دکتۆرە سامیە شاکر سادق ...گەنجینەیەک لەهەڵوێست‌و زانست

شەماڵ عادل سەلیم
  2019-08-09     1864


ئەوڕاستییەی دەبێت بگوترێت: 
ئافرەتی بەهرەدارو تێکۆشەری ناسراوی گەلەکەمان دکتۆرە سامیە شاکرسادق ( مەشەخەڵ ) ، ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا لەدایک بوایە ، بێ‌گومان ئێستا دەبوو بە سومبلێکی پیرۆزو گەورەی نەتەوەی ، وەک گەنجینەیەکی وشە وهەڵوێست و زانستی مەزنی ئەوان وڵاتان، سامان و ناوبانگ و ڕێزی بەسەردا دەباری و بەرهەمەکانی بەخۆڕایی بۆ چاپ دەکرا . هەروەها بەشانازییەوە پەیکەرو وشەقام و قوتابخانەی بەنێو دەکراو وێنەی لەسەر پوولی پۆستەو ودراوی کاغەزو کانزا نەخش دەکرا ، بەڵام بڵێم چی .....؟ هەرئەوەندە دەکرێ لێرەدا وشەکانی شاعیری گەورەی گەلەکەمان( گۆران)ی مەزن دووبارەبکەمەوە کە دەڵێت : ( بەڵێ دیارە لەناو قەومی بەسیتا قەدری سەنعەتکار.... وەکوو عەکسی قەمەر وایە لەناو گۆمێکی لیخندا) .... !!

(سێ بێ ـ  بەستەپیازە ، بەغدا ،بەرلین ): 
بەبۆنەی دەرچوون و چاپکردنی دوو بەرهەمی ناوازەی دکتۆرە (سامیە / مەشخەڵ )بە هاوکاری و ماندوبوون و دلسۆزی کاک( سۆران تاودەر/ خاوەنی چابخانەی شەهاب لە هەولێر) ، یەکەمییان بەنێوی ( سێ بێ ، بەستەپیازە ، بەغدا ،بەرلین )، دیارە ئەم کتابە هەروەک دکتۆرە (سامیە)لە پێشەکییەکەی نووسیویەتی و دەلێت :  (بەشێکە لە بیرەوەرییە سەختەکانی  ژیانم ) ، منیش دەڵێم : ( سێ بێ ) گوڵبژێرێکە لە باخچەی وشەو هەڵوێست و خەباتی شێرە ژنێکی هەولێری ( بێ ناز ) و خانەوادە تێکۆشەرو قوربانیدەرەکەی . 

 دووەمیان کتێبێکی ( ئەلکسەندرا کۆلۆنتای )یە دەربارەی ( رزگاربوونی ئافرەتە کرێکارەکان ) کە ( مەشخەڵ )  لە عەرەبییەوە بەر لە ( ٤٠ ) ساڵی رەبەقدا وەرگێراوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی ، بەڵام بەهۆی باروزروفی نالەباری ئەوسای وڵات و ،دواتریش بەهۆی دورکەوتنەوەو و گیرسانەوەی ( مەشخەڵ ) لە غەریبیدا نەیتوانی بەچاپی بگەینێت ..
ئەوەی شایەنی ئاماژە پێکردنە ئەوەیە ، ( مەشخەڵ )بەر لە چونی بۆ هەندەران ، دەستنووسی وەرگێرانی کتێبێ ( ئەلکسەندرا کۆلۆنتای ) لە لای هاورێیەکی ئازیزی بە نێوی( دکتۆرە بەدیعە محەمەد نەجیب ساڵح ) کە بەیەکەوە لە ساڵانی ١٩٧٤ / ١٩٧٩ ئەندامی ئەنجومەنی یاسادانان بوون  ،دەستنووسەکەی  بەئامانەت بەجێ هێشتووە ... ،(دکتۆرە بەدیعە )ش زۆر دلسۆزانە زیاتر لە ( ٤٠ ) ساڵی رەبەق ، دەستنووسەکەی ( مەشخەڵ )ی بەنهێنی وەک ئەمانەتێکی بەنرخ پاراستووەوبەم دواییە وەک سورپرایزێک  ئەمانەتەکەی بۆ دکتۆرە (سامیە )گەراندەوە ، کەئەمەش جێگای دڵخۆشی و سوپاس و پێزانییە ، بەتایبەت لەوکاتەی ( مەشخەڵ ) بەهۆی نەخۆشی وماندووبوونیەوە ئەمانەتەکەی لەیاد نەمابوو ....!!

