مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر فڕۆكەخانەی عەربەت رایگەیاند، چیتر نابێت حكومەتی عێراق لە ئاست ئەم پەلاماردانە ترسنۆک و دوژمنکاریانەی داگیرکەراندا بێدەنگی هەڵبژێرێت. دەشڵێت: هێرشەكە بۆ جێبەجێكردنی ئەو پلانەیە كە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەگشتی و سنوری سلێمانی بەتایبەتی داڕێژراوە.
ئاوێنە: مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمشەو دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"هێرشی دوژمنکارانەی سەر فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت، هێرشە بۆ سەر تێکرای هەرێمی کوردستان و بەشێک لە سنوری کۆماری عیراقی فیدراڵ."
ئاماژەی بەوەشداوە"کردەوە پرٍ لە تاوان و دوژمنکاریەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت سنوربەزاندنێکی لە ڕادەبەدەری هەرێمی کوردستانەو جێبەجێکردنی ئەو پیلانە دژبە مرۆڤایەتیەیە کە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەگشتی و سنوری سلێمانی بەتایبەتی داڕێژراوە."
مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتوشیەتی"ئێمە وێڕای ئیدانەی توندی ئەو تاوانە تەئکید لە پێویستیی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە بۆ بەرەنگاری مەترسییەکانی سەر هەرێمەکەمان."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە"پەلاماردانی هەر یەکەیەکی هێزەکانی هەرێمی کوردستان کە لە پێکهاتەی هێزە چەکدارەکانی عیراق و لە دەستوری هەمیشەییدا بەڕەسمی ناسێندرابێتن مانای پەلاماردانە بۆ سەر مەنزومەی ئەمنی و سەربازی عیراقیش، بۆیە جارێکی تر داواو تەئکید لە حکومەتی فیدرالی عیراق دەکەینەوە کە چیتر نابێت لە ئاست ئەم پەلاماردانە ترسنۆک و دوژمنکاریانەی داگیرکەراندا بێدەنگی هەڵبژێرن و دوژمنان بە وڵاتەکەمان خۆش بکەن."
هەروەها داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردوە بۆ بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسیی و دیبلۆماسیانەو سەرکۆنەکردنی ئەم پەلامارانە "هاودەنگمان بن لە گەیاندنی پەیامی ریسواکردنی ئەم جۆرەتاوانانەو بکەرەکانیان کە بونەتە هەرەشەو مەترسی بۆ سەر تێکڕای مرۆڤایەتی."
دەقی راگەیەنراوەکە:
هێرشی دوژمنکارانەی سەر فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت، هێرشە بۆ سەر تێکرای هەرێمی کوردستان و بەشێک لە سنوری کۆماری عیراقی فیدراڵ.
کردەوە پرٍ لە تاوان و دوژمنکاریەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت سنوربەزاندنێکی لە ڕادەبەدەری هەرێمی کوردستانەو جێبەجێکردنی ئەو پیلانە دژبە مرۆڤایەتیەیە کە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەگشتی و سنوری سلێمانی بەتایبەتی داڕێژراوە.
ئێمە وێڕای ئیدانەی توندی ئەو تاوانە تەئکید لە پێویستیی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە بۆ بەرەنگاری مەترسییەکانی سەر هەرێمەکەمان.
ئەم جۆرە پەلاماردانە دوژمنکاریانەی سەر هەر بستێکی هەرێمی کوردستان بە پەلاماردان بۆ سەر بەشێکی جوگرافیای عیراقیش دەزانین، پەلاماردانی هەر یەکەیەکی هێزەکانی هەرێمی کوردستان کە لە پێکهاتەی هێزە چەکدارەکانی عیراق و لە دەستوری هەمیشەییدا بەڕەسمی ناسێندرابێتن مانای پەلاماردانە بۆ سەر مەنزومەی ئەمنی و سەربازی عیراقیش، بۆیە جارێکی تر داواو تەئکید لە حکومەتی فیدرالی عیراق دەکەینەوە کە چیتر نابێت لە ئاست ئەم پەلاماردانە ترسنۆک و دوژمنکاریانەی داگیرکەراندا بێدەنگی هەڵبژێرن و دوژمنان بە وڵاتەکەمان خۆش بکەن.
بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسیی و دیبلۆماسیانەو سەرکۆنەکردنی ئەم پەلامارانە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندە ئازادیخوازەکانی دونیا دەکەین کە هاودەنگمان بن لە گەیاندنی پەیامی ریسواکردنی ئەم جۆرەتاوانانەو بکەرەکانیان کە بونەتە هەرەشەو مەترسی بۆ سەر تێکڕای مرۆڤایەتی .
هەر لێرەوە پرسەو ماتەمینی خۆمان ئاراستەی خانەوادەو کەسوکاری شەهیدەکان دەکەین کە لەپێناوی بەرگری و پاراستنی ئارامی و ئۆقرەیی هەرێمەکەماندا گیانیان بەخشی، هیوای هەرچی زو چاکبونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ریسوایی بۆ پەلاماردەرانی وڵاتەکەمان
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان