ئێزدی‌‌و كه‌مایه‌تیه‌كان له‌به‌ڵگه‌نامه‌كانی‌ ویكیلیكسدا
  2019-08-03       2044       

 ئا: هاوكار حسێن

ئاوێنه‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنیانه‌ هه‌ڵده‌داته‌وه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌گرفته‌كانی‌ كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان، به‌تایبه‌ت ئێزدییه‌كان، كه‌ زۆرینه‌یان سكاڵای‌ ئه‌وه‌یان كردوه‌ له‌ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ قوربانی‌ خراپ مامه‌ڵه‌كردنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤن. به‌شێكیشیان داوای‌ هه‌رێمێكی‌ ئۆتۆنۆمی‌ ده‌كه‌ن كه‌ تێیدا كه‌مینه‌كان بتوانن خۆیان حوكمی‌ خۆیان بكه‌ن. ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رپرسیارێتی‌ قورسی‌ له‌ئه‌ستۆیه‌ به‌رامبه‌ر ئێزدی‌، شه‌به‌ك‌و كه‌مایه‌تیه‌كانی‌ دیكه‌.

له‌چوار به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ جیاجیای‌ ویكیلیكسدا كه‌ ئاوێنه‌ ناوه‌رۆكه‌كه‌یانی‌ كردوه‌ به‌كوردی‌، راشكاوانه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ "بونی‌ كه‌مایه‌تیه‌كان له‌عێراق له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه‌: گروپه‌ ئاینی‌‌و ئیتنیه‌ بچوكه‌كانی‌ ناو عێراق له‌لایه‌ن توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ راوه‌دوده‌نرێن‌و له‌ژێر مه‌ترسی‌ له‌ناوچوندان له‌نێوان شه‌ڕی‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كاندا".
به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان مێژویه‌كی‌ تایبه‌تی‌ له‌سه‌ره‌، به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ نیگه‌رانیی‌ نوێنه‌ری‌ كه‌مایه‌تیه‌كان له‌باره‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ راپرسیه‌وه‌یه‌، چونكه‌ پێیانوایه‌ "خه‌ڵكه‌كانیان ده‌خرێنه‌ ژێر گوشاره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆیان له‌سه‌ر ئاین‌و نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ دیكه‌ ساخبكه‌نه‌وه‌، له‌بری‌ ئاین‌و نه‌ته‌وه‌ی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆیان".
له‌به‌شێكی‌ یه‌كێك له‌به‌ڵگه‌نامه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ "حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رپرسیارێتی‌ قورسی‌ له‌ئه‌ستۆیه‌ به‌رامبه‌ر مه‌سیحی‌، ئێزدی‌، شه‌به‌ك‌و كه‌مایه‌تیه‌كانی‌ دیكه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ هه‌ژمونی‌ ئیداریی‌‌و ئه‌منیی‌ هه‌یه‌ به‌سه‌ر زۆرێك له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كاندا. بۆیه‌ پێویسته‌ زۆر شێلگیرانه‌و به‌ئاشكرا له‌لێدوانه‌ گشتیه‌كانتاندا‌و به‌كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی‌ واقع نیشانیبده‌ن كه‌ ده‌تانه‌وێت‌و ده‌توانن پارێزگاریی‌ له‌مافه‌كانی‌ هه‌مو ئه‌و كه‌مایه‌تیانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ ئێوه‌دان".  
هاوكات ئه‌وه‌ش هاتوه‌ كه‌ "كه‌مایه‌تیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتیی‌ له‌ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ زۆر به‌خراپی‌ هه‌ستیان به‌ترس كردوه‌‌و كۆچكردنه‌كه‌شیان به‌هۆی‌ كۆمه‌ڵێك هۆكاری‌ كه‌ڵه‌كه‌بوی‌ سیاسیی‌، ئابوری‌‌و ئه‌منیه‌وه‌ بوه‌".