لەم دەرفەتەدا بە پێویستی دەزانم ، بەتایبەت بۆ (نەوەی نوێ ) ، زۆر بەکورتی چەند وشەیەک دەربارەی نووسەر و ڕووناکبیری ناسراو (دکتۆرە  سامیە )و بەرهەمە چاپکراوەکانی وەک وەفاو پێزانین بنووسم ، بەو هیوایەم  بەرهەمەکانی ( مەشخەڵ ) وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی باوەڕپێکراو لە مەیدانی زانست و شیعرو کلتووریدا سوود بەخش بێت .
 دەبێ ئەوەش بلێم کە بۆ من وەک قوتابییەکی ئەو زاتە ئاسان نییە ، لەم دەرفەتە کەمەدا ، بەبۆنەی چاپ کردنی دوو بەرهەمی نایابی ( مەشخەڵ ) شتێ بنووسم ، چونکە ( مەشخەڵ ) زیاتر لە ٥٠ ساڵ خەریکی خەبات و تێکۆشان و نووسین و شیعرولێکۆڵینەوەو وەرگێران بووەو بە سەدان لێکۆڵینەوەی بەپێزی لەسەر باروزروفی ئافرەتانی وڵاتەکەی و بابەتی ئەدەبی ، مێژوویی ، کۆمەڵایەتی ، نەتەوەیی ، وەرگێران و ڕمیاری لە پاڵ کاروچالاکییە ڕامیارییەکانی بەرهەم هێناوە وهەتا ئەمرۆش  بەردەوامە لەبەرهەم هێنان و نووسین و لێکۆڵینەوە بەزمانی( کوردی و عەرەبی و ئەڵمانی ) ، کە بەهەقیقەت نووسینەکانی سەرچاوەیەکی گرنگن بۆ قوتابیانی زانکۆو زانست پەرواران  : 

(مەشخەڵ ) کێیە ؟ 
(مەشخەڵ ) ناسناوی شیعری شاعیری ئافرەتی بەهرەدارو شۆرشگێرو زاناو ناوداری هەولێری دکتۆرە( سامیە شاکرسادق) ە .
( مەشخەڵ ) لە ناوەڕاستی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا لە شاری هەولێر ( گەرەکی قەڵات ) لە بنەماڵەیەکی ئەدەب پەروەرو هۆشیارو ناودار لەدایک بووە ، دایكی ( ئامینە شێخە عەبدولڵا ) لەدایک بووی گوندی( پیرداود)ی دەشتی دزەییانە، باوکی لە بەر ئازایەتی بە( عەبدوڵلا ڕووت ) ناسراوە ، ( ئامینە خان ) ئافرەتێکی دیندار و خواناس وقسە لەڕووبووە. 
( شاکرسادق حەمە سەلیم)ی باوكیشی پیاوێکی دنیادار و سەخی تەبیعەت و مێوانپەرست بووە، بەهۆی كاری باوكییەوە ( مەشخەڵ ) خوێندنی سەرەتایی لە شارۆچکەی شەقڵاوە تەواو كردووە، و قۆناغی ناوەندی لە هەولێر بەسەرکەوتوانە بڕیوە .

