رۆژنامەنوس ئازاد بایز: بەئۆپراسیۆنێكی 11 ئۆتۆمبێلی لەچەمچەماڵ دەستگیر کرام
  2023-10-24       1152       

ئا: ئاوێنە

 

ئازاد بایز. کە رۆژنامەنوسێکی تایبەت بەکاری هونەرییە، دەلێت "دوای دەستگیرکردنم بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٣ رۆژو دوای زیاتر لە ١٠ دانیشتنی لێكۆڵینەوە لەدەزگایەکی ئەمنی یەکێتی دەركەوت كە بێتاوانمو ئازاد کرام."

 

"رۆژی 11ی 9ی ئەمساڵ لەلایەن دەزگایەكی ئەمنی یەكێتییەوە بەشێوەیەك وەكو ئەوەی بكوژێكی مەترسیداریان دەستگیر کردبێت بەئۆپراسیۆنێكی 11 ئۆتۆمبێلی لەبەردەم ترافیكی رۆشنبیری لەچەمچەماڵ منیان بردو کاتژمێرو نیوێك لەئاسایشی چەمچەماڵ هێشتیانمەوە، دواتر رەوانەی دژە تیرۆر لەسلیمانی كراوم."

ئەمە لێدوانی ئازاد بایزە بۆ ئاوێنە، لەبارەی تۆمەتی دەستگیركردنی وتی "كۆمەڵێك كەیسم بۆ دروستكراوە گوایە من بەناوی خوازراوەوە هەڕەشەم لە خەڵك و هونەرمەند كردبێت، لەكاتێكدا سێ بەشی ژیانی من، خزمەتكردن بوە بە هونەرو كولتوری ئەم شارە."

وتیشی "لەدوای ئەوەی لەمانگی ١١ی پارەوە کۆتایی بەگرێبەستی کارکردنەکەم هات لەگەڵ لەئاریان تیڤی، پێویستم بەکارێک بوو بۆ ئەوەی بژێوی ژیانم مسۆگەر بکەم، گرێبەستم لەگەڵ کۆمپانیایەک کرد کە تایبەت بوو بە بەرهەمهێنانی کاری هونەری، لەبەرئەوەی پەیوەندی هونەریم زۆر بەرفراوانەو لەئاستی هەموو پارچەکانی کوردستاندا زۆربەی هونەرمەندان هاوڕێ‌و دۆستمن‌و چاوپیکەوتنی رۆژنامەوانیم لەگەڵ کردون، بەڵام پاس ماوەیەک کرکردن خاوەنی کۆمپانیاکە دوو موچەو ٦٠٠ دۆلار کە بەدەستی دابومێ خواردی‌و نێوانمان تێکچوو، چەند تۆمەتێکی بۆ هەڵبەستم‌و ئەمەش بووە هۆکاری دەستگیرکردنم".

ئازاد بایز سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر ئەوە دەردەبڕێت کە دەستگیرکردنەکەی لەبری ئەوەی لەڕێگەی پۆلیس‌و ئاگادار کردنەوە بێت لەناکاو لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیر کراوە، ئەو وتی "هێزێكی ئەمنیی یەكێتی بەشێوەی ئۆپراسیۆن لە11ی مانگی رابردو لەچەمچەماڵ دەستگیرییان كردم، ئەوەشی كۆمیدیایە بەبێ ئاگاداركردنەوەی دادوەر سەعات پێنج و نیوی ئێوارە لەكاتی دەوامی رەسمیدا كە سەرقاڵی ئامادەكاری بوم بۆ پێنجەمین خولی شانۆی قەزاكان  دەستگیركرام، لەدوای هەفتەیەك كەسوكارو هاوڕێیانم زانیویانە لەكوێ دەستگیر کراون، سەرەنجامیش هیچم بەسەردا ساغ نەبوەوەو لەدوای زیاتر لە 10 دانیشتنی لێكۆڵینەوە لەو دەزگا ئەمنییە دەركەوت كە بێتاوانم، بۆیە بەكەفالەتی یەك ملیۆن دینار ئازادكرام تا رۆژی دادگاییكردن."

وتیشی "ئاشکرایە مەبەست لەم جۆرە مامەڵەکردنە تەنها بۆ تۆقاندن‌و كپكردنی دەنگی ئازادو رۆژنامەنوسانە".

ئازاد بایز، تەمەنی ٣٣ سالەو رۆژنامەنوسێکی دیارە لەبواری کاری هونەریدا، پێشتر لەڕۆژنامەی ئاوێنەو کەناڵی ئاریان تیڤی کاری کردووەو وێڕای كاری رۆژنامەوانی كارمەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشبنیری سلێمانییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×