لە جوغزی رێكخراوەكانی بواری پرسی جینۆسایدەوە !

شەماڵ عادل سەلیم
  2022-01-08     496

٥١ رێكخراوی بواری پرسی جینۆساید و چالاكوانان و نووسەرانی هەرێمی کوردستان پێش چەند رۆژێک لە راگەیەنراوێکدا  داوای یاسایەك بۆ تەجریمی نكۆڵیكردن لە جینۆساید و ستایشکردنی سەددام حوسێن و ڕیژێمە فاشییەکەی  دەکەن .

 بەتایبەت دوای ئەوەی ماوەیەكە لە كەناڵەكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەلایەتییەكان نا بەرپرسانە خەڵکانێک ستایشی تاوانبارانی جینۆسایدی گەلی کوردستان و رژێمی فاشیستی بەعس دەکەن .

دیارە ئەم ٥١ رێکخراوە  بێ ئاگان لەوەی کە لە دەستووری عیراق مادەی ٧ برگەی یەکەم و دووەم زۆر بە ئاشکرا رێگری لە ستایشکردنی حزبی بەعسی فاشی دەکات .

دەربارەی ئەم بابەتە بەباشمان زانی ڕای پسپۆری دیاری عیراقی بەرێز دکتۆر مونزر ئەلفەزل لەمەر ئەم بابەتە بزانین ، هەربۆیە پەیوەندیمان پێ کرد و لە جەنابیمان پرسی :

بەرێز د.ئەل فەزل :  لەگەڵ ئەوەی کە دەستوری عیراق حزبی بەعسی فاشی قەدەغە کردووە ، کەچی هەندێ لایەن و کەسایەتی لە عیراق و هەرێمی کوردستاندا نا بەرپرسانە ستایشی  سەددام و حزبەکەی دەکەن و وێنەکانێشی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکەنەوەو بە پاڵەوانی عیراقیش ناوی دەبەن ، دەپرسم : ئایا کێن ئەو لایەنانەی کە دەبێت تەجریمی ئەو کەس و لایەنانە ی کە ستایشی سەددام و حزبەکەی دەکات ..بکات ؟

بەرێز د. ئەڵفەزل  لەوەڵامدا گوتی : لەگەڵ ئەوەی کە من گوێبیستی ئەو هەواڵە نەبویمە ، کەکەسێک یان لایەنێک ستایشی سەددام و حزبەکەی بکات ، وەڵامم  پرسیارەکەتان بەم شێوەی خوارەوەیە :

(تاوانەکانی حزبی بەعس لە عیراق هیچی کەمتر نییە لە تاوانی نازییەکان لەسەروبەندی جەنگی دووەمی جیهانی دا ، سەددام وحزبە نازییەکەی  تاوانی کۆمەڵکوژییان ئەنجام داوە کە دووچاری سزای نێودەوڵەتییان دەکاتەوە، بەهەزارەها هاووڵاتی بێتاوانی عیراقیان لەناوبردووە ، هەروەها تاوانی  دژ بە هەردوو وڵات (ئیران و کوێت ) یشی ئەنجام داوە . هەروەک ئاشکرایە ڕێککەوتننامەی ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی ساڵی ١٩٤٨ تاوانەکانی سەددام دەگرێتەوە و بە تاوانی نێونەتەوەتی (International Crimes)وەسف دەکرێت کە ئەم تاوانانە لەخۆ دەگرێت   : کۆمەڵکوژیی، تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ، پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی پەیماننامەی جنێڤی ساڵی 1949 ، تیرۆر ، گەندەڵی و تاوانی ترسناکی دیکە  کە لە کاتی ئاشتی یان شەڕ ئەنجام دەدرێت .

بۆیە لەدوای روخانی ریژێمی بەعس و لەکاتی نووسینەوەی دەستوور لە ساڵی ٢٠٠٥ دا ، ئێمە مادەی ٧ مان خستە ناو دەستوور کە دەڵێت :

 یەکەم: ڕێگەنادرێ‌ بەهیچ هێزێک ڕەگەزپەرستی یان تیرۆر یان تەکفیر یان پاکسازی نەژادی بکاتە بەرنامەی خۆی یان هانی ئەو کارانە بدات یا ڕێیان بۆخۆش بکات یاخود بانگەشەیان بۆ بکات و پاساویان بۆ بهێنێتەوە، بە تایبەت پارتی بەعسی سەددامی لە عێراقدا، لە ژێر هەر ناوێکدا بێت، ڕێگەش نادرێت لە ژێر ناوی فرەیی سیاسی جێی ببێتەوە، ئەمەش بە یاسا ڕێکدەخرێت.

دووەم: دەوڵەت پابەند دەبێت بە دژایەتیکردنی تیرۆر بە هەموو شێوەکانیەوەو کار دەکات بۆ پاراستنی خاکەکەی لەوەی ببێتە بارەگاو شوێنی تێپەربوون و گۆڕەپانی چالاکیی تیرۆریستان.)

د.ئەلفەزل درێژەبەقسەکانی دەدات و دەڵێت : ( ئەما بە نسبەت لایەنی یاسایی ،دەکرێت سکاڵا لە سەر هەر لایەن و کەسایەتێک کە تەمجیدی سەددام و حزبەکەی بکات بە پشت بەستن بە مادەی ٧ ی دەستوورو یاسای ژمارە ١٠ ی ساڵی ٢٠٠٥ ، ئەو یاسایەی کە سەرانی ریژێمی بەعسی پێ سزا درا سکالای لەسەر تۆمار بکرێت  .

 بەواتایەکی تر ، دەتوانرێت لە رێگای رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سکاڵا لەسەر ئەو کەس ولایەنانە ی کە تەمجیدی ریژێمی سەددام دەکەن لە رێگای ( داوکاری گشتی ) سکاڵایان لەسەر  تۆمار بکرێت ، ئیستناد بە دەستوور و یاسای ژمارە ١٠ ی ساڵی ٢٠٠٥ و یاسای ژمارە ١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ ی هەموار کراو . )

لەکۆتایدا هەرئەوەندە ماوە بڵێم : هەر یەکێک لە ئێمە ئەرکی سەرشانییەتی سکاڵای یاسایی لەسەر هەر کەسێک کە ستایشی سەددام و حزبە فاشییەکەی بکات ، بەبێ دوودڵی سكاڵای لەسەر تۆمار بکات .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×