لەساڵی ١٩٥٨دا، خانەی مامۆستایانی لە بەغدا تەواو كردووە , بۆ یەكەم جار لە شارۆچکەی شەقڵاوە وەك مامۆستا دامەزراوە، لە پاشان بۆ هەولێر گواسترایەوە وەك بەڕێوەبەرو، زۆر بەسەركەوتووانە كاری خۆی بەئەنجام گەیاندووە. 
(مەشخەڵ )هەر لە منداڵییەوە هەستی نووسینەوەی هۆنراوەو پەخشانی هەبووە،و بەرەبەرە پەرەی پێداوە، هەتا بەتەواوی لە جیهانی هونەر و هۆنراوەدانان جێگای خۆی کردۆتەوە و قەڵەمێکی دیارو یاخی و بەبرشتی سەردەمی خۆی بووە .
(مەشخەڵ) کاتێک چەپکێک لە بیرەوەرییەکانی بەنێوی ( سێ بێ / بەستەپیازە ، بەغدا ، بەرلین ) دەنووسێتەوە تەمەنی حزبی نزیکەی نیو سەدە دەبێت و ، هەمووشی بۆ ئایدیاو ئامانجە پیرۆزەکەی تەرخان کردووە ، ئەو ئامانجەی تا سەر ئێسقان باوەڕی پێ یان هەبووە و دڵسۆزانە خەباتی بۆ کردووە قوربانی بێ پایانیشی بۆ داوە ، ئێستاش بەهەمان نەفەس و دلسۆزی جارانی کاردەکات ...

شایەنی ئاماژەپێ دانە ،کە هاوڕێیەکی دێرینی دکتۆرە (سامیە) کە ئەویش بەرێز (  بەدیعە محەمەد نەجیب ساڵح ) ە پێشەکییەکی کورت و پوختی بۆ (سێ بێ) نوسیووە و لە بەشێکیدا دەلێت : ( لە میانی ئاشنابوونمان بەیەکتری ، خوشکە سامیە هەمیشە کەسێکی خێرخواز و چاکەویست بوو و یارمەتی چەندین خێزانی هەژارو نەداری دەداو بەوپەڕی رێزەوە تەعامولی لەگەڵ خەڵک دەکرد. هەروەها بیروبۆچوونەکانی واقیع بینانە و زانستییانە و کۆمەڵایەتی و لەبەرژەوەندی گەلی کورد بوون ) ....
ئەوەی بیرەوەرییەکانی (مەشخەڵ) بخوێنێتەوە دەزانێت ،کە ئەم زاتە چەندە ناخۆشی و ئەزیەت و دەربەدەری و چەوسانەوەی بینیوەو هەروەها قوربانی زۆریشی بۆ چارەسەری کێشەی ڕەوای گەلەکەی داوە ، تەواوی وەزو توانای خۆی خستۆتە حزمەتی گەلەکەی و لەپێناویشیدا باجێکی زۆری داوە  ، ئێستاش بەهەمان گڕوتینی جارانییەوە سوورە لەسەر خەبات و داکۆکیکردن لەمافی چەوساوەکانی گەلە ستەمدیدەکەی و بەدلێکی گەرمەوە بەرژەوەندی گشتی خستۆتە سەرووی بەرژەوەندی تایبەت ، هەربۆیە بەشانازییەوە لە گەنجینەی( سێ بێ)  دا دەڵێت : 
( پاش نزیکەی نیو سەدە لە خەباتی بێ پسانەوە ، لەم دنیایەدا جگە لە شەرەف و شان و شکۆی خۆم وەک ئافرەتێکی نێو بواری سیاسەت و ئەدەب ،هیچ شتێکی دیکە شک نابەم ، کەئەمەش مایەی سەربەرزیمەوبەهەمووسەروەت وسامانی دنیا نایگۆڕمەوە ) ..

