دادگای‌ سلێمانی‌ قاسم ئاغای کۆیەی‌ بەزیندانیی هەتاهەتایی سزادا
  2023-11-05       2130       

ئا: ئاوێنە

 

قاسم تاهیر مسته‌فا ناسراو بە (قاسم ئاغای كۆیە)، یه‌كێك له‌سەرۆك جاش‌و مستەشاره‌كانی سەردەمی ده‌سه‌ڵاتی‌ بەعس بەبڕیاری دادگایەكی سلێمانی بەزیندانی هەتاهەتایی سزادرا.

 

دادگاییكردنەكە رۆژی یەكشەممە ٥ / ١٠ / ٢٠٢٣، لەدادگای تاوانەکانی سلێمانی/2 لەدانیشتنێكی نائامادەییداو لەسەر سکاڵای كەسوكاری پێشمەرگەیەک بەڕێوەچو.

دۆسییەكە بۆ ساڵی 1988 دەگەڕێتەوە، كاتێك قاسم ئاغای كۆیەو جاشەكانی، پێشمەرگەكە بەبرینداری بەدیلدەگرن، دواتر پێشمەرگە گیانلەدەستدەدات.

"دادوەر بەپشتبەستن بەسكاڵای كەسوكاری پێشمەرگەكە و گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە تیایدا دەردەكەوێت قاسم ئاغای کۆیە بەیاوەری هێزێکی سوپاس عیراق و ژمارەیەك لەجاشەکانی فەوجەکەی پێشمەرگەیەكیان بەدیلگرتووە، بڕیارەكەی دەركرد"، سەرچاوەكە جەختیكردەوە "دادگا بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی و بەهۆی بونی بەڵگەی تەواو لەدژی، هەروەها داواکاری گشتی-یش داوای تاوانبارکردنی کردو کۆتایی بە دادگایی کردنەكە هات كە سزای زیندانیی هەتاهەتاییە بۆ قاسم ئاغای كۆیە".

قاسم ئاغای کۆیە، لەهەشتاکانی سەدەی رابردو  له‌لایه‌ن رژێمی پێشوی بەعسه‌وه‌ فەوجێكی بۆ كرابوه‌وەو تۆمەتبارە بەهاوكاریكردنی ئەو رژێمە لەپرۆسەی ئەنفال و راگواستنی خەڵكی گوندەكان، كە بەهۆیەوە بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم زیاتر لە 180 هەزار كەس لەپرۆسەی ئەنفالدا لەناوچون.

هەرچەندە لەسەروبەندی راپەڕینی گەلی كورد دژی ئەو رژێمە لە ساڵی 1991دا بەرەی كوردستانی – هێزە كوردییەكان پێكیانهێنابوو- لێبوردنی گشتییان دەرکرد بۆ سەرۆک جاش و موستەشارەكان، بەو مەرجەی خۆیان بەدەستەوە بدەن، بەڵام قاسم ئاغا داواكەی رەتكردەوەو تا روخانی رژێمی بەعس لەبەغدا بوو.

لەگەڵ روخانی رژێمی بەعس، دادگای باڵای تاوانه‌کانی عیراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ناوبراو دەركردو لەدادگاكانی كوردستانیش دەیان سكاڵای لەدژ تۆماركرا، بەڵام ناوبراو عیراقی بەرەو دەرەوەی وڵات بەجێهێشت‌و شوێنی نیشتەجێبونی ئێستای رون نییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×