ویكیلیكس: هیچ كام له‌به‌رهه‌م ساڵح‌و كۆسره‌ت ره‌سوڵ ناتوانن شوێنی‌ تاڵه‌بانی‌ بگرنه‌وه‌
  2019-01-18       3469       

 ئا: هاوكار حسێن

 

به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ ویكیلیكس ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هیچ كام له‌به‌رهه‌م ساڵح‌و كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌توانایاندا نییه‌ به‌ڕاستی‌ شوێنی‌ تاڵه‌بانی‌ بگرنه‌وه‌‌و ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ش هه‌ر له‌ئارادا ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی‌ دوای‌ مردنی‌ تاڵه‌بانی‌ پارچه‌پارچه‌ ببێت.

ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ كه‌ مێژوه‌كه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 2008‌و له‌لایه‌ن دیپلۆماته‌ ئه‌مریكیه‌كانه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌، ده‌ریده‌خات ئه‌وه‌نده‌ی‌ پارتی‌ نیگه‌رانی‌ قۆناغی‌ دوای‌ تاڵه‌بانیه‌، هێنده‌ یه‌كێتیه‌كان خۆیان به‌وشێوه‌یه‌ نین، له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ نوسیویه‌تی‌، "له‌م دواییانه‌دا نێچیرڤان بارزانی‌ پێیوتین كه‌ پلانی‌ پارتی‌ بۆ مه‌سه‌له‌ی‌ جێگرتنه‌وه‌ له‌ناو یه‌كێتیدا ئه‌وه‌ بوه‌، كه‌ تاڵه‌بانی‌ رازیبكه‌ن باشتر ئاگای‌ له‌خۆی‌ بێت. له‌لایه‌ن خۆیشیه‌وه‌ مه‌سعود بارزانی‌ نیگه‌رانی‌ زۆری‌ ده‌ربڕیوه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ به‌بێ‌ مام جه‌لال هیچ كه‌سێك نییه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردو لایه‌نی‌ مالیكی‌‌و ئێرانیه‌كاندا بكات".

له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا هاتوه‌، "ئه‌م مانۆڕه‌ ناوخۆییانه‌ی‌ یه‌كێتی‌  نیشانه‌ی‌ توندبونه‌وه‌ی‌ كێشه‌كانه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ جێگرتنه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌. هیچ شوێنگره‌وه‌یه‌ك بۆ تاڵه‌بانی‌ نییه‌‌و له‌حاڵه‌تی‌ مردنیدا یه‌كێتی‌ پارچه‌پارچه‌ ده‌بێت. هاوكات یه‌كێتیه‌كی‌ لاوازو پارچه‌پارچه‌ ره‌نگه‌ له‌ئاستی‌ ناوخۆداو له‌مه‌ودای‌ كورتدا كۆمه‌ك به‌پارتی‌ بكات، به‌ڵام ده‌ره‌نجامه‌كان له‌مه‌ودای‌ دوردا بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عێراق ناسه‌قامگیریی‌ ده‌بێت". 

له‌باره‌ی‌ دیاریكردنی‌ جێگرانی‌ سكرتێری‌ گشتیی‌‌و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان له‌لایه‌ن خودی‌ تاڵه‌بانییه‌وه‌، ئه‌مریكیه‌كان نوسیویانه‌، "چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی‌ ناو یه‌كێتی‌ پێیانوتوین كه‌ تاڵه‌بانی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ چاكسازیی‌‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ناوخۆی‌ یه‌كێتی‌ فه‌رامۆشكردوه‌، به‌تایبه‌ت له‌و كاتانه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ عێراق بوه‌".

هاوكات به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ تیشكده‌خاته‌ سه‌ر ورده‌كاری‌ كێشه‌ ناوخۆیه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و ململانێی‌ نێوان كوتله‌كان‌و نیگه‌رانی‌ سه‌رانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن خۆیشیه‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵح وتویه‌تی‌، "یه‌كێتی‌ له‌نێوان به‌غداو سلێمانیدا دابه‌شبوه‌، تێڕوانینێكی‌ فراوان هه‌یه‌ له‌ناو كورده‌كاندا به‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ زیاتر له‌خه‌می‌ سیاسه‌تی‌ نیشتمانیدایه‌‌و پێویستیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ فه‌رامۆشكردوه‌. رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ به‌رپرسه‌ كورده‌كان له‌به‌غدا زیاتر عێراقین له‌وه‌ی‌ كورد بن".


