سیستەمی كۆتای پەڕلەمانی.. چەمك، مێژوو، ڕەوایەتی

نەوزادی موهەندیس
  2023-12-07     158

    ئەوەی ئاشكرایە كە كۆمەڵگە مرۆڤایەتیەكان لە چەندین چین و توێژی جیاواز پێكهاتوون لەڕووی پیشە یان ڕەگەز یانیش نەتەوە و ئاین و مەزهەب و جوگرافیاوە ،هەربۆیە نەتوانراوە كە دادپەروەریەك یان ڕاگرتنی هاوسەنگی یەكسانی بپارێزرێت لەنێوان ئەو هەموو پێكهاتە جیاوازانەدا،ئاشكراشە كە هەریەكەشیان داواكاری تایبەتی بەخۆیان هەیە و خۆیان بەخاوەن ماف دەزانن كە بەشداربن لە بەڕێوەبردنی وڵات و كۆمەڵگە و هاوبەشیشبكەن لە ناوەندەكانی بڕیاردان و دەسەڵاتیشدا هەریەكە بە پێی سەنگ و قورسایی و كاریگەری و قەوارەی خۆی لە كۆمەڵگەدا. هەربۆیە لەسەدەی بیستدا و بەتایبەتیش لەنیوەی دووەمی ئەو سەدەیەدا چەمكی كۆتا Quota هاتە كایەوە،لەناو ئەو ئەنجومەن و دەزگا هەڵبژێردراوانەدا كە لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێن بۆئەوەی هەمووان بەشداریبكەن و نوێنەرایەتی چین و توێژ و ناوچە و پێكهاتە ڕەگەزی و ئاینی و نەتەوەییەكانی خۆیان بكەن و تاڕادەیەك گەرچی بۆ كاتیش بێت هاوسەنگی و یەكسانی و دادپەروەری بێننە كایەوە لەبەرژەوەندی تایبەتی ئەو چین و توێژە جیاوازانە و بەگشتیش لە پێناو بەرژەوەندی تەواوی كۆمەڵگە و وڵاتدا.ئیدی لە ئێستادا ئەم سیستەمی كۆتای پەڕلەمانیە لە زۆرێك لەوڵاتاندا پیادە دەكرێت و بۆتە دیفاكتۆ.


پێناسە و چەمكی كۆتا:
گەلێك لێكدانەوە و تێگەیشتن و پێناسەی جۆراوجۆر هەن بۆ چەمكی كۆتا وەك:
كۆتا یان بەش (پشك) : بریتیە لە بنەمای دیاریكردن كە لە چوارچێوەیدا پۆستەكان،یان سەرچاوە سروشتییەكان،یان ئەركە سیاسیەكان دیاریدەكرێن بە پشتبەستن بەهاوكێشەیەكی دیاریكراو.جا بەشێوەیەكی گشتی سیستەمی كۆتا(( پشكەكان)) لەو حاڵەتانەدا پیادە دەكرێت كە نەبوونی ئەم سیستەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی تێكچوون یان ناهاوسەنگی بێ‌ مەبەست لەمەسەلەی نوێنەرایەتیكردندا.
لەبواری سیاسیشدا ئەم سیستەمە پیادە دەكرێت لە پێناو گرەنتیكردنی نوێنەرایەتیەكی دادپەروەرانە بۆ هەموو توێژەكانی كۆمەڵگە ئەوەش لە ڕێگەی بەدەستهێنانی هەندێ‌ پۆستی هەڵبژێردراو.
بیرۆكەی ئەم سیستەمەش بریتییە لە دروستكردنی وێنەیەكی بچووكراوەی وورد لە تەواوی كۆمەڵگە و لە پەڕلەمانی هەڵبژێردراودا. بەشێوەیەك كە هیچ توێژێك پشتگوێ نەخرابێت كە نوێنەری نەبێت، بەزۆری ئەم سیستەمەش لەبەرژەوەندی ژنان  یان كەمینە جوگرافی و نەتەوەیی و زمانی و ئاینیەكاندا دەبێت.
سیستەمی كۆتا: بریتییە لە هۆكارێكی توانینی كاتیAtransitory Solution كە سیستەمێكە هەڵهێنجراوە لە بنەمای یەكسانیەوەAffirmative action كە ئامانج لێی بریتییە لە سنووردانان بۆ جیاكاری كە ژنان بەدەستیەوە دەناڵێنن بەدرێژایی مێژوو بەشێوەیەك ژنان لە ئەمریكادا و تاسەدەی نۆزدەهەمیش ڕێگەیان پێنەدەدرا كە كاری پزیشكی بكەن یان ببنە ئەندام لە یەكێتییە كرێكارییەكان و بچنە زانكۆكانیش.
یان ،سیستەمی كۆتا بریتییە لە و سیستەمەی كە ڕێژەیەك یان ژمارەیەك لە كورسی پەڕلەمانی دیاریدەكرێت بۆ پێكهاتەی كەمینەكان یان ژنان لەو دەستە و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوانەدا وەك پەڕلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانیەكان،بەمەبەستی گەیشتنیان بۆ ئەو جێگایانە كە دانانی یاسا و ناوەندی بڕیاردانن.
سیستەمی كۆتای ژنان: بریتییە لە دیاریكردنی ڕێژەیەك یان ژمارەیەكی دیاریكراو لە ژمارەی كورسی پەڕلەمانی یان دەزگا هەڵبژێردراوەكانی تر بۆ ژنان،بەمەبەستی كەمكردنەوەی بۆشایی نێوان ژمارەی پیاوان و ژنان لەو ناوەندی بڕیار و یاسادانانەدا.
جا زاراوەی كۆتا Quota  لە زمانی ئینگلیزیدا بەمانای بەش یان پشكی ڕێژەیی دێت.هەروەها لە زمانی فەڕەنسیشدا بەناو یان سیفەت دێت و بەهەمان شێوە بەمانای بەش،یان پشكی ڕێژەیی دێت.


