د.فەرهاد پیرباڵ وای گووت

شەماڵ عادل سەلیم
  2019-09-16     1609
لەدیمانەیەکی تەلەفزیۆنی دا ،د.فەرهاد پیرباڵ بە دەنگێکی خەمناکەوە گووتی  : 
 ( لە گۆرانییەکی قەرەجی ھەنگاری دەڵێ : قەرەجەکان شێتی خۆیان فڕێ نادەن ،دەیبەن لەگەڵ خۆیان ، بەڵام ئەنگۆ منتان فرێ دا ) ...!!
لێرەدا  دەپرسم : ئایا بەڕاست د. فەرهاد سایکۆپاتە ؟ یان باشتر بڵێم ئایا د. فەرهاد بۆ نەیتوانی لەنێو ( ٥ ملیۆن مرۆڤی ژیروعاقڵ) ی هەرێمی کوردستان دا ژیان بگوزەرێنێت ... ؟!
 بۆ د.فەرهاد لە چیرۆکێکی بەناونیشانی  ( دکتۆر فەرهاد پیرباڵ تیرۆر کرا )  دەلێت : (مردنی من  لەو رۆژەوە دەستیپێکرد كە گەڕامەوە  بۆ وڵاتی خۆم ) ؟ 
 بەڵێ ، د .فەرهاد وڵاتی خۆی لە چیرۆکەکەیدا بەگۆڕستان ناوزەد دەکات و خەڵکەکەشی بەمردوو ناودەبات ...!! ئەومردووە زیندوانەی مۆری سایکۆپاتی لە  فەرهادەکان دەدەن ولە کونجی زیندانەکانیشیان توندیان دەکەن  ، ئەوە مردووەکانن  نووسینەکانی فەرهادەکان ناخوێنینەوەو خۆیان  بە هەزاری وەک فەرهادەکان ناگۆرنەوە ، ئەوە مردووەکانن شاریان کردۆتە گۆڕستانێکی کش و مات و قوڕوقەپیان لێ کردووە ، ئەوە مردووەکانن ، تۆمەتبارانی ئەنفالیان کردۆتە کوێخاو دیوەخانەکانیان بۆ گەرم کردوون  ، ئەوە مردووەکانن نەخوێندەوارەکانیان کردۆتە  دەم ڕاست و پیاو ماقوڵ و ریش سپی ئەم دەڤەرەی پێی دەلێن هەرێمی کوردستان .... 
ئەوە مردووە زیندووەکانن  چارەنووسی  ئەکادیمیستێکی زانکۆی( سۆربوون)یان  خستۆتە دەست ( قاچاخچییە پۆشتەکان  )ی هەرێمی بەتەمای خوداو وەک تاوانبارێکی ترسناکیش مامەڵەی لەگەڵ دەکەن . 
ئەوان بۆیە فەرهادەکانیان قبووڵ نییە چونکە بەدەنگێکی بەرز پێیان  دەڵێن : هیچ شتێك لە (دۆلار) زیاتر لەم گۆڕستانە (سەوز) نابێت .
ئەوە مردووە زیندووەکانن ،نازانن کە نازانن ،  بەخۆیانەوە سەرقاڵن ، خۆپەرستن ، شەڕانگێزن ، هەست بەئازاری ویژدان و کەسی بەرامبەر ناکەن،  ئەم هەست نەکردنەش یەکێکە لە سیمپتۆومە هەر سەرەکییەکانی کەسایەتی سایکۆپات . 
لەکۆتایدا هەرئەوەندە ماوە بڵێم : د. فەرهاد پێی حەیف نییە کە زیندانی کراوە ، روحی کوژراوە ، بەڵام ئەوەی لەسەر دڵی قورس‌ و لەلای ناخۆشە ئەوەیە : (مردووە زیندووەکان) لە نووسینەکانی حاڵی نابن ‌، یان باشتر بڵێم نایەنەوێت حاڵی بن ......!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×