ئەی فەرهادی شێت کەی وەک ئێمە عاقڵ دەبی!

شەماڵ عادل سەلیم
  2023-08-17     830

فەرهاد پیرباڵ راست دەکات کاتی دەڵێت ، کوشتن تەنها کوشتنی فیزیکی نییە ، کوشتن تەنها ئەوە نیە کە بەرامبەرەکەت بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانت بهێنێت .

فەرهاد راست دەکات ، ئاخر ئەو دەزانێت کوشتن چەندین جۆری هەیە و، ئەوەی بەرامبەر فەرهاد و فەرهادەکان لە هەرێمی بەتەمای اللە پەیرەو دەکرێت ، ترسناکترین جۆری کوشتنە !

بێ ئەرزش کردنی مرۆڤ ، سووک کردنی کتێب ، مووچە دزین ، بێ کارەبایی ، بێ ئاوی ، نەبوونی سادەترین خزمەتگوزاری ، نەبوونی دەرمان ، هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی کۆمەڵایەتی ، پەیرەوکردنی ترس و تۆقاندن ، نەبوونی ئازادی ، ئەوانە هەمووی شێوازی جیا جیای کوشتنن کە دەسەڵات بە شێوەیەکی سیستەماتیک و زۆر بەئاشکرا بەرامبەر هاوولاتیان پەیرەوی دەکات .

ئەو خنکاندنەی فەرهاد کە کوشتنيکی مەعنەویە نەک فیزیکی ،ترسناکترین شيوازی کوشتنە ، لەناوبردنە ، خنکاندنە . ئەوەی تۆزێک سەوادی هەبێت ، باش لە فەلسەفەی فەرهاد تێدەگات و حالی دەبێت ، کاتێک فەرهاد پربەقورگی هاواردەکات و دەڵێت ( کتێب سوودی نییە ) !

ئەوە خۆی لەخۆیدا کوشتنە ، یان ڕاستر بلێم خۆکوشتنە لە نيو کۆمەلگایەکی بێ سەواد !

ئەوەی زۆر نا ، تەنها کەمێک ، خوێندەوار بێت لەوە حاڵی دەبێت ، کە فەرهاد بۆ ( تف) لە کتێبەکانی دەکات !

ئەوەی تەنها چەند لاپەرەیەک لە نووسینەکانی فەرهادی خوێندبێتەوە ، دەزانێت بۆ فەرهاد دەڵیت لە بری ئەم کتێبخابەیەم ، قومارخانەیەک ، باڕێک ، یانەیەکی شەوانەم دانابوایە ئێستا هەموو بەرپرسەکان مەعمیلم بوون و  منیش دەبوومە مليۆنێر !

ئەو کوشتنە مەعنەویەیە  وای لە فەرهاد کرد بڕیاری سووتاندنی دوا بەرهەمی خۆی بدات کە چەندین ساڵ بەر لە چاپکردنی بۆ خوێنەرانی شەونخونی کردووە !

لە هەولێر دەرگا بە رووی فەرهاد داخراوە و، بۆ کۆنە بەعسییەکانیش دەرگا لەسەر گازەرەی پشتەو بویتە لاس فیگاس .

بۆیە هەتا رۆژ رۆژی ( گوندی لوبنانی ) و ، یانەی شەوان و قومارخانەو نێرگیلە کيشان بێت ، کتێبخانە و هزرو بیرکردنەوە یەکسانە بە سفر، نا یەکسانە بە سفری دوای فاریزە.

ئيستا زانیتان ك لۆ فەرهادی سۆربۆن لە زێدی خۆی غەریب و خنکينراوە ؟

ئيستا زانیتان ك  لۆ هارونە رەشیدەکانی هەولێر بە پيکەنینەوە تەماشای فەرهادی  سۆربۆن دەکەن و پێی دەڵێن ..( ئەی بەهلولی شێت کەی وەک ئيمە عاقل دەبیت )!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×