لە جوغزی دووفاقی هاووڵاتیانەوە!

شەماڵ عادل سەلیم
  2022-01-21     900

بەهۆی بەفر بارین ونزم بوونەوەی پلەی گەرما بە رێژەیەكی بەرچاو ، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی شارەکانی هەرێمی بەتەمای اللە ، ئاگاداری هاووڵاتیان و شۆفێران دەکاتەوە کە شەقامەکانی ناوشارو دەرەوەی شار بەستەڵەکن و مەترسی روداوی هاتوچۆیان هەیە. هەروەها داوایش لە شۆفێران دەکەن کە  بە هیچ جۆرێک لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە و شۆفێری نەکەن بۆ ئەوەی لە روداو و کارەساتی هاتوچۆ پارێزراو بن.

بەڵام ئەوەی سەیروسەمەرەیە و بۆ من پرسیارێکی بەئازارە ئەوەیە :

هاووڵاتیانی هەرێم لە دەست بێ مووچەیی ، بێ نەفتی ، بێ غازی ، بێ کارەبایی ، بێ ئیشی ، بێ ئاویی و چەندین (بێ) ی زەبەلەحی دیکە دەناڵێنن ، کەچی بەشی زۆری ئەوانەی هەمیشە ڕەخنەدەگرن و باسی نەبوونی  موچەو خزمەتگوزاریی و ناعەدالەتی دەکەن ، زۆر رۆمانسیانە لەناو بەفر خەریکی وێنەگرتن و شەڕە بەفرو نووسینی شیعری ڕۆمانسین ، لەو کاتەی دەبوایە لەشەقام بن و پر بەقورگی خۆیان داوای سادەترین مافەکانی خۆیان بکەن .

ئای لەوە ، تەنها لە هەولێرکە ٤ سم بەفر باریوە ، زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتی بەهۆی بەفرەوە دەست و قاچیان شکاوە ، لەگەڵ ئەویش  لە شایی و هەڵپەرکێی نێو بەفرو نێرگیلە کێشان نەکەوتوون ، هەروەک ئەوەی نەبایان دیبێت نەباران ؟

ئاخر هاووڵاتی بەرێز ، جەنابت دینارێکت لە گیرفان نییە ، لە خانویەکی کرێی ساردوو بێ نەوت وکارەبا ژیانێکی کۆڵەمەرگی بەسەر دەبەیت و هەررۆژێکت مردنێکە ، پێم ناڵێت ئەو بەفرە لە ماڵوێرانی زیاتر چیدیکەی لەگەڵ خۆی بۆت هێناوە ؟

من لەوە باش تێدەگەم کە بەفر بۆ بەرپرسە  پۆشتەکانمان  نیعمەتە ، ئەوان لە قەسرێکی شاهانەی گەرم دەژین ، کە دەچنە دەرەوەش باشترین پۆشاکی فەرەنسی و ئەمریکی و بەریتانی دەپۆشن ، بە سودترین خوراک دەنۆشن ، ئاوو کارەبایان فولە ، شەق لە دۆلار دەدەن !،

بەڵام ئەوی لێی حاڵی نابم ، زەماوەندی هاووڵاتیانی بێدەرامەت و بێ خزمەتگوزاری نێو بەفرە ، ئەو هاووڵاتیانەی عەیامێکە مردوون ونانی زیندووان دەخۆن !

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×