تەنها كورد  بۆتە قوربانی ململانێی نێوان ماكرۆن و ئەردۆگان

نەوزادی موهەندیس
  2022-12-27     342

•    ڕۆژی هەینی و ڕێكەوتی 23-12-2022 لەناو جەرگەی شاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسادا،پیاوكوژێك بەناوی ولیامی كۆنە شۆفێری شەمەندۆفێری 69ساڵەی بەناو((تێكچووی دەروونی)) وخاوەن پێشینەی تاوانكاری تر بەناوی ڕەگەزپەرستیەوە.لەناوچەی 10 لە شەقامی دانغین كە ناوچەیەكی بازرگانی و قەرەباڵغە وجالییەكی گەورەی بیانی و لەناویشیاندا كورد هەیە .دەستیكردە دەستڕێژكردنی گولە لە چێشتخانە وسەرتاشخانە و سەنتەری كەلتوری ئەحمەد كایای كوردەكان.بوە هۆی شەهیدكردنی 3 كەس((دوو پیاو و ژنێك)) و برینداركردنی 3 كەسی تریش.
ئیدی لە هەینیەوە تائەمڕۆ كوردەكان دەستیانداوەتە خۆپیشاندانی توندوتیژی و ئاگرتێپەردانی دوكان و شەقام و ئۆتۆمبێل و چەندین كەسیان لێ‌ دەستگیركراوە و تاوانباریش فەرمانی گرتنەكەی هەڵوەشاوەتەوە و ڕەوانەی ((نەخۆشخانەی دەروونی كراوە))تا چاكدەبێتەوە.
•    تائێرە ڕەنگە كەسانێك هەبن ڕووداوەكە وەكو ڕووداوێكی لابەلا و بێ‌ پیلانی پێشوەختە لێی بڕوانن وەكو زۆر ڕووداوی تری لەوشێوەیە.
•    بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەم پیاوە كەوەك دەڵێن زۆر ڕقی لە بێگانەكانە بۆ بەتەنها كوردەكانی كردۆتە ئامانج لەناوەڕاستی دەیان دووكان و مۆڵ و قاوەخانە و چێشتخانەی تر كە تەژی بوون لە بێگانەكانی تر؟ ئایا ئەم تاوانكاریە بێ‌ پیلانی پێشوەختە بوە و هیچ كەس و لایەن  وڵاتێكی لە پشتەوە نیە؟ ئەی كێ‌ دوژمنی سەرسەختی كوردە لەكوردستان و ناوچەكە و دونیاش و چاوی بەسەركەوتنی كوردان هەڵنایەت؟
•    وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە كورت و كرمانجی،بریتیە لەوەی كە هیچ تاوانێكی لەوشێوەیە و بە ئاشكرا بەبێ‌ پیلانی پێشوەختە و ئامادەكاری ناكرێت و كارێكی لۆژیكیش نیە كە شەلم كوێرم ناپارێزم ئامانجێك دیاریبكرێت.دواتر گەر بە پیلانگێڕی نەبوە و كورد نەكراوەتە ئامانج ئەی خێرە یەك كەسی تری بێگانەكان لەهەموو نەتەوە و ڕەگەزەكان نەكراونەتە ئامانج !هەمووشمان وەكو كورد دەزانین كە كێ‌ و چ لایەن و وڵاتێكی ناوچەكەی خۆمان دوژمنی سەرسەختی كورد و كوردستانە لەهەر جێگەیەكی دونیا بێت.ئەویش بەدڵنیایی بە پلەی یەكەم ((ئەردۆگان و توركیای فاشیزمە))! بەتایبەتیش سەنتەری ئەحمەد كایای هونەرمەندی كوردی توركیا ، قوربانی دەستی تیرۆری توركان بوە.دواتریش ڕەفتاری هەموو داگیركارەكانی تری كوردستانیشە.
•    بەڵام بۆ لە فەڕەنسا و بۆ لەم كاتەدا؟
گەلێك هۆكار و پاڵنەر هەیە لەوانە: 
1.    بۆ بەستنەوەی ئەم ڕووداوە بە ڕوواداوێكی هاوشێوەی پێش 10 ساڵ و ڕێك لەمانگی 12  2013دا.كەجارێكی تر و بەدەستی پیاوانی میتی توركی 3 چالاكوانی ژنانی سەر بەپەكەكە شەهیدكران بەناوەكانی ((فیدان دۆغان وسەكینە كانسیز ولیلی سویلیمیز)) كە تائێستاش ئەنجامی ئەو ڕووداوە تیرۆریستیە ئاشكرا نەكراوە..