به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ یه‌كه‌م:
ئای‌ دی‌: 09BAGHDAD1545
بابه‌ت: باڵیۆز له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی‌ كه‌مایه‌تیه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌به‌غدا 
به‌روار: 14ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2009
پۆلێن: پۆلێننه‌كراو/ ته‌نها بۆ به‌كارهێنانی‌ ره‌سمی‌
له‌یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ باڵیۆز هیڵ، نوێنه‌ره‌ سیاسییه‌كانی‌ كه‌مایه‌تیه‌كانی‌ عێراق تیشك ده‌خه‌نه‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌كانی‌ كۆچ، به‌شداریی‌ زیاتری‌ سیاسی، مامه‌ڵه‌ی‌ هه‌ڵاوێردی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئه‌و بابه‌تانه‌ی‌ كه‌ پێیانوایه‌ به‌هاوبه‌شی‌ ده‌بێت په‌ره‌یانپێبدرێت. نیگه‌رانیی‌ خۆیان نه‌شارده‌وه‌ به‌رامبه‌ر كۆچی‌ كه‌مایه‌تیه‌كان به‌ره‌و وڵاتانی‌ خۆرئاوا به‌هۆی‌ نه‌بونی‌ ده‌رفه‌تی‌ ئابوری‌‌و به‌شداریی‌ سیاسییان.
سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی‌ كه‌مایه‌تیه‌كان هاوڕابون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كۆچی‌ خه‌ڵكه‌كه‌یان یه‌كێكه‌ له‌گه‌وره‌ترین نیگه‌رانیه‌كانیان. به‌وته‌ی‌ به‌رپرسانیش كه‌مایه‌تیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتیی‌ له‌ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ زۆر به‌خراپی‌ هه‌ستیان به‌ترس كردوه‌‌و كۆچكردنه‌كه‌شیان به‌هۆی‌ كۆمه‌ڵێك هۆكاری‌ كه‌ڵه‌كه‌بوی‌ سیاسیی‌، ئابوری‌‌و ئه‌منیه‌وه‌ بوه‌. پێشیانوابو كه‌ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌مینانه‌ ته‌نها پێویستی‌ به‌سه‌لامه‌تیه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو كاریش پێویسته‌.
نوێنه‌رانی‌ هه‌ریه‌ك له‌ئێزدییه‌كان‌و توركمانه‌كان، سكاڵای‌ ئه‌وه‌یان له‌لای باڵیۆز كرد كه‌ كۆمه‌ڵه‌كانیان له‌ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ قوربانی‌ خراپ مامه‌ڵه‌كردنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤن. ئه‌مین فه‌رحان، نوێنه‌ری‌ ئێزدیه‌كان داوای‌ هه‌رێمێكی‌ ئۆتۆنۆمی‌ كرد له‌باكوری‌ عێراق كه‌ تێیدا كه‌مینه‌كان بتوانن خۆیان حوكمی‌ خۆیان بكه‌ن‌و له‌لایه‌ن هێزی‌ ئه‌منیی‌ خۆیانه‌وه‌ پارێزگارییان لێبكرێت.
هاوكات نوێنه‌ری‌ كه‌مایه‌تیه‌كان نیگه‌ران بون له‌باره‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ راپرسیه‌وه‌، چونكه‌ پێیانوایه‌ خه‌ڵكه‌كانیان ده‌خرێنه‌ ژێر گوشاره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆیان له‌سه‌ر ئاین‌و نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ دیكه‌ ساخبكه‌نه‌وه‌، له‌بری‌ ئاین‌و نه‌ته‌وه‌ی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆیان. هه‌روه‌ها نوێنه‌ری‌ به‌هائیه‌كان، عه‌بدولره‌زاق ئه‌بایچی‌ باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ به‌هائیه‌كان ئێستا له‌سه‌ر ناسنامه‌كانیان وه‌ك موسوڵمان ناویان تۆماركراوه‌‌و داوای‌ له‌باڵیۆز كرد پشتیوانیی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ به‌هائییه‌كان بكات بۆ دامه‌زراندنی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی‌ حكومی‌ كه‌ رێگه‌ بدات به‌وه‌ی‌ به‌هائیه‌كان ئاینی‌ خۆیان له‌موسوڵمانه‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌به‌هائی. 


به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ دوه‌م:

ئای‌ دی‌: 07VIENNA2136
بابه‌ت: بابه‌ته‌ گه‌رمه‌كانی‌ میدیای‌ نه‌مسا
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ڤیێنا
به‌روار: 16ی‌ ئابی‌ 20007
پۆلێن: پۆلێننه‌كراو
به‌وته‌ی‌ شاره‌زایانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، بونی‌ كه‌مایه‌تیه‌كان له‌عێراق له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه‌: گروپه‌ ئاینی‌‌و ئیتنیه‌ بچوكه‌كانی‌ ناو عێراق له‌لایه‌ن توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ راوه‌دوده‌نرێن‌و له‌ژێر مه‌ترسی‌ له‌ناوچوندان له‌نێوان شه‌ڕی‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كاندا. ئه‌و ریفراندۆمه‌ی‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ناوچه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و حكومه‌تی‌ عێراقدا بكرێت، له‌بنه‌ڕه‌تدا شوێنی‌ گروپه‌ ئاینی‌‌و ئیتنیه‌كانه‌ كه‌ بۆ چه‌ندین نه‌وه‌ له‌وێ‌ ده‌ژین، هه‌ر ئه‌م شوێنانه‌ش به‌به‌رده‌وامی‌ بونه‌ته‌ گۆڕه‌پانی‌ رودانی‌ توندوتیژیی‌‌و ته‌نگژه‌كان.

