"هێرشەکەى حەماس دەریخست بەرژەوەندی ئێران لەشەڕنانەوەدایە لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست"
  2023-10-09       1737       

ئا: ئاوێنە

 

دۆخی نالەباری کۆمەڵایەتی‌و ئابوری ئێران وا دەخوازێت کە کۆماری ئیسلامی بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بگەڕێت لەژەهراویکردن‌و قەیرانی کردنی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەب‌و ئیسرائیلدا، حەماس لەهێرشە نوێکەیدا بۆ سەر ئیسرائیل لەپاڵپشتی لۆجستیکی‌و تەکنیکی ئێران سودمەند بووە. بەم هێرشە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێدەنێتە ناو شەڕێکی ترسناکەوە.

دوابەدوای هێرشە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هەفتەنامەی "ئۆبس"ی فەرەنسی شیکارییەکی بۆ دەرئەنجامەکانی ئەم شەڕە کردوەو دەڵێت "هاوکات لەگەڵ یادی ٥٠ ساڵەی جەنگی کیپور (ئۆکتۆبەری ١٩٧٣)، هێرشە لەناکاوەکەی حەماس نەک هەر کۆتایی بەئەفسانەی ئیسرائیلێکی تێکنەشکاوو نەدۆڕاو هێناو بەم زوانەش لەیادەوەرییەکاندا ناسڕدرێتەوە. ئیسرائیل هەرگیز ئەوەندە تێکشکاو دەرنەکەوتوە، بەجۆرێک کە هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر، زەلیلبوونی عەرەبی لە شەڕی کیپور لە یادەوەرییەکاندا سڕیوەتەوە.

بەگوێرەی "ئۆبس"، ئەوەی ل ئەنجامی ئەم هێرشەدا زۆرتر دەبینرێت هەڵە پێشبینی نەژراوو خەیاڵنەکراوەکانی "شین بێت" (دەزگای هەواڵگری ناوخۆی ئیسرائیلە کە بە یەکێک لە باشترین دەزگا هەواڵگرییەکان لە جیهاندا ناسراوە).

"ئۆبس" دەڵێت هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر لێکەوتەی گرنگی دەبێت. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا بنیامین ناتانیاهۆ بەهۆی هەڵەی دەزگای هەواڵگری‌و سوپای ئیسرائیلەوە لاواز دەبێت لەگۆڕەپانی ناوخۆدا. دوریش نییە لە ئەنجامی فشارەکانی رەوتی ڕاستڕەوو توندڕەوی حکومەتی هاوپەیمانی ئیسرائیلەوە، بنیامین ناتانیاهۆ ناچار بێت کاردانەوەی گونجاوو توندی هاوشێوەی هێرشی توندڕەوانی فەلەستینی نیشان بدات.

دەرئەنجامێکی دیکەی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر، بە پێی ڕاپۆرتی "ئۆبس"، بەهێزبوونی پێگەی حەماسە لەبەرامبەر دەسەڵاتی فەلەستین. بزووتنەوەی حەماس لەهەوڵی ئەوەدایە کە ڕێکخراوی فەتح کە لەسەرەمەرگدایە، بۆ هەتاهەتایە لەگۆڕەپانەکە دووربخاتەوەو وەک تاکە نوێنەری فەلەستینییەکان جێگەی بگرێتەوە.

شەڕی بەردەوامی نێوان حەماس و ئیسرائیل، وێڕای ئاشکراکردنی ڕۆڵی حکومەتی ئێران، پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل دەوەستێنێت. هەروەک حیزبوڵڵای لوبنان دانی پێداناوە، یەکێک لەئامانجەکانی هێرشی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر گەیشتن بەو ئامانجە بووە. دوای وەڵامی توندوتیژی سەربازیی ئیسرائیل، ئەگەرێکی دوورە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ بکات، حکومەتی ئێرانیش کە سەرقاڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ سعودیە، زۆر بەنەرێنی سەیری سیاسەتی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیەو ئیسرائیل دەڕوانێت.

بە پێی ڕاپۆرتی "ئۆبس"، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی زۆر نالەباری کۆمەڵایەتی‌و ئابوری ئێران، بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لەژەهراوی کردن‌و قەیراناویکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەب‌و ئیسرائیلدایە. هەروەها بەگوێرەی "ئۆبس"، لەهێرشه نوێیەکەیدا بۆ سر ئیسرائیل، حەماس لەپاڵپشتی لۆجستیکی‌و تەکنیکی ئێران سودمەند بووە، که لەڕێگەی حیزبوڵڵای لوبنانەوه بۆ ئەم ڕێکخراوە ئیسلامیەی فەلەستین گواسترایەوه .

 "ئۆبس" لەکۆتاییدا دەڵێت "هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، سەرلەنوێ هاوکێشەی هێزو هاوپەیمانییەکانی ناوچەکە دەگۆڕێت‌و جارێکیتریش رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راپێچی شەڕێکی ئاشکراو ترسناک دەکات".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×