تەلار لەتیف: لە كۆنگرەدا پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی هەموار دەكرێتەوە
  2023-09-26       533       

تەلار لەتیف، وتەبێژی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی رایگەیاند، سبەی چوارشەممە، سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ، كۆنگرەی یەكێتی دەستپێدەكات و دەشڵێت، لە كۆنگرەدا پەیڕەوی ناخۆی حزبەكە هەموار دەكرێتەوەو پەسەند دەكرێت.

ئاوێنە: تەلار لەتیف، وتەبێژی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی حزبەكەی رایگەیاند، سبەی كاتژمێر 11 بە ئامادەبونی نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەكان و نوێنەری كونسوڵخانەكان كارەكانی كۆنگرەی یەكێتی دەستپێدەكات كە چەند وتارێك پێشكەشدەكرێت و دواتر سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش وتارێك پێشكەشدەكات.

ئەوەشی خستەڕو، لەبەشی دوەمی دانیشتنەكەدا كارەكانی پڕۆگرامی كۆنگرە بە دروشمی "نوێگەری لە كاردا كۆدەنگی لە بڕیاردا" دەستپێدەكات و لیژنەكان دیاریدەكرێن و دەستبەكاردەبن.

ئاشكراشیكرد، لە كۆنگرەدا پەیڕەوی ناوخۆ هەمواردەكرێتەوە و پەسەنددەكرێت و تێیدا پێشنیارکراوە سێ ئەنجومەن بۆ حزبەکە دروستبکرێت، کە ئەوانیش بریتین لە ئەنجومەنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی پشتیوانی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×