مێژووی سەرهەڵدانی چەمكی كۆتا:
بنچینەی مێژوویی سیستەمی كۆتا دەگەڕێتەوە بۆ زاراوەی بەشە پۆزەتیفەكانAffirmative action بەشێوەیەك بۆ یەكەم جار لە ئەمریكاوە سەریهەڵدا و بەو سیاسەتە دەوترا كە قەرەبووی ئەو گروپانەی دەكردەوە كە بێبەشكرابوون لەلایەن دەسەڵاتە حكومیەكانەوە یان لەلایەن خاوەن كارەكانی كەرتی تایبەتەوە.
لەبنچینەدا لەمافە مەدەنیەكانەوە سەرچاوەی دەگرت كە پەیوەندی هەبوو بە كەمینەی ڕەش پێستەكانەوە ((جیاكاری  ڕەنگی))، بۆیەكەم جاریش لەلایەن سەرۆك جۆن كنێدی لەساڵی 1961دا ئەو زاراوەیە دەربڕدرا،و دواتریش سەرۆك جۆنسۆن لەبەرنامەی كاری خۆیدا وەك بەشێك لە جەنگ دژی هەژاری ڕایگەیاند لەسەرەتای ساڵی 1965دا.
ئیدی بەو شێوەیە سیستەمی پشكی ڕێژەیی (( كۆتا)) چەسپێنرا بەشێوەیەك كە لایەنەكان ناچاردەكات كە ڕێژەیەكی دیاریكراو دیاریبكەن بۆ خوێندكارانی وەرگیراوی سەر بە كەمینە نەتەوەییەكانەوە.
هەربۆیە گروپەكانی تریش وەكو بزوتنەوە ژنانیكانیش داوای هەمان پشكیان دەكرد.ئیدی ئەم چەمك و زاراوە و تێگەیشتنە بۆ سیستەمی كۆتا لە وڵاتانی تری جیهانیشدا بڵاوبۆوە كە كەمینەكان هەستیان بە بێبەشبوون و پەراوێزخستن دەكرد لە مافەكانیان و نوێنەرایتیكردنیاندا لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكاندا.