ده‌قی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌:

ئای‌ دی‌: 08BAGHDAD3836
بابه‌ت: تاڵه‌بانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ وه‌ك یه‌ك ده‌داته‌ جێگره‌كانی‌ 
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌به‌غدا
پۆلێن: نهێنی‌
به‌روار: 8ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2008


پوخته‌:

سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان ئه‌و هه‌واڵانه‌یان ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن جه‌لال تاڵه‌بانی‌ له‌ده‌سه‌ڵات لادرابێت. له‌دوایین كۆبونه‌وه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتیدا، تاڵه‌بانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كسانی‌ داوه‌ته‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌و به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباره‌كانی‌ یه‌كێتی‌. به‌هۆی‌ سه‌رقاڵبونی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌به‌غدا، ململانێ ناوخۆییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات توندتربۆته‌وه‌و داواكارییه‌كان بۆ چاكسازیی‌ بێ وه‌ڵام ماونه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی‌ گرنگه‌ له‌و روه‌وه‌ كه‌ به‌رهه‌م ساڵح‌و كۆسره‌ت ره‌سوڵ وه‌ك كاندیدانی‌ سه‌ره‌كی‌ بۆ پۆستی‌ سكرتێریی‌ دیاریبكرێن له‌چوارچێوه‌ی‌ سیناریۆی‌ دوای‌ تاڵه‌بانیدا، هاوكات ده‌ربڕی‌ ئه‌وه‌شه‌ كه‌ به‌رهه‌م ساڵح ده‌شێت ببێته‌ جێگره‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ وه‌ك سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق. به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌ لاوازیی‌ ته‌ندروستی‌ تاڵه‌بانی‌، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ جدییه‌تی‌ كێشه‌كانی‌ ناوخۆی‌ یه‌كێتی‌ ده‌رده‌خه‌ن له‌مه‌سه‌له‌ی‌ جێگرتنه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانیدا. سه‌ره‌ڕای‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ركابه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كان، به‌ڵام هیچ كام له‌به‌رهه‌م ساڵح‌و كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌توانایاندا نیه‌ به‌راستی‌ شوێنی‌ تاڵه‌بانی‌ بگرنه‌وه‌‌و ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ش هه‌ر له‌ئارادا ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی‌ دوای‌ مردنی‌ تاڵه‌بانی‌ پارچه‌پارچه‌ بێت.  


كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌:

چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی‌ ناو یه‌كێتی‌ پێیانوتوین كه‌ تاڵه‌بانی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ چاكسازیی‌‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ناوخۆی‌ یه‌كێتی‌ فه‌رامۆشكردوه‌، به‌تایبه‌ت له‌و كاتانه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ عێراق بوه‌. یه‌كێك له‌راوێژكاره‌كانی‌ تاڵه‌بانی‌ باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و چاكسازی زۆر دره‌نگ كه‌وت‌و پێویست بو تاڵه‌بانی‌ هه‌ڵوێستی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بگرێته‌به‌ر بۆ پاراستنی‌ یه‌كڕیزی‌ یه‌كێتی‌. رۆژی‌ 2ی‌ ئه‌یلولی‌ 2008، تاڵه‌بانی‌ هاته‌وه‌ بۆ سلێمانی‌ به‌مه‌به‌ستی‌ ئه‌نجامدانی‌ زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌. ئه‌م كۆبونه‌وانه‌ چه‌ندین گفتوگۆی‌ ناوخۆی‌ یه‌كێتی‌ له‌مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م‌و تشرینی‌ دوه‌مدا به‌دوادا هات كه‌ تێیدا تاڵه‌بانی‌ چوار ئه‌ندامی‌ كۆنی‌ یه‌كێتی‌ ده‌ركردو دواین كاتیشی‌ بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا، جێگری‌ ئه‌وكاتی‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ دیاریكرد تا خۆی‌ یه‌كلابكاته‌وه‌ به‌وه‌ی‌ یان واز له‌ره‌خنه‌گرتن له‌تاڵه‌بانی‌ بهێنێت یان یه‌كێتی‌ جێبهێڵێت. بۆ سارێژكردنی‌ برینه‌كه‌، تاڵه‌بانی‌ خه‌رجی‌ كۆمپانیای‌ وشه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فای‌ گرته‌ ئه‌ستۆ كه‌ دواتر مسته‌فا به‌كاریهێنا بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر تاڵه‌بانی‌ به‌ئاشكرا. نه‌وشیروان مسته‌فا داوای‌ له‌حكومه‌تی‌ ئه‌مریكا كردوه‌ پشتیوانی‌ مادیی‌ حزبه‌كه‌ی‌ بكه‌ن وه‌ك چۆن له‌رابردودا یارمه‌تی‌ پارته‌ كوردییه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ داوه‌. 
ململانێكانی‌ ناوخۆی‌ یه‌كێتی‌ خزمه‌كانیشی‌ گرتوه‌ته‌وه‌. رۆژی‌ 14ی‌ تشرینی‌ دوه‌می‌ 2008، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، هه‌ڵۆی‌ برای‌ برد بۆ به‌غدا وه‌ك ناوبژیوانێك له‌نێوان هه‌ڵۆو تاڵه‌بانیدا. زۆر له‌مێژه‌ تاڵه‌بانی‌‌و هه‌ڵۆ ناكۆكییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر رۆڵی‌ هه‌ڵۆ له‌ناو یه‌كێتیدا. هه‌ڵۆ چیتر له‌ناو یه‌كێتیدا نه‌ماوه‌‌و له‌كۆبونه‌وه‌كانی‌ سه‌ركردایه‌تیشدا ئاماده‌نه‌بوه‌. هاوكات ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ هه‌بوه‌ كه‌ قوباد تاڵه‌بانی‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ماوه‌ی‌ 20 ساڵه‌ له‌ئه‌مریكایه‌. وێڕای‌ نزیكی‌ له‌هه‌ریه‌ك له‌دایك‌و باوكی‌‌و توانا باشه‌كه‌ی‌، به‌ڵام وا سه‌یرده‌كرێت كه‌ زۆر دوربێت له‌سیاسه‌تی‌ ناوخۆیی‌ حزبه‌كه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ئێستادا بچێته‌ ململانێی‌ وه‌رگرتنی‌ رۆڵی‌ رابه‌رایه‌تی‌ له‌حزبه‌كه‌یدا. 


