کاکەمین نەجار ڕاست دەکات بەڵام ؟!

شەماڵ عادل سەلیم
  2021-09-23     1383

 دوێنێ ٢٢ی ئەیلول ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان  کاکەمین نەجار لە ددانپێدانانێکی ڤێدیۆیی کە لینکەکەی لەپەراوێزی ئەم وتارەم دادەنێم ، نەجار دەڵێت : ( ئەو بەرپرسە بەعسییانەی پێشتر کوردیان کیمیاباران و ئەنفال دەکرد ئێستا لە هەولێرن و پەشیمانن ) !
ئەو ددانپێدانانەی ئەو بەرپرسە باڵایە ئەو ڕاستیانەمان بۆ دەردەخات :
١ / هەولێر بۆتە پەناگەی دڕندەکانی کۆمەڵکوژیی گەلی کوردستان .
٢/ دەسەڵاتی کوردی رێزی تاوانبارانی کۆمەڵکوژیی ،ئەوانە سەددام حوسێن 
مەدالیای ڕیزلێنان و جەنگیان پێدەبەخشین لەپای زیاتر کوشتنی کوردان ، رێزیان لە قوربانییەکانی ئەنفال و هەڵەبجەو مناڵە شەهیدەکانی کوردستان  زیاتر گیراوەو ژیانێکی شاهانە لەهەرێم و لەسایەی دەسەڵاتی کوردی بەسەردەبەن .
٣/ لێبوردن لە تاوانبارانی (کۆمەڵکوژیی، تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی پەیماننامەی جنێڤی ساڵی 1949) لەهیچ شوێنێکی ئەم دونیایە روی نەداوە ، تەنها لە هەرێمی کوردستان دا نەبێت . بێ ئاگا لەوەی کە ئەم تاوانانە هیچ لێبوردنێک نایانگرێتەوە.
٤/ لە بری ئەوەی کاکەمین نەجار وەک ئەندامێکی سەرکردایەتی حزبێکی باڵادەست لەسەر ئاستی نێودەولەتی خەباتی دیپلۆماسی و مەدەنی بۆ ناساندنی کۆمەڵکوژیی و تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکارییەکانی بەعسی فاشی دژ بە گەلی کوردستان بکات ، هاتووە خۆی کردۆتە نوێنەری تاوانباران و باس لەپەیامی پەشیمانی تاوانبارانی کۆمەڵکوژیی و قڕکردنی گەلی کوردستان دەکات ، ئەو دڕندانەی لەتەک قوربانییەکانیان  لەهەولێر ژیانێکی شاهانە دەگوزەرێنن، کە نابێت ، ناکرێت و تاوانە بەھیچ جۆرێک ئەو دڕندانە لێبوردنی گشتی و تایبەتی بیانگرێتەوە و بەھیچ شێوەیەک نەک تەنها  نابێت لەسزادان ببەخشرێن ، بەلکودەبێت  لیژنە یاسایی و ئیداریی  چاودێری پرۆسەی دەست بەسەرکردنی تاوانکاران و بکەران و ھاوبەشەکانی ئەو تاوانانە بکەن بەپێ یاسا.(ئەگەر یاسا بوونی هەبێت ) .
٥/ تەماشای ئەو دووفاقییە بکەن ، تاوانبارانی کۆمەڵکوژیی و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و وێران کردنی کوردستان بەئازادیی لە هەرێمی کوردستان دەژین ، کەچی چەندین چالاکڤان و رۆژنامەنووس ،ئەوانەی رەخنە لەدەسەڵات دەگرن و داوای مافی خەڵک دەکەن ،لە زیندانەکان توند دەکرێن و بە تیرۆریستیش ناوزەد دەکرێن!
لە کۆتایدا ئەوەندە ماوە بڵێم :
 دەبێت نەجار و حزبەکەی کە هەمیشە باس لە سەروەری یاسا دەکەن و خۆیان بە نوێنەری ڕاستەقینەی قوربانییان دەزانن ، دەبێت باش  بزانن ، ئەوانەی نەجار  باسیان دەکات لە گرتە ڤیدیۆکەدا و دەڵێت ( پەشیمانن)  ، ئەوانە تاوانباری ئاسایی نین ، مریشک و مراوی دز نین ، گەندەڵ نین ، بەڵکو تاوانبارن بە تاوانی کۆمەڵکوژیی گەلی کوردستان ، بۆیە دەبێت نەجار ببێتە نوێنەری قوربانیان نەک تاوانباران .


*بۆبیستنی قسەکانی نەجار کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە : (https://www.facebook.com/watch/?v=827969694535072

 

شەماڵ عادل سەلیم / شایەدحالی کۆمەڵکوژیی بەعسییەکانە .

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×