیەی حزبە کوردییەکانەوە. هەڕەشەکانی ئێران جدین، بەڵام لە قۆناغی یەکەم و دوەمدا لەشکرکێشی ڕونادات، ڕەنگە بنکەو بارەگاکانیان موشەک باران بکات."

هەروەها وتیشی،"جگە لە بافڵ تاڵەبانی، وەفدێکی پارتیش ماوەیەک لەمەوبەر بە نهێنی ڕۆیشتوونەتە ئێران، سەردانەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی حزبە کوردییەکانە."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، پێشمەرگەکانی حزبە کوردییەکانی ئێران بنکەو بارەگاکانیان بەجێهێشتوەو ڕۆیشتونەتە نێو شارەکان، وەکو ئامادەکارییەک بۆ هێرشی ئێران.

خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان، ڕەتیکردەوە حزبەکەی بنکەو بارەگاکانیان چۆڵکردبێت و ڕایگەیاند،"گەر کۆمەڵەو دیموکرات لەهەندێک جێگە نەمابن، ئەوە خۆپارێزییەو هەنگاوێکی باشە."

بەپێی وتەی خەلیل نادری، پێشتر لەلایەن هاوپەیمانانەوە ئاگادارکراونەتەوە ڕێگە بە هێرشی زەمینی ئێران نادرێت بۆ سەریان، وتی،"ڕەنگە هاوپەیمانان چاو لە هێرشی موشەکی و درۆن بپۆشن، بەڵام لەشکرکێشی قەبوڵ ناکەن."

ئێران داوای ڕادەستکردنی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبە کوردییەکانی ئێران دەکات، بەشێک لەو سەرکردانە لە هەرێمی کوردستانن و بەشێکی تریشیان لەدەرەوەی هەرێمن. ئەو بەرپرسانە بریتین لە،"مستەفا هجری، ڕەزا کەعبی، عومەر ئیلخانیزادە، نەوید میهراوەر، کاوە بەهرامی، محەمەد ساحیبی، حسێن یەزدان پەنا، ئەمجەد پەناهی، کاکو عەلیار، عەبدوڵا ئازەربار و چەند کەسێکی تر."

ئەمجەد پەناهی، وتی"ئێمە ئەمنییەتی خۆمان و سەرکردەکانمان توندوتۆڵکردوە."

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×