لە ( سێ بێ ) دا ، دکتۆرە (سامیە) چەندین بەڵگە نامەی گرنگی بڵاوکردۆتەوە کە ژیانی خۆی و خانەوادەکەی بەرەو ئایندەیەکی نادیار برد ،بەتایبەت دوای هەڵوەشاندنەوەی (بەرەی نێوان حزبی شیوعی و حزبی بەعس )کە ( مەشخەڵ ) کادیرێکی دیارو چاڵاکی حزبەکەی بووە ،هەروەها چەندین وێنە دانسقەی خۆی و خانەوادەو هاورێیانی بڵاوکردۆتەوە لە تەک چەندین دیکۆمێنت ونامەی گرنگ . 
دکتۆرە سامییە لە ( سێ بێ ) دا دەلێت : ( لە بنەماڵەکەمان چەندین کەسایەتی دیارو شوڕشگێر هەڵکەوتوون کە بەگیانی خۆیان بەرگرییان لە نیشتمان کردووە و خزمەتێکی بەرچاوی شارەکەشیان کردووە هەتا لەبواری یاسادانانیش ،لەوانە : 

١ / کاک موسا سەمەد ، کە یەکێک بووە لە ئەندامانی رێکخراوی ( دارکەر ) ( الحگاب ) کە کۆمەڵەیەکی سیاسی بووە و ، بۆ سەربەخۆیی کورد تێدەکۆشا و لە دواییدا ناوی ئەو کۆمەڵەیە لە ساڵی ١٩٣٩ دا بووە ( حزبی هیوا ) و مامۆستا رەفیق حلمی بووە سەرۆکی ، هەروەها  لەناوەراستی هەفتاکانی سەدەی ڕابردووش بووە وەزیری پەروەردە لە کوردستان . 
٢ / کاک ( عادل سەلیم ) ، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی شیوعی عیراق بوو ، هەروەها بۆ ماوەی ٣ ساڵ وەزیری گواستنەوەوگەیاندن بووەو ، حزمەتێکی زۆری بەگەل و نیشتمانەکەی کردووە . 
٣ / دکتۆر ( کەمال عەزیز توتنچی ) ، ئەندامی ئەنجوومەنی یاسادانان و دکتۆرێکی لێزان و بەناوبانگ بوو و، لەهەردوو بواردا حزمەتی بەرچاوی هەبووە . 

دکتۆرە ( سامیە )لەگەڵ دەستپێكردنی ژیانی ڕامیاری ، دەستی بەنووسین و هۆنراوە دانانیش كردووە، هەتا لە ساڵی ١٩٦٩دا، وەك ئەندام لە (یەكێتی نووسەرانی كورد) دەست بەچالاكی دەكات، پەرە بەكاری وێژەی هۆنراوە نووسینیش دەدا وبەرهەمەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەكانیش بڵاو دەكرانەوە, هەندێ‌ لە هۆنراوەكانی وەك سروود لە قوتابخانەكان دەوترانەوە، كە دانانی ئاوازەكەی لەلایەن مامۆستا (فوئاد ئەحمەد نانەكەلی) بووە وەك هۆنراوەی (ئاشتی خوازین) ...

دکتۆرە (سامیە ) ، لەسەرەتای ژیانییەوە  شیعر و وشە دەکاتە ئامرازی خەبات و تێکۆشان ، بۆیە لە هەر بۆنەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی کورددا حزوری هەبووە و شیعری داناوەو لە کۆڕوکۆبوونەوەی جەماوەریدا پێشکەشی کردووە ، بەهێزترین هۆنراوەی ( مەشخەڵ ) ، هۆنراوەی (بیری چەسپاوە )، کە چاوەڕوانی ڕۆژی راستەقینەی ژینی ئازادی نەتەوەکەیەتی ، تاکو بەسەربەرزی لەبەر روناکی رۆژی بیری چەسپاودا بژی کە هەتا هەتایە ئاوا نابێ و دەڵێ : 
(ڕاستە هاوڕێ‌ من كچێكم... خاوەن بیروباوەڕێكم
لەت لەتم كەن گەر بمكوژن... قەت ناگۆڕێم هەر یەكم
گەر بمخەنە ژووری زیندان.... هەر چەند ئازاریشم بدەن
هەرگیز ناوەستم نابەزم..... چونكە دڵسۆزم بۆ وەتەن
من هاوار ئەكەم لە مەیدان.... ئازادی بۆ گشت میللەتان
لەبن دێت هەر بەتێكۆشان... ڕەگ و ڕیشەی گشت خوێنمژان . )

