پاسپۆرتی کاریبی: برازاکانی مەسعود بارزانی‌ لەباوەشی گەرمی دۆمینیکان
  2023-11-30       2134       
جامی سیهاد بارزانی و مەسعود بارزانی

ئا: ئاوێنە

 

کڕینی پاسپۆرتی کاریبی لەناو دەولەمەندو دەسەڵاتدارە کوردو عێراقییەکاندا بازاڕی گەرمە، تەنانەت لەنێو ئەوانەشدا کە لەدەسەڵاتدان‌و خاوەنی کارو پۆستی باڵای سیاسی‌و ئەمنی‌و سەربازین، وەک بنەماڵەی بارزانی.

 

بەپێی بەدواداچونێکی وردی ماڵپەڕی دراج-ی لوبنانی، لەعێراق کڕینی پاسپۆرتی بیانی دیاردەیەکی نوێ نییە، کڕینی پاسپۆرت لای کەسانی دەسەڵاتدار لەعێراق‌و هەرێمی کوردستان رەواجی زۆرەو ناوی ئەو کەسە ناسراوانە لەعێراقدا ئاشکرا دەکات کە پەناگەی ئارامی خۆیان - لەدۆمینیکان دۆزیوەتەوە - بێگومان بە پارەو بەکڕینی پاسپۆرتی ئەم پەناگەیە.

لە کاتێکدا هاوڵاتیانی عێراق لەگەڵ قەیرانە ئەمنی‌و ئابوری‌و سیاسییە یەک لەدوای یەکەکاندا دەست‌و پەنجە نەرم دەکەن، دەسەڵاتدارانی عێراقی بۆ پاراستنی سەروەت‌و سامانەکانیان‌و هەروەها بۆ پاراستنی خۆیان لەهەر تۆمەتێکی گەندەڵی پەنایان بۆ وڵاتانی کاریبی بردوە.

ئەو کەسە ناودارانەی کە لەراپۆرتەکەیدا دراج باسیان دەکات بریتین لە: برازاکانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشوی هەرێمی کوردستان؛ مستەفا غالب مەخیف، سەرۆکی پێشوی بانکی ناوەندی عێراق، نەواف الجبوری، بازرگانێکی عێراقییە کە گومانی لێدەکرێت خۆی‌و کۆمپانیا بازرگانییەکەی "ئەلئەوسەت" لەدۆسیەی گەندەڵییەوە تێوەگلابن.

ئەم راپۆرتە بەشێکە لەپڕۆژەی زنجیرە ڕاپۆرتێک سبەرەت بە"پاسپۆرتی کاریبی" کە لەلایەن پڕۆژەی ڕاپۆرتکردنی تاوان‌و گەندەڵی ڕێکخراو OCCRPو هاوبەشە میدیاییەکانی: ماڵپەڕی زەمانەی فارسی، رۆژنامەکانی گاردیان، لۆمۆند، فۆربس، دراجی لوبنانی‌و چەند میدیایەکی دیکە لەوڵاتە جیاوازەکانی جیهان ئامادە دەکرێت.

ئەم پڕۆژەیە دەریدەخات کە زیاتر لە ٧٧٠٠ کەس پاسپۆرتی دۆمینیکانیان کڕیوە؛ پاسپۆرتێک کە توانای ئەوە بەخاوەنەکانیان دەدات بەبێ ڤیزە گەشت بەجیهاندا بکەن. لیستەکە کۆمەڵەیەکی جۆراوجۆر سیاسەتمەداران، بازرگانانی چالاکی گوماناوی، تاوانباران‌و یاساشکێنەکان لەخۆدەگرێت.

 

سودەکانی پاسپۆرتی دۆمینیکان چییە؟

١/ دەتوانیت بەهەمو دنیادا بگەڕێیت: هاوڵاتیانی دۆمینیکان دەتوانن بەبێ ڤیزا گەشت بکەن بۆ ١٤٤ وڵات، لەوانە بەریتانیاو ناوچەی شنگنی ئەوروپی‌و ئێرلەنداو وڵاتانی دیکە. هەروەها ئەم پاسپۆرتە ئەگەری وەرگرتنی ڤیزەی دە ساڵەی ئەمریکا بۆ خاوەنەکەی دابین دەکات.

٢/ سیاسەتی باج نەسەندن: یەکێک لەگرنگترین سوودەکانی ڕەگەزنامەی دۆمینیکان بۆ وەبەرهێنەران، سیاسەتە سەرنجڕاکێشەکانی باجەکەیەتی: هیچ باجێک لەسەر داهاتی بیانی، قازانجی سەرمایە، میرات، سودی پشک، سەروەت‌و سامان دانانێت. هەروەها لێخۆشبوونی گەورەی باج‌و باج نەخستنە سەر هاوردەکردن‌ سوودێکی گەورەی دیکەی بونی پاسپۆرتی دۆمینیکانە.

