نامەیەکی کراوە بۆ بەرێز عەلی حەمە سالح

شەماڵ عادل سەلیم
  2021-09-13     2544
سڵاوو رێز ...
دوای ئەوەی کە جەنابت بابەتێکی کۆنت بڵاو کردەوە ( کە پر بەدڵ حەزم دەکرت کەیسێکی  نوێ بوایە ) تیایدا بەبەڵگە باسی مووچەی خانەنشینی  ١٦  کەسایەتی چەپی عیراق و کوردستان دەکەیت( کە بەپلەی باڵاو تایبەت خانەنشین کراون ) . لەدوای بڵاوکردنەوەکەشت چەندین نووسین و وتار لەسەر هەمان بابەت بڵاوکرایەوە ، بۆیە منیش وەک پێشمەرگەیەکی دێرینی حزبی شیوعی عیراق و زیندانییەکی سیاسی سەردەمی بەعسی فاشی و کوڕی شەهیدی یەکێک لەسەرکردەکانی حزبی شیوعی عیراق کە تا رادەیەکی باش ئاگاداری نادادپەروەری و گەندەڵی هەرێمی کوردستانم ، بەگرنگی دەزانم ئەم چەند خاڵەی خوارەوە زۆربەکوردی و بەکورتی بخەمە بەرڕۆشنایی دیدی جەنابت وهەموو ئەوکەسانەی کە لەسەر بابەتەکەی جەنابت هاتنە قسە :

١ / بەرێزت هیچ گەندەڵییەکی نوێت ئاشکرا نەکردووە هەتا دەست خۆشیت لێ بکەم وەک کارەکانی دیکەت ، ئەوەی کردوتە خشتەیەکی کۆنی پێش چەندین ساڵت بڵاو کردۆتەوە کە ئێمەمانان پێش جەنابت رەخنەمان لەو کەسایەتیانە گرتووە کە ناویان لە خشتەکە هاتووە . نەک تەنها رەخنەش بەڵکو گوتومانە نابێت حزبی شیوعی کە لەسەر بنەمای یەکاسانی و دادپەروەری وەک پێویستییەکی مێژووی پێش ٨٠ ساڵی ڕەبەق لەدایک بووە ، نابێت بارەگاشی هەبێت ، چونکە بەڕای ئێمەمانان خەبات و وجودی شیوعییەکان دەبێت لەنێو ڕێزی خەڵکی ستەمدیدە وبێبەش وماف خوراوەکان بێت نەوەک لەنێو چواردیواری بارەگاکان .
 ٢/ منیش وەک هەڤاڵی بەرێزت  کاک (هۆشیار عەبدوڵلا )رەخنەم لەجەنات لەسەر یەک دێری نووسینەکەتە و بەس، ئەویش کە دەڵێت (لەم نادادیە تاڵە ،چوار عەرەب بەوەزیرو بریکاری وەزیر خانەنشینن لە ھەرێم)، چونکە ئەم ڕستەیە  دەربرینێکی نەژادی و رەگەزپەرستانە یە ، دەکرا بەشێوەیەکی ڕاسترو وردتر ئاماژەت پێ بکردبایە  ، کە خۆشبەختانە لە وەڵامی هاوڕێ ئەبوکاروان دا ئەم هەڵە زەقەت ڕاستکردۆتەوە. دواتر هەربۆ زانیاری جەنابت لە هەمان خشتەی ناوەکان کە جەنابت تەنها چوار ناوی هاوڕێی (عەرەب)ت بڵاوکردۆتەوە ، ناوی چەندین سەرکردەی کۆمونیستی دیاری عیراقی تێدایە کە باسی ئەوانت نەکردووە و نازانم بۆ ؟
کاک عەلی  گەندەڵی ، گەندەڵییە هەرکەسێک بیکات (عەرب ، کورد ، تورکمان ، مەسیحی ..تاد ).