به‌غدا به‌رامبه‌ر سلێمانی‌:
له‌رۆژی‌ 7ی‌ تشرینی‌ دوه‌م، به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ یه‌كێتی‌ له‌نێوان به‌غداو سلێمانیدا دابه‌شبوه‌. وتیشی‌، تێڕوانینێكی‌ فراوان هه‌یه‌ له‌ناو كورده‌كاندا به‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ زیاتر له‌خه‌می‌ سیاسه‌تی‌ نیشتمانیدایه‌‌و پێویستیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ فه‌رامۆشكردوه‌. رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ به‌رپرسه‌ كورده‌كان له‌به‌غدا زیاتر عێراقین له‌وه‌ی‌ كورد بن. ته‌نانه‌ت له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تیدا، به‌رپرسه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ له‌به‌غدا له‌نزیك تاڵه‌بانیه‌وه‌ دانیشتبون‌و هه‌مو ئه‌وانی‌ دیكه‌ به‌ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیشه‌وه‌ له‌سه‌ر كورسیه‌ دوره‌كان دانیشتبون. له‌سه‌ر نانخواردنی‌ نیوه‌ڕۆش دیسانه‌وه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ دانیشتبون به‌جۆرێك ئه‌ندامه‌كانی‌ سلێمانی‌ یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر مێزی‌ دوه‌م دانیشتبون، ته‌نها كۆسره‌ت ره‌سوڵ نه‌بێت كه‌ نێوانی‌ هه‌ردولای‌ گرتبو. 


جێگرتنه‌وه‌

لاوازیی‌ ته‌ندروستی‌ تاڵه‌بانی‌ گه‌یشتوه‌ به‌ئاستی‌ باڵا‌و یه‌كێتی‌ پێویسته‌ به‌دوای‌ جێگره‌وه‌دا بگه‌ڕێت. ئه‌ندامانی‌ باڵای‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ سێ‌ كاندید هه‌بێت بۆ پۆستی‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتی‌، ئه‌وانیش كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی‌‌و به‌رهه‌م ساڵح‌و جێگری‌ پێشوی‌ سكرتێری‌ گشتیی‌، نه‌وشیروان مسته‌فان. رۆژی‌ 2ی‌ دیسه‌مبه‌ر، فوئاد حسێن، سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ نه‌خۆشه‌، بۆیه‌ ده‌شێت به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك سكرتێری‌ گشتیی‌ ده‌ربكه‌وێت. له‌لایه‌ن خۆیشیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ بۆچونی‌ وابوه‌ كه‌ به‌رهه‌م ساڵح په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ كۆنه‌كان باش نیه‌و سودی‌ له‌تێپه‌ڕینی‌ كات وه‌رنه‌گرتوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ وایان لێبكات قه‌ناعه‌ت به‌تواناكانی‌ بێنن. رۆژی‌ دواتر خودی‌ به‌رهه‌م ساڵح ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ جێگرتنه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ره‌زامه‌ندی‌ سه‌ركرده‌ كۆنه‌كانه‌وه‌. له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ربكه‌وێت بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ چی‌ ده‌كات، ساڵح وتی‌، پێویسته‌ كاتی‌ زیاتر به‌سه‌ربه‌رم له‌سلێمانی‌ له‌پێناو رازیكردنی‌ هه‌مو لایه‌ك. 