٣/  یارمەتی خێزان بەبێ مەرجی وەرگرتنی نیشتەجێبوون: هیچ مەرجێکی (ئیقامە) نیشتەجێبوونی ڕاستەقینە لەوڵاتەکەدا نییە، پرۆسەی وەرگرتنی پاسپۆرت لەوانەیە کەمتر لەچوار مانگ بخایەنێت‌و هاوسەرو منداڵی خوار تەمەنی ٣٠ ساڵ‌و دایک‌و باوک‌و باپیرەی داواکاری سەرەکی کە تەمەنیان لەسەرووی ٦٥ ساڵەوەیە دەگرێتەوە.

 

مستەفا غالب مەخیف، سەرۆکی پێشوی بانکی ناوەندی عێراق

لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٠، مستەفا کازیمی سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق بەبیانوی ئەنجامدانی "چاکسازی لەوڵات"و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، گۆڕانکاری لەچەند پۆستێکی ئەمنی‌و داراییدا کرد. لەنێو ئەو گۆڕانکاریانەدا دانانی مستەفا غالب مەخیف وەک سەرۆکی بانکی ناوەندی عێراق بوو.

مەخیف، لەساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ هاوسەرەکەی‌و دوو منداڵەکەی ڕەگەزنامەی دۆمینیکانیان وەرگرتوەو بە پێچەوانەی بڕگەی چوارەمی مادەی ١٨ی دەستوری عێراق، وەک سەرۆکی بانکی ناوەندی عێراق دەستبەرداری دو ڕەگەزنامەییەکەی نەبوە. لەمانگی ئەیلولی 2020 تا 23ی کانونی دوەمی 2023 وەک سەرۆکی بانکی ناوەندی عێراق دەستبەکار بووە، واتە تا ئەو کاتەی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق محەمەد شیاع سودانی مەخیفی لەپۆستەکەی دورخستەوە. ئەمەش دوای دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی.

ئەمە لەکاتێکدایە چەندین پەرلەمانتاری عێراق پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، بانکی ناوەندی گەورەترین قاچاخی دراوی بەخۆیەوە بینیوەو ئەمەش هۆکاری دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر بەدۆلار بوە.

 

ڕێککەوتنە سیاسییەکان لەدەستور بەهێزترن

دەستوری عێراق ڕێگە بەهاوڵاتیانی ئەم وڵاتە دەدات چەندین ڕەگەزنامەیان هەبێت، بەڵام لەماددەی ١٨ی ئەم یاسایەدا دیاریکراوە کە "هەر کەسێک پۆستێکی سیاسی یان ئەمنیی هەبێت - بە سەرۆکی بانکی ناوەندیشەوە - دەبێت دەستبەرداری ڕەگەزنامەی دوەمی خۆی بێت" .

غالب لە ساڵی ٢٠١٧ ڕەگەزنامەی دۆمینیکانی وەرگرتوە دوای دەستنیشانکردنی وەک سەرۆکی بانکی ناوەندی‌و دەستبەرداری ڕەگەزنامەی دوەمی نەبوە، ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕوونی مادەی ١٨ی دەستورە.

دراج ئاماژە بەوە دەکات کە غالب تاکە سیاسەتمەدار نییە دوو ڕەگەزنامەی هەبوبێت، چونکە دوو ڕەگەزنامە ڕێگە بە بەرپرسان دەدات بەتایبەت ئەوانەی تۆمەتبارن بەگەندەڵی، لەوڵات هەڵبێن. بۆ ئەوان وەک پارێزبەندییەکی بەهێزە لەدژی لێپێچینەوەی یاسایی. دراج ناوی چەند کەسێک دەبات کە دوو ڕەگەزنامەیان هەیە لەنێو ئەم ناوانەدا ئاماژە بەعادل عەبدولمەهدی دەکات کە هاوڵاتییەکی فەرەنسییەو حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشو، هاوڵاتییەکی بەریتانییە. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراقیش، خاوەنی دو ڕەگەزنامە بوە، کاتێک پۆستی سەرۆکایەتی عێراقی وەرگرتوە دەستبەرداری ڕەگەزنامەی بەریتانی بوە.

