سبەی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی بەڕێوەدەچێت؛ بەشێك لە سەركردەكانی ناچنە كۆنگرە
  2023-09-26       497       

بڕیارە سبەی سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی، بە بەشداری 600 ئەندام دەستپێبكات و سێ رۆژ بخایەنێت. لایەنی و كەسایەتییەكی زۆریی سیاسی بۆ كۆنگرەكە بانگهێشتكراون و بەشێكیش لە سەركردەكانی حزبەكە ناچنە كۆنگرە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بەشی بۆنەو ڕێوڕەسمەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، كۆنگرەكە سبەی سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی، بەئامادەبونی ژمارەیەک لەسەرکردەو سەرۆک حیزب و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێڕاق.

بەپێی زانیاریی خەڵكانێكی ئێجگار زۆر بۆ ئەم كۆنگرەیە داوەتكراون، هەروەك جگە لەمیدیاكانی یەكێتیی خۆی، میدیای نێچیرڤان بارزانیش گرنگییەكی تایبەت بەم كۆنگرەیە دەدات و نێچیرڤان بارزانی، وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەی كۆنگرەكە دەبێت و وتاریشی دەبێت.

زۆربەی حزبە كوردستانیەكان بە نوێنەرێك بەشداری كۆنگرەكە دەبن، بەڵام بەپێی زانیاریی پارتی دیموكراتی كوردستان بەئامادەبونی عەلی حوسێن بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی سلێمانی بەشداری تێدا دەكات.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئاوێنە كەوتون لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچونی كۆنگرەكە، باس لەوە دەكرێت كە جگە لەسەرۆك كە (بافڵ تاڵەبانی)یە، رێككەوتن لەسەر پەیكەربەندی ناوی سەركردایەتییەكان نەكراوە، چونكە گوایە لیستێكی داخراو دەبرێتە كۆنگرەو هەر ئەم لیستە دەبنە سەركردایەتی و دواتر لەناو سەركردایەتی ئەندامانی مەكتەب سیاسی و كارگێڕی مەكتەب سیاسی هەڵدەبژێردرێن.

بەپێی سەرچاوەكانی ناو كۆنگرەكە ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بەشداری ناكەن ئەوانیش (د. فوئاد مەعسوم، حاكم قادر حەمەجان، عەدنان موفتی، د. بەرهەم ساڵح، عومەر فەتاح، هەروەها ئەرسەلان باییز كە ئەندامی ئەنجومەنی باڵایە تەنها رۆژی یەكەمی كۆنگرەكە بەشدار دەبێت.

بەپێی ئەو سەرچاوانە ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی و ئەندامانی كۆنگرە بەشدارنابن لەوانە ئەو ئەندام سەركردایەتیانەی لەدوای 8ی تەمموز لەسەر لاهور شێخ جەنگی حیسابكراون وەك (سۆران جەمال تایەر، سەردار هەركی، ژینۆ محەمەد، ئاراز شێخ جەنگی، شادمان مەلا حەسەن، فێنك ئەحمەد، پەروین كاكە حەمە، چەتۆ ساڵح و ژمارەیەكی دیكە كە تائێستا بەڕەسمیی خۆیان ئاشكرا نەكردوە.

هەروەها بڕیارە لە كۆنگرەكەدا پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە هەمواربكرێتەوە، ئەمڕۆ تەلار لەتیف، وتەبێژی كۆنگرە رایگەیاند، لە كۆنگرەدا پەیڕەوی ناوخۆ هەمواردەكرێتەوە و پەسەنددەكرێت و تێیدا پێشنیارکراوە سێ ئەنجومەن بۆ حزبەکە دروستبکرێت، کە ئەوانیش بریتین لە ئەنجومەنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی پشتیوانی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×