هه‌ر به‌ته‌نها مه‌سه‌له‌ی‌ جێگرتنه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ كاریگه‌ری‌ نابێت له‌سه‌ر پێكهاته‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ناوخۆیی‌ یه‌كێتی‌، به‌ڵكو كاریش ده‌كاته‌ سه‌ر هاوسه‌نگیه‌ لاوازه‌كه‌ی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتیش. به‌هۆی‌ بونی‌ تاڵه‌بانی‌ وه‌ك سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق‌و مه‌سعود بارزانیش وه‌ك سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، دابه‌شكاری‌ ده‌سه‌ڵات له‌كوردستان لانیكه‌م له‌ئێستادا پارێزراوه‌. چه‌ندین به‌رپرسی‌ باڵای‌ پارتی‌ كه‌ هه‌ریه‌ك له‌رۆژ نوری‌ شاوه‌یس، فوئاد حسێن‌و نێچیرڤان بارزانی‌‌و مه‌سرور بارزانین، له‌چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ی‌ جیادا ته‌ئكیدیان له‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌رهه‌م ساڵح لێهاتوترین كه‌سه‌ بۆ جێگرتنه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌. به‌بۆچونی‌ رۆژ، له‌سه‌ر ئاستی‌ سیاسه‌تی‌ نیشتمانی‌، هه‌ڵبژاردنی به‌رهه‌م ساڵح كارێكی‌ لۆجیكیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق كاتێك كورد بتوانێت دوای‌ تاڵه‌بانی‌ پارێزگاری‌ له‌پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق بكات. به‌ڵام فوئاد حسێن پێیوابوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح ببێته‌ سه‌رۆكی‌ عێراق ئه‌وا له‌روی‌ داینامیكی‌ سیاسه‌تی‌ ناوخۆی كوردستانه‌وه‌، قورساییه‌كی‌ هاوسه‌نگ نابێت بۆ مه‌سعود بارزانی‌. 


كۆمێنت:
ئه‌م مانۆڕه‌ ناوخۆییانه‌ی‌ یه‌كێتی‌  نیشانه‌ی‌ توندبونه‌وه‌ی‌ كێشه‌كانه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ جێگرتنه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌. هیچ شوێنگره‌وه‌یه‌ك بۆ تاڵه‌بانی‌ نییه‌‌و له‌حاڵه‌تی‌ مردنیدا یه‌كێتی‌ پارچه‌پارچه‌ ده‌بێت. ئه‌و رێكه‌وتنه‌ تۆكمه‌یه‌ی‌ بۆ دابه‌شكاری‌ ده‌سه‌ڵات له‌نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتیدایه‌، پێویستی‌ به‌داڕشتنه‌وه‌ هه‌یه‌‌و پێده‌چێت پارتی‌، كه‌ زیاتر حزبێكی‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌و كه‌متر دیموكراته‌، له‌هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتودا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و به‌غدایش ده‌سه‌ڵاته‌كان بگرێته‌ده‌ست. ئه‌مه‌ش رێگه‌ بۆ پارتی‌ خۆش ده‌كات ململانێی‌ زیاتر بكات له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیدا. ته‌نانه‌ت سه‌ركردایه‌تی‌ خودی‌ پارتی‌ ئه‌مه‌ به‌ته‌ندروست نازانن بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، یاخود په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ پارته‌ عه‌ره‌بییه‌كانی‌ به‌غدا. له‌م دواییانه‌دا نێچیرڤان بارزانی‌ پێیوتین كه‌ پلانی‌ پارتی‌ بۆ مه‌سه‌له‌ی‌ جێگرتنه‌وه‌ له‌ناو یه‌كێتیدا ئه‌وه‌ بوه‌ كه‌ تاڵه‌بانی‌ به‌ته‌مه‌ن‌و نه‌خۆش رازیبكه‌ن باشتر ئاگای‌ له‌خۆی‌ بێت. له‌لایه‌ن خۆیشیه‌وه‌ مه‌سعود بارزانی‌ نیگه‌رانی‌ زۆری‌ ده‌ربڕیوه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ به‌بێ‌ مام جه‌لال هیچ كه‌سێك نییه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردو لایه‌نی‌ مالیكی‌‌و ئێرانییه‌كاندا بكات. ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌كوردستان به‌به‌هێزیی‌ ماونه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌شوێنه‌ هه‌ستیاره‌كانی‌ وه‌ك كه‌ركوك كه‌ تێیدا هه‌رد حزب له‌هه‌وڵی‌ وه‌رگرتنی‌ ده‌سه‌ڵاتدان. یه‌كێتیه‌كی‌ لاوازو پارچه‌پارچه‌ ره‌نگه‌ له‌ئاستی‌ ناوخۆداو له‌مه‌ودای‌ كورتدا كۆمه‌ك به‌پارتی‌ بكات، به‌ڵام ده‌ره‌نجامه‌كان له‌مه‌ودای‌ دوردا بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عێراق ناسه‌قامگیریی‌ ده‌بێت. 

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×