٣ / نابێت و ناکرێت کەسایەتی چەپی ڕاستەقینە کە خەبات لەپێناو ژیانێکی خۆش وشایستە بەئینسان کە بەنرخترین سەرمایەیە دەکات ، پاساو بۆ گەندەڵیی و نادادپەروەری وبە فیرۆدانی سەروەت و سامانی هەرێم بهێنێتەوە ،  تاوانە گەندەڵی بە گەندەڵی هێزو کەس و حزبی بەرامبەر پاساوی بۆ بهێندرێتەوە   . ئاخر کەی لۆژیکە بیرو هزری هاوڕێیانی سەرکردەی حزبی شیوعی عیراق (فەهدو سەلام عادل و جەمال حەیدر و عادل سەلیم و نافع یونس )بە بیرو هزرو بۆچونەکانی ( نەوشیراوان و جەلال تالەبانی و مەسعود بارزانی و کاکە حەمەو و عەلی باپیر ومونا قەهوەچی و ئایدن مەعروف و... تاد ) بەراورد بکرێت ؟ .کەی راستە پەیرەوپرۆگرامی حزبی شیوعی لە گەل بەرنامەو کاری حزبەکانی دیکە بەراورد بکرێت ؟  
هیچ ڕاست نییەو تاوانەهەر کەسێک  بەرگری لەو کەسایەتییە چەپانە بکات کە ناویان لەلیستی خانەنشینی پلە باڵاکاندا هاتووە وپاساویان بۆ بهێنێتەوەو بڵێت  : ئەی خێرە کاک عەلی بۆ  باسی  ( گردی زەرگەتە وقەسری دەباشان  و سەری رەش و گەندەڵی نەوشێروان و جەلال تالەبانی و مەسعود بارزانی و سەروت و سامانی خۆیان و بنەماڵەکانیان  ) ناکات ؟
بۆیە دەبێت شیوعییەکان پێش هەموو کەسێکی تر باش لەوە تێبگەن کە  حزبی  نەوشێروان و جەلال ومەسعود و عەلی باپیر، حزبی فەهد سەلام عادل نین و نایشبن   .
٤ / هیوادارم لە ئاشکراکردنی گەندەڵییەکان بێ منەتانە بەردەوام بیت و لە شیوعیەکانەوە ( ئەوانە هەڵگری بیری دادپەروەریی و یەکسانین ) دەست پێ بکەیت و ئێمەش لەگەڵتین ، لەوەش زیاتر لە بنەمالەکەی منەوە  دەست پێ بکە ، هەر بۆزانینی جەنابیشت سەرکردەیەکی کۆمونیستی وەک شەهید(عادل سەلیم )کە سەرەڕای ئەوەی سەرکردەیەکی دیاری (حشع)بوو ، ٣ ساڵیش وەک ئەمین عامی گواستنەوەوگەیاندن بەپلەی وەزیر لە سەرتاسەری کوردستان  کاری کردووە ، کەچی  نە خۆی و نە خێزان و نە مناڵەکانیشی نەک تەنها ( یەک بستە زەویان ) لەو هەرێمەی کەلەسایەی دەسەڵاتی حزبە ئۆلیگارشیەکانی هەرێم  بویتە شوێنی گەندەڵ و کۆنە بەعسی و سەدامییە کوردەکان نییە ، بەڵکو هەتا ئێستاش ( هێلی تەلەفۆنەکەمان ) کە ریژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٥ دا حجزی کردو ماڵەکەشمانی تاڵان کرد ، ئەو هێلەی کە بەناوی دایکم بوو بەو ژمارەیە ( ٢٢٩٤٩ ) هەر لەلای جاشێکی پشت ئەستور بەدەسەڵاتی کوردی  بوو  ،  کە لە ساڵی ١٩٩٤ یش داوای مافی خۆمان کردەوە، (کاک جاش) بە دەنگێگی زوڵال بەدایکە ڕەش پۆشەکەمی  گوت : ( ناتاندەمەوە ، بڕۆن چیتان نەکردووە بیکەن )( بەڵگەشم لایە ) .