بەرێزان ، ئەوەی لەسەرەوە باسم کردووە گوڵبژێرێکە لەڕەوتی ژیان و خەبات و تێکۆشانی خاتوو سامیە شاکر سادق ( مەشخەڵ ) ، چونکە باسکردن و گێرانەوەی تەواوی بەسەرهات و تێکۆشان و ماندووبوونی ئەوزاتە بە چەندین کتاب تەواو نابێت ، بۆیە لێرەدا هەربەوەندە کۆتایی بەم چەند وشەیە دەهێنم و هیوادارم لەداهاتوودا بتوانیین زیاتر لاپەرەکانی ژیان و تێکۆشانی دکتۆرە (سامیە )هەڵبدەینەوەو بە نەوەکانی نوێ ئاشنای بکەین .... 

لەکۆتای دا هەرئەوەندە ماوە بڵێم : هیچ بەرهەمیک بێ کەم و کوڕی نابێ ، بۆیە لێرەدا داو لە پسپۆران و ڕەخنەگران دەکەم ، کە بەشێوەیەکی زانستیانە  لێکۆڵینەوە  لەسەر ژیان و تێکۆشان و خەبات و بەرهەمەکانی ( مەشخەڵ ) وەک ئافرەتێکی زانست پەرست و ماندوونەناسی بواری خەبات و تێکۆشان بنووسن و زیاتر بەنەوەی نوێ ئاشنای بکەن ، چونکە ( مەشخەڵ )ی زانست و خەبات ، بەر لەوەی ملکی  خانەوادەکەی بێت ، ملکی نیشتیمانێکی  لەخاچ دراوی بێ ناسنامەیە  کە هەموو جوانی تەمەنی لە پێناو زانست و ئازادیی ژیان و سەربەستی و یەکسانیدا کردە قوربانی  ...... !!
تەمەن درێژببێت ( مەشخەڵ) ی بڵیمەت ومامۆستای بەهەردارو شۆرشگێرو شاعیرو زانست پەرست و زاناو ناودارو مرۆڤ پەروەری خاوەن بیری چەسپاو وهەلوێستی نەگۆڕ ...!

*بەرهەمە چاپکراوەکانی دکتۆرە سامیە ( مەشخەڵ )   : 
١/ دیوانی بیری چەسپاو / هەولێر  ١٩٧٣
٢ / دیوانی بەهرەی دوور / سوید  ١٩٨٤
٣ / بیوگرافییای ناساندنی نووسەرانی کورد / بەزمانی ئەڵمانی  /  ١٩٩١
٤ / ئەلف و بێ ی کوردی بەناونیشانی ( هەولێر /  بۆ خوێندکارانی ئەڵمانی ) / ١٩٨٦
٥ / نامەی (بکالۆرێۆس و  ماجستێرو دکتۆرا / ( لایبزیگ ) .
٦ / سێ بێ / بەستەپیازە، بەغدا ، بەرلین / بەشێک لە بیرەوەرییە سەختەکانی ژیانم / هەولێر ، ٢٠١٩
٧ / وەرگێرانی کتێبی (ئەلکسەندرا کۆلۆنتای) لە عەرەبییەوە بۆسەرزمانی شیرینی کوردی ،بەناونیشانی ( ڕزگارکردنی ئافرەتە کرێکارەکان )  ، هەولێر ، ٢٠١٩ 

 

 


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×