پەرلەمانتارکانمان نوێنەری خەڵکن یان رۆبۆتی حزبن؟

شەماڵ عادل سەلیم
  2020-01-21     975
لەوڵاتە پێشکەوتووەکاندا پەرلەمان دامەزراوەیەکی گرنگە، پەرلەمانتارانیش  نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکن، چونکە بەدەنگی ڕاستەقینەی خەڵک دەگەنە حەرەمی پەرلەمان، بۆیە جگە لەدەرکردنی یاسای نوێ‌و بەدواداچوون لەسیاسەت و بەڕێوەبردن و چاودێری ولێپرسینەوەی حکوومەت، ڕۆژانەش گفتوگۆ لەسەر کێشە ڕاستەقینەکانی پەیوەندیدار بە ژیانی خەڵک و بابەتە گرنگەکان دەکەن ، رێک پێچەوانەی پەرلەمانتارانی هەرێمی بەتەمای خودا، ئەو پەرلەمانتارانەی  ئەگەر بابەتێک  لەخزمەتی بەرژەوەندی حزبەکانیان نەبێت، ڕێگا نادەن هیچ  یاسایەک  دەربچێت یان هەموار بکرێتەوە ، هەربۆیە لەسەرەتاوە پەرلەمانی هەرێمی بەتەمای خودا نەیتوانیوە  ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی بگێڕێت و بێتە دامەزراوەیەکی  گرنگ لەژیانی سیاسی کوردستان و، داکۆکی لەماف و گوزەرانی هاووڵاتییان بکات. 

لەپەرلەمانی هەرێمی بەتەمای خودادا، کە لەسەرەتاوە لە سەر بنەمای حزبایەتی بەرتەسک  و بەشبەشێنەو موحاسەسەی حزبی  بەشکراون، ئەندام پەرلەمان بۆتە نوێنەری حزب نەک خەڵک، یان باشتر بڵێم بۆتە(رۆبۆتی) حزب، ئاخر پەرلەمانتارێک حزبکەی دەرۆزەی دەنگی لەئەندامانی بۆکردبێت وبە تەسکییەی حزب گەیشتبێتە پەرلەمان، چۆن دەتوانێت  ئازاد بێت‌و بەقەناعەت و بیروبۆچونی خۆی بڕیاربدات، چۆن دەتوانێت  لەبەرژەوەنی تەسکی حزبەکەی لا بدات، چۆن دەتوانێت  لەگەڵ بیروبۆچونی حزبەی نەبێت، گەر باوەڕیشی بەپێشنیارو پڕۆژەیاساکانی حکومەت یان لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەسێکتەرە جیاوازەکان نەبێت، هەردەبێت بەمل کەچی پەسەندی بریاری مەرجەعەکەی بکات ، گەر باشیش بزانێت تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە کەم و كورتی زۆری تێدایەو نابێتە هۆی باشترکردنی باروگوزەرانی خەڵک . 

ئەزموونی زیاتر لە ٢٨ ساڵی کاری خولەکانی پێشتری پەرلەمان‌و بەوخولەیشەوە، ئەوراستییەمان بۆ دەسەلمێنێت، کە پەرلەمانتارانی  کوردستان بێ ریزپەڕ نوێنەری حزبن و فەرمانی حزبەکانیان جێبەجێ دەکەن، هەربۆیە حەرەمی پەرلەمان کراوەتە  مینبەری ململانێی حزبایەتی و تێپەڕاندنی ئەو بڕیارانەی  کە لە مەکتەبی سیاسی و خودی سەرۆکی حزبەکانیان دەردەچێت، کەئەوەش رێک پێچەوانەی بەرژەوەنی خەلکی هەرێمی بەتەمای خودایە. 

گەر سەیری کارنامەی پەرلەمانی کوردستان بکەین، ئەو ڕاستییەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، کە ئەوەی ئەمرۆ لەپەرلەمان دەگوزەرێت، رێک پەیرەوکردنی سیاسەتی حزبە دەستڕۆیشتووەکانە، کە لەشاخ و دواتریش لەشارپەیرەویان دەکرد، ئەوسیاسەتەی کە بەدووبەرەکی‌و ملشکاندنی یەکتر کۆتایی پێهاتووەو زەرەرمەندی یەکەمیش لەم شەڕە خەلکی بێنازی کوردستانە.

لەکۆتاییدا دەڵێم :
 پەرلەمانی هەرێمی بەتەمای خودا، نوێنەری ڕاستەقینەی حزبە کوردستانییەکانن ، ئەو حزبانەی هەموو سەروەت و سامانی هەرێمیان قۆرخکردوەو ژیانی ئاسایی خەڵکیان کردۆتە قوربانی بەرژەوەندی بەرتەسکی خۆیان ، هەرئەوەش وای کردووە پەرلەمان وەک (دامەزراوەیەکی گرنگ و تاکە مەرجەعی خەڵک ) ببێتە پەرلەمانێکی نەخۆش پەککەوتە و،رۆڵێ ڕاستەقینەی خۆی لە چارەسەرکردنی ئەو ڕەوشە نالەبارەی کە چەندین ساڵە هەرێمی کوردستانی لە هەموو ڕویەکەوە تێ کەووتوە لەدەستبدات .

بۆیە بەدڵنیاییەوە دەڵێم ، پەرلەمانی حزبێندراوی کوردستان کە بۆتە بارێکی گران بەسەر خەلکی بێنازیی هەرێمی بەتەمای خودا ، ناتوانێت پرۆژەی چاکسازی لەبواری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا و مافی خەڵکی کوردستان ئەنجام بدات . 

پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە و بەدڵنیاییەوە نایشتوانێت بەو ئیفلیجییەی  کار لەسەر ئەوە بکات هەموو خەڵکی کوردستان (بەبێ جیاوازی لەڕووی سیاسی و نەتەوەیی و دینی و تایفەگەرییەوە) هەلی یەکسانیان هەبێت لەژیان و،عەدالەتی کۆمەڵایەتی بچەسپێنرێت و شکۆو کەرامەتی هاووڵاتیانی کوردستان بارێزراو بێت. 
بەڵێ ، هەتا سەرۆک و حزبەکان  لەسەرەوەی یاسا و هەموو دەسەڵاتەكانی دیکەوە بن،  حاڵی هەرێمی بەتەمای خودا لەوە باشتر نابێت .  






وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×