ئاخر منێکی شیوعی دژ بەگەندەڵی و نادەدپەروەری وقوربانی دەستی ستەمکاران ،چۆن دەکرێت بەرگری لە کەسێک بکەم کە بانگەشەی بۆ دادپەروەری دەکات وخۆیشی بەنادادپەروەری رازی بێت و بەرگریشی لێ بکات ؟ گەر گەندەلی ( حەرام وعەیبە) بێت بۆ کەسێکی غەیرە شیوعی ، بۆ شیوعییەکان تاوانە و هەرکەسێکیش پاساو بۆ گەندەڵی هەر شیوعییەک ( لەهەر پلەوپایەیەکی حزبی و حکومی ) بهێنێتەوە و بەراوردی لەگەڵ کەسانی غەیرە شیوعی بکات ئەوا ئەو کەسە لە کەسی گەندەڵ ،گەندەڵ ترو وتاوانبارترە ، چونکە ئێمە لە قوتابخانەی هاوڕێیانی  نەمرمان فەهد و سەلام عادل و جەمال حەیدەری نافیع یونس وعادل سەلیم و کۆچەرو ئەبو ڤیان و تۆماتۆماس ومولازم سعد وعایدە یاسین و ئەحمەد بازوکەو ئەحمەد بانی خێلانی و ئایشە گروکەو ئەبو رەشا و ئەبو سەحەر وعەمیدە عزیبی حالوب (ناسراو بە ئەحلام ) کە بەدەستی نەوشیروان لە پشت ئاشان شهید کراو تەرمە پیرۆزەکەشیان شێواند ، ئێمە لەو قوتابخانەیە پەروەردەکراوین ، هەربۆزانینی جەنابیشت بەشێک لەوناوە جوانانەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێکردووە سەرکردەو شەهیدی بێ گۆڕن .
 ئا ئێمە لەو قوتابخانەیە فێرکراوین کە شیوعییەت ( دادپەروەرییە ، یەکسانییە، راستگۆییە ، خەباتە لەپێناو بەدەست هێنانی مافی هەژاران و کرێکاران وداکۆکیکردنە  لە زەحمەتکێشانی بیرو بازوو،نانە ، کارە ، ئازادییە ،  نەک خیانەت و پشت لەجەماوەرکردن و تێوەگڵان لە گەندەڵی دەسەڵاتی بنەماڵە و بەدەست هێنانی پارەو مەزرەعەو وئۆتۆمۆبیلی تازە ومۆدێلی باڵا وگرانبەها بێ بەها .
مێژووش گەر باش بنووسرێت ئەوا شیوعییە راستەقینەکانن هەمیشە پێشەنگی خەبات بووینە بێ بەرامبەر ، هەمیشە  قوربانی دەستی نادادپەروەریی و زولم وخیانەت بووینە نەک بە پێچەوانە .
لەکۆتایدا دەمەوێت بڵێم :
 هیوادارم وەک چۆن دوێنێ لەدوای ناردنی تیبینیەکانم بۆ جەنابت بەڵێنت دا بەدواچونی ورد بۆ بابەتی ئەو ٤ کەسایەتییە  لەبەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی هەرێمی بەتەمای خودا بکەیت ، چونکە بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی من کە بۆ جەنابتیشم نارد بری مووچەی بەشێکیان  راست نییە . هەروەها هیوادارم هەوڵبدەیت  لە  چوارچێوەی یاسای چاکسازی  لیستی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی و پێشمەرگە دیرینەکانیش  پاک بکرێتەوە لە کەسانی گەندەڵ و مشەخۆر کە بە واسیتەی حزبەکوردییەکان ئەو لیستانەیان پیس کردووە، بەڵینیش بێت ئێمەش پاڵپشتیت دەکەین .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×