2.    ڕەنگە شاری پاریس بەتایبەتی و فەڕەنساش بەگشتی ،یان ئەوەتا كوردان زۆر چالاكن دژ بە سیاسەتەكانی توركیا ،یا دامودەزگا ئەمنیەكانی فەڕەنسا شلوشێواو و كەمتەرخەم و ((فەلەتی ئەمنیان))تیادایە كە ئەم هەموو كارە تیرۆریستانەی تیادا ڕوودەدات بەجیا لەوڵاتانی تری ئەوروپا.
3.    هۆكارێكی تر بریتیە لە ململانێی كۆن و نوێی فەڕەنسا و توركیای خەلافەت و ئێستای ئەردۆگان لەسەر زۆر مەسەلەی ناوچەی ڕژهەڵاتی ناوەڕاست و یەكێتی ئەوروپاش.چونكە ماكرۆن وایدەبینێت كە ئەردۆگان گەرەكێتی سەر لەنوێ‌ خەلافەتی عوسمانی ببوژێنێتەوە و دژی هەموو ئەوروپا جوڵە بكات لەناوچەكە و دونیاشدا. فەڕەنساش بەو پێیەی كە داگیركاری كۆن وزلهێزی كۆن وئێستایە و جەمسەرێكی گرنگی یەكێتی ئەوروپایە بەتایبەتیش لەدوای دەرچوونی بەریتانیاوە  لەو یەكێتیەدا و لەناوچەكەش خاوەن كۆڵنیالی بوە لە سوریا و لوبنان  و ولایەتی موصڵیش لە عێراق، كە بەفێڵی بەریتانیا لەكاتی خۆیدا لەدەستی دەرهێنرا.گەرەكێتی بەر بە خەوبینین و پێ ڕاكێشانە زیاد لە ستوورەكانی  ئەردۆگان و توركیا بگرێت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری قەوقازدا و گەرەكێتی بە بەهێزی بگەڕێتەوە ناوچەكە و تۆڵەی 100ساڵی ڕابووردوو بكاتەوە لەوەرگرتنەوەی ولایەتی موصڵ و ئەوەتا نۆژەنكردنەوەی فڕۆكەخانەی موصڵی بۆدەرچوە بە دەیان ملیۆن دۆلار لە ڕكابەریەكدا لەگەڵ دوو كۆمپانیای توركیدا((كورك -–الیون)).بەهەمان شێوە بەدەستپێشخەری ماكرۆن و فەڕەنسا لەگەڵ عێراقدا ، تاكە وڵات و سەرۆكی وڵاتێكی ئەوروپییە كە بانگهێشت دەكرێن بۆ ئامادەبوون و بەشداریكردن لە كۆنگرەی بەغداد و دراوسێكانیدا كە تائێستا ((كۆنگرەی بەغداد-1 لە بەغداد لەمانگی 8/2021 و كۆنگرەی بەغداد-2 لە 19/12/2022 لە ئوردون))سازكراوە.
•    ئاشكرایە چ لەناوچەكە و چ لە ئەوروپاش هەر كورد دەبێتە قوربانی ململانێ ناڕەواكان و بەرژەوەندییەكانی توركیا و ئەوروپیەكان و بەداخیشەوە تائێستا ئەوروپیەكان نەرمن بەرامبەر توركیا و ئەوەتا سویدی لانكەی دیموكراتی هەفتەی پێشوو 3 چالاكوانی كوردی ڕادەستی توركیا كردەوە تەنها بۆئەوەی توركیا ڕازیبێت بە بونە ئەندامی سوید لە هاوپەیمانی ناتۆدا.
بەداخەوە ئەوە ڕاستی ودروستی و بێ‌ بنەمابوونی دروشمەكانی مافی مرۆڤ و دیموكراتی و ئازادی و دادپەوروەری و سۆلیدارێتیئەوروپا و سۆشیالدیموكراتەكان و ڕۆژئاوایە و ئەوان تەنها و تەنها بەرژەوەندیەكانی خۆیان مەبەستە.كوردیش بە ئافەرین و لێدوان و سەردانێكی نمایش ئاسای سەرۆك و وەزیرەكانیان فریودەخوات.سەرەڕای هەندێك وێسگەی ڕۆشن لەهەڵوێستی هەندێك سەركردە و وڵاتی ئەوروپادا لەبەرامبەر مەسەلەی كورددا كە جێگەی دەستخۆشی و پێزانینە.بەڵام گرنگە ئیدی كوردیش بەبەرنامە و لەسەر ئاستی سیاسی و و ئابوری و ئەمنی و و كەلتوری پەیوەندییەكانی ڕێكبخاتەوە و هەوڵی پتەوكردن و بەهێزكردنی ئەو پەیوەنیانە بداتەوە و بەهێزتریش بەڕووی پیلانەكانی ئەردۆگان و توركیادا بچێتەوە و نە لەكوردستان و ناوچەكە و نە لەئەوروپاش نەچێتە ژێر باری فەرمان و بەرژەوەندیەكانیەوە و گوێڕایەڵیشی نەبێت.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×