جۆرەكانی سیستەمی كۆتا:
سێ‌ جۆر لە جێبەجێكردنی سیستەمی كۆتا هەیە:
1.    كۆتای دەستووری Constitutional Quotas : وەك ئەوەی لە دەستووردا ڕێژەیەكی دیاریكراو  بۆ ژنان بۆ خۆكاندیدكردن دانراوە بۆ پەڕلەمان.لە عێراقدا ئەم سیستەمە لەهەریەكە لە یاسای ژمارە 58ی كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر كە وەكو بنەمایەكی دەستووری وابوو، لە مادەی ژمارە( 30 و بڕگەی ج) دا چەسپێنرابوو،بەهەمان شێوە لە دەستووری هەمیشەیی عێراقی ساڵی 2005دا لە مادەی( 49 بڕگەی چوارەمدا) چەسپێنراوە،لەهەردووكیاندا داوادەدەكات كە ڕێژەیەكی نوێنەرایەتی بۆ ژنان تەرخانبكرێت لە كۆی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتیمانی و پەڕلەمان كە كەمتر نەبێت لە چارەكی كۆی ژمارەی ئەندامان واتە ڕێژەی 25%.
2.    كۆتای یاسای پارتە سیاسیەكان( یان یاسا ئاساییەكان))Political Party Quotas: وەك ئەوەی لە یاسای دامەزراندنی پارتە سیاسیەكاندا هاتوە و هەریەكە لەو پارتانە لە پەیڕەوی ناوخۆی خۆیاندا ڕێژەیەكی سەدی دیاریكراو بۆ ژنان دیاریدەكەن بۆ خۆكاندیدكردن.بەمەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگیەك لە نێوان نوێنەرایەتی ژنان و پیاواندا لە پۆستە حیزبیەكانیاندا.كە لە حیزبێكەوە بۆ یەكێكتی تر ئەو ڕێژەیە دەگۆڕێت.
3.    كۆتای یاسای هەڵبژاردنەكان Election Law Quotas : وەك ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنەكاندا پەیڕەوێكی تایبەت دەردەكرێت بۆ دیاریكردنی كۆتا بۆ ژنان بەمەرجێك دژ نەبێت لەگەڵ دەقە دەستورییەكاندا.وەك ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنەكانی ژمارە( 16 ی ساڵی 2005)دا هاتووە كە  نابێت ڕێژەی ژنان لە ڕێژەی 25% كەمتر بێت لە كۆی ژمارەی ئەندامانی پەڕمانی عێراقدا.جا بە پێی پەیڕەوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و مادەی ((29)) لەیاسای هەڵبژاردن و پەیڕەوی ژمارە(  9ی ساڵی 2005 )ئەو مەسەلەیەی كۆتای ژنان لە پەڕلەماندا بەوە چارەسەركراوە كە دەبێت هەر لیستێكی هەڵبژاردن ناوی ژنێك لەدوای  دوو ناوی پیاو هەبێت و بەردەوامیش بێت تاكۆتای لیستەكە.
سیستەمی كۆتا لە نێوان لایەنگر و دژەكانیدا:
ئاشكرایە هەمیشە هەر سیستەم یان بیروباوەڕێك یان یاسایەك  لە نێوان لایەنگر و دژەكانیدا دابەشدەبێت وەك  دووبەرەی جیاواز  و بەشێوەیك هیچ یاسا و سیستەم و بڕیارێك نیە كە جێگەی ڕەزامەندی هەمووان بێت، هەر بەو شێوەیە سیستەمی كۆتای ژنانیش دابەشبووە لەنێوان لایەنگرەكانی و دژەكانیدا.
ئەوەتا زۆرێك لە شارەزاكانی فیقهی دەستووریدا  لە عێراق دەڵێن :
1.    سیستەمی كۆتای ژنان دژە لەگەڵ هەرسێ‌ مادەی دەستووری هەمیشەیی ساڵی 2005دا كە بریتین لە هەرسێ‌ مادەكانی( 14 و16 و 20 ) كە هەرسێ‌ مادەكە باسی یەكسانی ژن و پیاو دەكەن،ئەوەتا مادەی( 14)ی دەستوور باس لە یەكسانی ژن و پیاو دەكەن لەبەردەم یاسادا دوور لە جیاوازی ڕەگەزی، ولەمادەی( 16)شدا هاتووە كە ژن و پیاو یەكسانن لە دابینكردنی هەلی كاردا. و مادەی( 20)ش دەڵێت ژن و پیاو یەكسانن لە مافی خۆكاندیكردندا و بەشداریكردنیان لەكاروباری گشتی و مافە سیاسەكاندا وەك مافی دەنگدان و هەڵبژاردن و خۆكاندیكردندن.
2.    ئەم سیستەمە جیاكارییە دژی پیاوان، چونكە یەكسانی نێوان پیاوان وژناندا ناهێڵێت لەڕووی ئەرك و ماف و هەلی كارەوە، وەك ئەو بنەما یاساییەی كە دەڵێت هەمووان یەكسانن لەبەردەم یاسادا.
3.    ئەم سیستەمە دادەنرێت بە چارەسەرێكی كاتی و دیموكراتیەتی ڕاستەقینەش نانوێنێت.
4.    بەشداریكردنی ژنانە لە خوارەوە بۆ سەرەوە كە وادەكات تەنها ژنان داوای یەكسانی بكەن كە ئەمەش پێشیلكردنی دادپەروەریە بۆ لایەنەكانی تر.
لەبەرامبەردا لایەنگرانی ئەم سیستەمەش دەڵێن:
1.    ئەم سیستەمە ئامانجی كەمكردنەوەی بۆشاییە لە نێوان ژمارەی پیاوان و ژناندا لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكاندا.
2.    چەسپاندنی زیاتری ڕۆڵی ژنانە لەناو كۆمەڵگەدا وەك پێكهاتە و بەشێكی گرنگی كۆمەڵگە.
3.    لابردنی ڕێگرییەكانە لەنێوان ژن و پیاودا بۆ گەیشتن بە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان و ناوەندەكانی بڕیار.
4.    ژنان بێبەش نابن لە بەشداریكردن لەناوەندەكانی بڕیارداندا.
5.    پارێزەرێكی یاسایی بۆ ژنان دابیندەكات كە بنەمای نەبوونی وەكیەكی و یەكسانی دەیسەپێنێت.
6.    ئەم سیستەمە وادەكات كە مامەڵەیەكی بەویژدانانە لەگەڵ ژناندا بكرێت.
7.    ڕێگەش دەگرێت لە جیاكاری دژی ژنان.كەزۆرێك لە وڵاتاندا لە ڕێگەی یاسای كۆتاوە یەكسانینێوان ژن و پیاو هاتۆتە دی.
•    ئامار و ڕێژەكانی سیستەمی كۆتا لە جیهان و عێراق و هەرێمی كوردستاندا:
لەو كاتەوەی ئەم سیستەمە بڵاوبۆتەوە و پیادەدەكرێت لە ناو وڵاتانی جیاوازی جیهاندا،بەم شێوەیە سیستەمەكە كارایە:

•    لە جیهاندا:
30 وڵات لە جیهاندا هەریەكە جۆرێك لە سیستەمی كۆتا پیادە دەكەن بە بەرژەوەندی ژنان.
49% كورسی پەڕلەمانی ڕواندا بۆ ژنانە
45% كورسی پەڕلەمان لە سوید بۆ ژنانە
30% كورسی پەڕلەمان لە باشووری ئەفریقادا بۆ ژنانە
بەگشتی لە جیهاندا ڕێژەی 51.1% كورسی پەڕلەمانەكان بۆ كۆتای ژنانە.

•    لە عێراقدا:
لە خولی یەكەم 2006-2010دا         78 كورسی كۆتا لەكۆی 275 كورسی پەڕلەمان و 21كورسی بێ‌ كۆتا دەرچوون
لە خولی دووەم  2010-2014دا           81 كورسی كۆتای ژنان لە كۆی 325 كورسی پەڕلەمان و 15 كورسیش بێ‌ كۆتا دەرچوون
لە خولی سێیەم  2014-2018دا        83 كورسی كۆتا لە كۆی 329 كورسی پەڕلەمان و 20 كورسیش بێ‌ كۆتا دەرچوون
لە خولی چوارەمی 2018دا                 84 كورسی كۆتای ژنان لەكۆی 329 كورسی پەڕلەمان و 22كورسیش بێ‌ كۆتا دەرچوون
لەهەڵبژاردنی ساڵی 2021دا لە كۆی 329 كورسی پەڕلەمان ژنان 97كورسیان وەدەستهێنا كە تەنها 14 كورسیان كۆتای ژنان بوون بەوەش 57 ژن بەتوانا و لێوەشاوەیی خۆیان دەرچوون.

•    ئەوەی ئاشكرایە لە پەڕلەمانی عێراقدا وەك كۆتای نەتەوە و پێكهاتە ئاینیەكان تەنها 9 كورسی كۆتایان بۆ دانراوە كە دەكاتە ڕێژەی 2.7%.كە بۆ پێكهاتەكانی((5كورسی مەسیحی و 1 كورسی بۆ صابیئەی مەندائی  و1 كورسی بۆ  ئێزیدی و 1 كورسی بۆ شەبەك  و 1 كورسیش بۆ كوردە فەیلییەكان)) دیاریكراون.