به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ سێیه‌م:
ئای‌ دی‌: 08BAGHDAD1526
بابه‌ت: سه‌ردانی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ بۆ واشنتۆن
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌به‌غدا 
به‌روار: 18ی‌ ئایاری‌ 2008
پۆلێن: نهێنی‌
له‌كاتی‌ سه‌ردانی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ بۆ واشنتۆن له‌رۆژانی‌ 17-21ی‌ ئایاری‌ 2008 ‌و پاش وه‌رگرتنی‌ بڕوانامه‌ی‌ شه‌ره‌ف له‌لایه‌ن زانكۆی‌ واشنتۆن‌و جێفرسۆن، چاوی‌ به‌ژماره‌یه‌ك به‌رپرسای‌ باڵای‌ ئه‌مه‌ریكی‌ ده‌كه‌وت‌و یه‌كێك له‌ته‌وه‌ری‌ باسه‌كانی‌ نێوانیان چۆنیه‌تی‌ پارێزگارییكردنه‌ له‌كه‌مایه‌تیه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا، له‌م به‌شه‌دا هاتوه‌:
حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رپرسیارێتی‌ قورسی‌ له‌ئه‌ستۆیه‌ به‌رامبه‌ر مه‌سیحی‌، ئێزدی‌، شه‌به‌ك‌و كه‌مایه‌تیه‌كانی‌ دیكه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ هه‌ژمونی‌ ئیداریی‌‌و ئه‌منیی‌ هه‌یه‌ به‌سه‌ر زۆرێك له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كاندا. بۆیه‌ پێویسته‌ زۆر شێلگیرانه‌و به‌ئاشكرا له‌لێدوانه‌ گشتیه‌كانتاندا‌و به‌كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی‌ واقع نیشانیبده‌ن كه‌ ده‌تانه‌وێت‌و ده‌توانن پارێزگاریی‌ له‌مافه‌كانی‌ هه‌مو ئه‌و كه‌مایه‌تیانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ ئێوه‌دان، له‌حاڵه‌تی‌ گواستنه‌وه‌یاندا له‌حكومه‌تی‌ به‌غداوه‌ بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌.  
نیگه‌رانی‌ دیاریكراو بریتیه‌ له‌ئاسایشی‌ مه‌سیحی‌، شه‌به‌ك‌و ئێزدیه‌كان له‌پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا. حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌رپرسیارێتی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ئه‌ستۆیه‌ بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منیه‌ لۆكاڵیه‌كان‌و حكومه‌تی‌ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌ره‌نتیكردنی‌ سه‌لامه‌تیی‌ كه‌مایه‌تیه‌كان.  

به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ چواره‌م:
ئای‌ دی‌: 09BAGHDAD2038
بابه‌ت: سه‌ركرده‌ی‌ كه‌مایه‌تیه‌كان نیگه‌رانن له‌باره‌ی‌ سه‌رژمێرییه‌وه‌
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌به‌غدا 
به‌روار: 30ی‌ ته‌مموزی‌ 2009
پۆلێن: زۆر نهێنی‌  
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق به‌رده‌وامه‌ له‌ئاماده‌كارییه‌كانی‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ راپرسی‌، سه‌ركرده‌كانی‌ گروپه‌ ئاینی‌‌و ئیتنیه‌كان نیگه‌رانن له‌باره‌ی‌ چۆنیه‌تی‌ ئه‌نجامدانی‌ سه‌رژمێرییه‌كه‌‌و ئاخۆ به‌راستی‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ دیمۆگرافیای‌ كه‌مایه‌تیه‌كان به‌رجه‌سته‌ ده‌كات یاخود نا. 
نوێنه‌رانی‌ ئیزدییه‌كان‌و شه‌به‌ك نیگه‌رانی‌ خۆیان ده‌ربڕی‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌رژمێرییه‌كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌یان بخاته‌ ژێر گوشاری‌ زۆره‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆیان وه‌ك ره‌چه‌ڵه‌كی‌ كورد له‌قه‌ڵه‌مبده‌ن تا خاكه‌كه‌یان بلكێنرێت به‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌. 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×