 

بنەماڵەی بارزانی

دراج ئاماژە بەوە دەکات "بنەماڵەی بارزانی لەساڵی 2005وە لەدوای هەڵبژاردنی مەسعود بارزانی وەک یەکەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە31ی 1ی 2005ەوە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە. وێڕای ئەمەش، دەسەڵات‌و سەروەت‌و سامانی بنەماڵەی بارزانی بەتەنها بۆ مناڵەکانی سیهاد بارزانی برای مەسعود بارزانی، بەس نییە. منداڵەکانی سیهاد بەناوەکانی جامی، جۆدی، ئەدریناو لامی لەساڵی ٢٠١٧دا بڕیاریانداوە ڕەگەزنامەی دۆمینیکان بەدەستبهێنن. جۆدی بارزانی بەڕێوەبەری لقی هەولێری سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانە لەحکومەتی هەرێمی کوردستان‌و لەمانگی حوزەیرانی ٢٠١٧وە وەک تەلارساز لەحکومەتدا کاردەکات. وەک لەهەژمارەکانیان لەتۆڕە کۆمەلایەتیەکان دەردەکەوێت، هەموویان گەنجن‌و لەبوارە سیاسی یان سەربازییەکانی هەرێمی کوردستاندا چالاکن. ئەمەش پرسیار سەبارەت بەخواستی ئەوان بۆ بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی وڵاتانی دیکە دەوروژێنێت. بەم هەمو دەسەڵات‌و سامانەوە رەگەزنامەو پاسپۆرتی وڵاتانی دیکەتان بۆچییە؟

 

دوو ڕەگەزنامە بۆ عێراقییەکان

بەپێی سایتی دراج بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی دووەم لەهەرێمی کوردستان بووەتە دیاردەیەکی باوو کۆمپانیای تایبەتمەند لەو بوارەدا کار دەکەن. ئەم کۆمپانیایانە "بەگەرمی خەریکی ریکلامکردنن بۆ پاسپۆرت‌و خزمەتگوزارییەکانیان‌و دڵنیابوون لەوەی هەزاران هاوڵاتی هەرێم بەتایبەت ئەوانەی لەچینی دەوڵەمەندی نوێن، دەتوانن لەڕێگەی وەبەرهێنانی دارایی یان کڕینی خانووبەرەوە ڕەگەزنامەی دۆمینیکان‌و پاسپۆرتەکەی وەربگرن".

بیرۆکەی کڕینی پاسپۆرتی دۆمینیکان، دورگەیەک کە ژمارەی دانیشتووانی ٧٢ هەزار کەسە، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردوە، بەتایبەتی لەنێو ئەو کەسانەی کە بەدوای ڕێگەیەکی سەلامەت‌و ئاساندا دەگەڕێن بۆ گەیشتن بەوڵاتانی یەکێتی ئەوروپاو جیهان، بەڵام بەدەستهێنانی پاسپۆرتی وڵاتانی کاریبی تێچووی زۆری هەیەو کەمترین بڕی کڕینی ١١٠ هەزار دۆلارە.

 

چیرۆکی پشت پەردەی کۆمپانیای ئەلئەوسەت چییە؟

نەوار جاسم جبوری، بازرگانێکە کە لەڕیسوایی گەندەڵی کۆمپانیای پەیوەندییەکانەوە تێوەگلاوە، لەساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ هاوسەرو منداڵەکانیدا پاسپۆرتی دۆمینیکایان بەدەستهێناوە. نەوار بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای پەیوەندییەکانی "ئەلئەوسەت"ەو لەگەڵ هاوسەرەکەی "لوبنا مەجید ئەلسەمیری" تۆمەتبارن بەوەی کە تێوەگلاون لەریسوایی ئێریکسۆن-ەوە لەعێراق.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتوە کە کۆمپانیای ئەلئەوسەت‌و خاوەنەکانی جەوهەر سورچی‌و نەوار جاسم جبوری، خۆیان لەباج دزیوەتەوەو دۆکۆمێنتیان ساختە کردوەو پێشکەش بەلایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراقیان کردوە. هەروەها لێکۆڵینەوەو بەڵگەنامەکان دەریدەخەن کە کۆمپانیای ئێریکسۆن بەرتیلی بە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاسیاسێڵ داوە بۆ ئەوەی پڕۆژەی ناسراو بە"پیرۆزە" Beroza بەدەستبهێنێت‌و پێدانی بەرتیلەکەش لەڕێگەی Al-Ous-ەوە بووە.

لینکی راپۆرتەکەی دراج:

https://daraj.media/en/113552/

جودی و جامی و لامی سیھاد بارزانی


سیهاد بارزانی ‌و لامی کوڕی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×