دوای شەش رۆژ لە برینداربونی لە شەڕەکەی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوری مەخمور، ئەمڕۆ شەممە، مقەدەم پوشۆ خالید، جێگری فەرماندەی فەوجی 1ی لیوای 18ی پێشمەرگە گیانی لەدەستدا.
ئاوێنەوەزارەتی پێشمەرگە، ە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ مقدم پوشۆ خالد، جێگری فەرماندەی فوجی 1ی لیوای 18ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە كە چەند رۆژێكە بە برینداری لەنەخۆشخانە لە ژێر چارەسەردابو، بە هۆی سەختی برینەكەیەوە شەهید بو.
مقەدەم پوشۆ بوە چوارەم كەس لە هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕەکەی 22ـی ئۆکتۆبەری قەرەچوخی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا شەهید بو.
تەرمی مقەدەم پوشۆ رەوانەی پزیشكی دادی هەولێر کراوە.
لە یەکەم رۆژی شەڕەکەدا، عەقید قەهار جەوهەر قەهار، فەرماندەی فەوجی 1ـی لیوای 18ی پیادە و هاوڕێ جەوهەر رەحمان شەهیدبون؛ هەروەها دوای چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، عەقید ساڵح زراری، فەرماندەی لیوای 18ـی پیادە شەهیدبو.
19-10-2023 هێزەکانی فیرقەی 14ـی سوپای عێراق چوار خاڵی سەربازیی چاودێرییان لە چیای قەرەچوخ لە پەکەکە وەرگرتەوە؛ دواتر هێزێکی سوپای عێراق لە خاڵە سەربازییەکان جێگیرکران.
پاشا ئەوە هێزەکانی پێشمەرگە داوایان کرد ئەو خاڵانە بەوان بسپێردرێن یان بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن، بەڵام لەو بارەوە رێکنەکەوتن و سەعات 4:00ـی ئێوارەی 22-10-2023، شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا دروستبو.
دوای ئاڵۆزییەکان و هاتنەسەرهێڵی بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، دۆخەکە هێورکرایەوە و کۆتایی بە گرژییەکان هات.