ئەمڕۆ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەكارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەكان و ڕێگری كردن لە هێنانە ناوەوەی بۆ عێراق، لەگەڵ پارێزگار و نوێنەری پارێزگاكان كۆبووەوە، دوای كۆبوونەوەکەش ڕاگەیاندراوێكیان بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لیژنەكەمان بانگهێشتی پارێزگار و نوێنەری پارێزگارەكانی كرد، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە ڕێگاكانی هێنانی ماددە هۆشەرەكان و چونییەتی ڕێگری كردن لە بڵاو بوونەوەی كرا.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، لە ڕێگەی وشكانییەوە لە وڵاتانی دراوسێوە ماددەی هۆشبەر دەهێنرێتە ناو عێراق، بازرگانیی و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لە وڵاتدا گەیشتووەتە ڕادەیەكی مەترسیدار، كە ئەمەش كۆمەڵگا لەناو دەبات، بۆیە پەرلەمان هەنگاو دەنێت بۆ توندكردنەوەی سزاكان.
بە پێی ئاماری فەرمی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ساڵی ڕابردوودا، ١٤ هەزار بەكارهێنەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون، كە ٥٠٠ ژن و منداڵی نەوجەوانیان تێدایە.
پێشتر عێراق سزای لە سێدارەدانی بەسەر بەكارهێنەران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەردا دەسەپاند، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧ یاسایەكی نوێی دەركرد، كە لە سێدارەوە سزاکە گۆڕا بۆ چاکسازیی لە ناو زیندان، لەپاڵ یاساكانی تایبەت بە چارەسەركردنی ئاڵوودەبووان.