تێڕامانێك لەكتێبی (لەبری بیرەوەری )

شەماڵ عادل سەلیم
  2020-09-26     1320
لەدوای ئەوەی  مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کتێبەکەی (لەبری بیرەوەری) بڵاوکردەوە ، هه‌ڵمه‌تێكی فراوان و توندی جنێو وتەشهیر کردنی بەدوای خۆیدا هێنا ، کە مرۆڤ بە هەقیقەت شەرم دەکات لێرەدا دووبارەیان بکاتەوە ، لەوکاتەی دەبوایە ئەوەی رەخنەی بابەتیانەی هەبوایە بەبەڵگە وەڵامی نوسەری بدابایەتەوە هەروەک خۆی لە دیمانەو کتێبەکەیشدا داوای کردووە .

من بۆ خۆم وه‌ك یه‌كێك له‌ ئاگاداره‌كان و بەشداربووی به‌شێك لەو مێژووه‌ خوێناویە و، دوورودرێژه‌ی کە نووسەر باسی کردووە ،دەتوانم بەڕاشکاوانە دەیان بڕیار و کردەوەی هەڵە و تاوانی ( هەموو لایەنە شەڕکەرەکان ) بەبەڵگەوە بخمە ڕوو کە شایەنی لێکۆڵینەوەو رەخنەی جدیین .
لێرەدا بەگرنگی دەزانم ،لەم چەند خاڵەی خوارەوە  باسی هەندێ لەو تاوانانە بکەم کە لە مێژووی خوێناوی براکانەوە دەست پێ دەکات و،هەتا ئەمرۆیش بە شێوازی جیا جیا بەردەوامی هەیە .
١ / دیل کوشتن لە شەر و ململانێی نێوان حزبەکاندا و،هەروەها لەکاتی ئاشتیشدا تاوانێکی حاشاهەڵنەگری خەباتی  کۆن و نوێی حزبە کوردستانییە کانە، بەڵگەکان ، تۆماری دەنگی بێژەرەکانی ئێزگەی حزبە شەڕکەرەکان ، جەنگاوەرە رزگاربووەکان و خەڵکی شارو دێهاتەکان ، بەیان و بڵاوکراوەو بیرەوەرییەکان ، لێکۆڵینەوەکان ، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن .
٢ / ئەگەر حزبە کوردییەکان ئەو ڕق و تۆڵەسەندنەوەیەی چەنین ساڵە بەرامبەر یەکتر پەیرەویان کردووەو تا ئێستایش بەردەوامن ، ئەگەر بەرامبەر دوژمنەکانیان پەیرەویان بکرد با ، عەیامێک بوو کورد خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بوو .
٣ / ئەو تاوانانەی  لە شەڕی براکان ڕوویدا ، تەنیا حزمەتی دوژمنانمانی کردووە ، بۆ سەلماندی ئەم ڕاستییەش ،ئەگەر لاپەرەکانی مێژووی دوێنێمان هەڵدەینەوە ،  بەدەیان بەڵگە و دۆكیومێنتی  ئیستیخباراتی حزبی بەعس هەن کە خودی نەوشێروان مستەفا  لە کتابی ( پەنجەکان یەکتر دەشکێنن )  بڵاویکردۆتەوە وئەو راستییە دەسەلمێنێت .
 بەڵگەکانی بەعس ئەوەمان پێ دەلێن ،کە ڕیژێمی بەعس هەمیشە لە رێگای سیخوڕەکانییەوە  کە لە ریزی حزبە شەڕکەرەکان بۆ جێبەجێ کردنی پڵانەکانی تەجنیدی کردوون ،هەوڵێ بەردەوامی و خۆشکردنی ئاگری شەڕ و قوڵکردنەوەی کێشەکانی لە نێوان حزبە شەڕکەرەکان داوەو چەندین چالاکی تێکدەرانەی بۆ ئەم مەبەستە جێبەجێکردوە و تا ڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بووە .
٤ / پیرۆزکردن و پەرستنی بنەماڵە و سەرکردەکان ، سەرۆکی حزبەکان ، منالەکانیان ، بە زیندوویی و بە مردوویش ،دیاریدەیەکی کوشندە و کارەساتێکی گەورەیە، یەخەی هەموومانی  گرتووە و ناهێلێت ڕاستییەکان وەک خۆی ببینین و لە بازنەی کۆیلایەتی دەربچین .
٥ / ئەوەی دوێنێ لەشاخ لەنێوان حزبە شەڕکەرەکان دا دەگوزەرا  ، ئەمرۆ بەئاشکرا لەبەرچاوی کامێراکانەوە ترس وتۆقاندن و گرتن وزیندانی کردن وئەشکەنجە و شاربەدەرکردنی ئازادیخوازان و بەشەق لێدانی مامۆستایان لەسەر داواکردنی سادەترین مافەکانیان و نادادیی و ژێرپێخستنی مافەکان و تیرۆرکردن و ئیرهابی فیکری دوبارە دەبێتەوە ، لەوەش زیاترتۆمەت و تاوانەکانی چاوساغی بۆ دوژمن و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی و بەکرێ گیراوی ودەستی دەرەکی دەخەنە پاڵیان و هەوڵی ناشیرین کردن و خەفەکردن و  بێدەنگ کردنیان دەدەن .
بۆیە بەئازارەوە دەڵێم : ئەو ململانێ و ملشکاندنەی دوێنێ بە فیتی حزبی بەعس لەشاخ لەنێوان حزبە شەڕکەرەکان جێبەجێ دەکرا ، ئەمرۆ لە هەرێمی بەتەمای خودا بە شێوازی جیا جیا بە فیتی وڵاتانی دەوروبەر بەردەوامی هەیە ، ئەوەی ڕاستییەکانیش بڵێت ، دەبێت لە پێشدا فاتیحایەک بۆ روحی خۆی بخوێنێت .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×