جەنگی یۆم کیپور، کاتێک ئیسرائیل بەهای خۆی سەلماند
  2023-10-08       1706       

وەرگێڕانی لەئینگلیزییەوە: توانا محەمەد نوری

 

جەنگی یۆم کیپور لە ساڵی ١٩٧٣ کە ٥٠ ساڵ لەمەوبەر لەم هەفتەیەدا دەستیپێکرد، یارمەتی ئیسرائیل دا پێگەی خۆی وەک هێزی متمانەپێکراوی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بچەسپێنێت. جەنگی یۆم کیپور کە بە جەنگی غوفران، جەنگی ڕەمەزان، جەنگی ئۆکتۆبەر، هەروەها بە شەڕی چوارەمی عەرەبی – ئیسرائیلیش ناسراوە.



شەش ساڵ پێشتر و لە هەنگاوێکی چارەنووسسازدا ئیسرائیل لە شەڕێکدا لە دراوسێ عەرەبەکانی بردەوە و نیشانیدا کە دەتوانێت چاودێرێک بێت بۆ ئیمپریالیزمی جیهانی بەتایبەتیش ڕۆژئاوا.

دوای جەنگی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧ ئیسرائیل چوار هێندە قەبارەی ئەوکاتەی گەشەی کرد بە دەستبەسەراگرتنی ئەوەی لە ساڵی ١٩٤٨دا دەستی نەکەوت.

ئەمەش پێکهاتبوو لە نیمچە دوورگەی سینا لە میسر، بەرزاییەکانی جۆلانی سوریا و کەناری ڕۆژئاوا، کەرتی غەززە و قودسی ڕۆژهەڵاتی لەخۆگرتبوو.

تا ساڵی ١٩٧٣ هەردوو میسر و سوریا سەرکردەی نوێیان هەبوو، ئەنوەر سەدات لە میسر و حافز ئەسەد لە سوریا. دەبوو بۆ دانیشتووانی خۆیانی بسەلمێنن کە ئامادەن پشتیوانی لە فەلەستینییەکان بکەن و تۆڵەی شکستی ساڵی ١٩٦٧ بکەنەوە.

هەروەها ڕژێمەکانیان کەوتبوونە ژێر فشاری خەباتی چەکداری کە لەلایەن ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینەوە دەستیپێکردبوو وە لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە چالاکییەکانی دژی داگیرکاری ئیسرائیل پەرەپێدا.

ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ دامەزرا و بە پشتیوانی سەربازی و ئابووریی ئیمپریالیستە ڕۆژئاواییەکان و بە تایبەتی ئەمریکا دەیتوانی بژی.

لە ماوەی ساڵانی شەستەکاندا، بەخشینەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بە تێکڕا ساڵانە ٢١ ملیۆن دۆلار بووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ بۆ ١٩٧٤، ئەو ڕێژەیە بۆ ٤١٧ ملیۆن دۆلار بەرزبووەوە. ئەم ڕێژەیە لە دوای ساڵی ١٩٧٣ بەرزبوویەوە بۆ ملیارەها دۆلار.

ڕۆڵی نوێی ئیسرائیل زیاتر چەسپی دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٣ جارێکی دیکە لە سوریا و میسری بردەوە. ئیسرائیل ڕەتیکردەوە نیمچە دوورگەی سینا و بەرزاییەکانی جۆلان بداتەوە. لە تۆڵەسەندنەوە هەردوو وڵات هێرشی هەماهەنگیان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد، چونکە زۆربەی سوپای ئیسرائیل فێستیڤاڵی جولەکەکانیان یۆم کیپوریان بەڕێوەدەبرد.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، گۆڵدا مائێر بۆ وەرگرتنی یارمەتی ڕووی لە ئەمریکا کرد. سەرۆک ڕیچارد نیکسۆن کەمێک درەنگ یارمەتی سەربازی نارد، چونکە ئەمریکا هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسری دەدا.

بەڵام دواجار نیکسۆن یارمەتی سەربازی بۆ ئیسرائیل نارد دوای ئەوەی یەکێتی سۆڤیەت پشتیوانی بۆ میسر و سوریا نارد.

ئەوەش سەرەڕای گەمارۆی نەوتی عەرەبی بەسەر ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی دیکەی ئیسرائیلیشدا بوو. تا کۆتایی ساڵی ١٩٧٤ نرخی نەوت نزیکەی لەسەدا ٣٠٠ بەرزبووەوە، ئەمەش یەکەم شۆکی نەوتی لێکەوتەوە، ئەمەش داڕمانی دارایی لە کۆتاییەکانی ئەو ساڵەدا زیاتر کرد.

ئەو هێزە بەهێزانە یارمەتی ئیسرائیلیان دا کە پاڵ بە هەردوو هێزی سەربازی سوریا و میسر بنێن بۆ دواوە.

شەڕەکە لە ٢٦ی تشرینی یەکەمدا کۆتایی هات و میسر و ئیسرائیل ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان. لە کۆتاییدا ئیسرائیل نیمچە دورگەی سینای ڕادەستی میسر کردەوە بەڵام بەرزاییەکانی جۆلانی ڕادەستی سوریا نەکرد.

ئیسرائیل ڕەتیکردەوە کۆتایی بە داگیرکردنی فەلەستین بهێنێت و بانگەوازەکانی گەڕاندنەوەی زەوییە داگیرکراوەکانی پشتگوێ خست. نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی ٢٤٢ی ئەنجومەنی ئاسایشی دووپاتکردەوە کە داوای لە ئیسرائیل کرد لە ناوچە داگیرکراوەکان بکشێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد دەستبەسەرداگرتنیان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان نایاساییە. ئیسرائیل ئەوکات ڕەتیکردەوە و ئێستاش ڕەتیدەکاتەوە.

لە ساڵی ١٩٧٣ بەشێکی زۆری چەپەکان لە بەریتانیا پشتگیریان لە ئیسرائیل کرد چونکە دەیانگوت داگیرکراوە. هەندێکی تریان دژی ئیسرائیل وەستانەوە.

هەرچەندە مەبەستی سەرەکی چینە دەسەڵاتدارەکانی سوریا و میسر ڕزگاری فەڵەستین نەبوو بەڵکو بەهێزکردنی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی خۆیان بوو. دواتر سادات مامەڵەی لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل کرد.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×