لە جوغزی داواکاری خوێندکارانەوە !

شەماڵ عادل سەلیم
  2021-11-27     644
شاعیری مەزنی تشیلی یەفتالی ریکاردۆ راییس ناسراو بە پاپلۆ نیرۆدا دەڵێت  : ( کاتی پەنجەری ژورەکەم دەکەمەوە ، کوژراوێک و گوڵێک دەبینم ، شەرمەزارییە بۆ من کوژراوەکە پەراوێز بخەم و لەسەر جوانی گوڵکە بنووسم ! )
چەندین رۆژە قوتابییە خێر لەخۆنەدیوەکانی هەرێمی بەتەمای اللە ، بەدەڕندەترین شێواز دەچەوسێندرێنەوەو بێ بەزەییانە بەداروو شەق و گازی فرمێسک رێژ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەردوو حزبی ئۆلیگارشی لێدەدرێن ، تەنها بەهۆی ئەوەی داوای ئاسایی ترین و سادەترین مافەکانی خۆیان دەکەن .
رۆژی ٢٣ ی تشرینی دووەم لە خۆپیشاندانی خوێندکاراندا لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی هێزە ئەمنییەکان خوێندکارێکی خێر لەخۆنەدیوو بەنێوی ( ئاکار دانا ئەبوبەکر )  دەستگیردەکەن و دەیخەنە ژێر پێ لەقەی خۆیان و دواتریش ئەفسەرێک کە بەرگی مەدەنی لەبەردایە ( عەلی حەسەن مەجید ) ئاسا بەدڕندەترین شێوە شەق لەسەری هەڵدەدات وەک ئەوەی کوشتەی باوکییەتی !!.
من نایشارمەوە و بەڕاشکاویش دەیلێم لە دوای بینینی ئەم روداوە ناخ هەژێن و ترسناکە کە بەرامبەر خوێندکارێکی بێ تاوان و بێ مافی ئەم هەرێمە دەکرێت لە پۆستێکم دا لە توێتر نووسیم : (عەلی حەسن مەجید گەڕاوەتەوە سلێمانی ) !، ئێستا (ئاکار)ی خێر لەخۆ نەدیوو لەدەست ئازاری سەرو دەست و قاچی شەوانە خەوی لێ ناکەوێت ! لەوەیش بەئازارتر ، لەلایەن هەمان کارمەندی ئاسایش کە بە دڕندەترین شێوە شەق لەسەری (ئاکار ) هەڵدەدات ، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا تەشهیر ( بەئاکار )  دەکات و بە شێوەیەکی زۆر ناشیاو باسی دەکات و دەلێت : ( ئەوەی من لێم داوە خوێنکار نەبوو ، دز بوو !) لەوکاتەی( ئاکار)ی خێرلەخۆنەدیو ناسنامەی خوێنکاری (پەیمانگای تەکنیکی بەشی ژمێریاری ) و مۆبایل و جزدانی پارەی کە ( شەش هەزار دیناری تیا بووە )  لە لای  ئەفسەرە شەقوەشێن و تەشهیر کەرەکە بووە.
ئەو دڕندایەتییەی ئەوئەفسەرە  بۆتە بابەتی گشتی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکی داوای دەستگیرکردنی ئەو ئەفسەرە دەکەن، نەک تەنها لەبەر ئەوەی دڕندەئاسا بە پۆستاڵەکانی خوێندکارێکی بێ تاوان لە پێش چاوی هەموو کامیراکاندا دەشێلێت ، بەڵکودواتریش سوکایەتیی و تەشهیریشی پێ دەکات .
لەکۆتایدا قسەکەی دوێنێی مەلابەختیار بۆ هەردوو حزبە ئۆلیگارشی یەکەی هەرێمی بەتەمای اللە دوبارەدەکەمەوە ،هەرچەندە من لەوباوڕە دام و باشیش دەزانم کە مەلا بەختیار زۆرزۆر خاتری بەرپرسە دزەکانی گرتووە :  دەرماڵەی خوێندكاران 10 ملیۆن دۆلاری دەوێت، لەكاتێكدا بەرپرسی وا هەیە 500 ملیۆن دۆلاری دزیوە!!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×