•    لەهەرێمی كوردستاندا:
لەخولی یەكەمی پەڕلەماندا 1992-2005  كۆی گشتی كورسی 105 كورسی و 5 كورسی كۆتای مەسیحیەكان بووە.
لەخولی دووەمی پەڕلەمان 2005-2009   كۆی گشتی كورسی 111 كورسی و 11 كورسی كۆتای پێكهاتەكان بووە.
لەخولی سێیەم  2009-2013 بەهەمان شێوە بووە
لەخولی چوارەم 2013-2018   بەهەمان شێوە بووە
خولی پێنجەم  2018-2022 بەهەمان شێوە بووە
بەڵام لە پەڕلەمانی كوردستاندا 11كورسی بۆ كۆتای پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان دانراون لەكۆی 111 كورسی پەڕلەمان كە دەكاتە ڕێژەی 9.9% كە ڕێژەیەكی بەرزە بە بەراوورد بە عێراق بەم شێوەیە (( 5 كورسی بۆ  مەسیحیەكان و 5 كورسی بۆ توركومان و1 كورسیش بۆ ئەرمەن)).
كۆتای كورسی ژنانیش بەیاسا ڕێژەی 30% دیاریكراوە كە بەرزترە لە ڕێژەی كۆتای ژنان لە پەڕلەمانی عێراقدا كە ڕێژەی 25%.

•    تێبینییەكان لەسەر سیستەمی كۆتا لەهەرێمی كوردستاندا:
1.    لەلایەك ڕێژە و ژمارەی كورسی كۆتاكان لە پەڕلەمانی كوردستاندا بەرامبەر پەڕلەمانی عێراق زیاتر و بەرزترە.
2.    لەساڵی 1992وە كە یاسای ژمارەی 1ی ساڵی 1992ی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان دەرچووە و تا ساڵی 2013  حەوت جار هەمواركراوتەوە و دواجار بە یاسای ژمارە 15ی ساڵی 2013 هەمواركراوەتەوە و تیایدا كار بە سیستەمی یەك بازنەیی دەكرێت.
3.    دەركەوتووە كە كۆتای پێكهاتەكان هێندەی لەبەرژەوەندی پارتێكی سیاسی هەرێمی كوردستانە نیوهێندە لەبەرژەوەندی ئەو پێكهاتانە خۆیان نین.
4.    نوێنەرانی ئەو پێكهاتانە نوێنەرانی ڕاستەقینەی پێكهاتەكانی خۆیان ناكەن و بونەتە بەشێك لە بەرنامە و ئەجێندای پارتێكی دیاریكراوی باڵادەست لەكوردستاندا.
5.    جیاوازی و نادادپەروەری هەیە لەدابەشكردنی كورسیە كۆتاكان لەنێوان پارێزگاكانی هەرێمدا.
•    داواكارییەكانی تایبەت بە سیستەمی كۆتای پێكهاتەكان لە پەڕلەمانی كوردستاندا:
1.    داوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێم دەكرێت،بەوەی كە هەرێم لەسەر بنەمای 4 پارێزگا بكرێتە 4 بازنەی هەڵبژاردن.
2.    كەمكردنەوەی ژمارەی كورسی كۆتاكان لە 11 كورسیەوە بۆ 6-8 كورسی.
3.    گەر ژمارەی كورسیەكانیش كەمنەكرێتەوە ئەوا دەبێت ئەو 11 كورسیەی كۆتاكان دابەشبكرێتە سەر 4 بازنەی هەڵبژاردنی هەر 4 پارێزگاكە.

•    لەكۆتاییدا،سیستەمی كۆتا بە شێوەیەكی گشتی تایبەت بووە بە ژنان  بۆ دیاریكردنی پشك یان ڕێژەیەك بۆیان لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكانی وڵاتدا كە لە ئەمریكاوە سەریهەڵداوە،نەك بۆ كەمینە نەتەوەیی و ئاینی و زمانی و جوگرافیەكان.بەهەمان شێوە لە سیستەمی حوكمڕانی دیموكراتی ڕاستەقینەدا هەموان بەبێ‌ جیاوازی یەكسانن لە بەردەم یاسادا و ئیدی پێویست بە جیاكاری ناكات لەسەر بنەمای ڕەگەز و ئاین و نەتەوە و ڕەنگ و زمان و جوگرافیا لەچوارچێوەی یەك كۆمەڵگە و یەك وڵاتدا.
لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنەكانیشدا لەسەر ئاستی ناوچەیی و هەرێمی و نیشتیمانی گشتیشدا پێویستە هەموو تاكەكان بەتوانا و لێوەشاوەیی و كەسایەتی و ناو وناوبانگ و كار و كردەوەكانی خۆیان كاندید بكەن و دەنگ بەدەستبێنن و متمانەی هاوڵاتیان وەربگرن،نەك بەپێی یاسا وەك سیستەمی كۆتا بۆ ژنان و كەمینە و پێكهاتە جیاوازەكان بەش و پشك و ڕێژەیان بۆ دیاریبكرێت. كە ئەمە بۆخۆی نادادپەروەری دێنێتە كایەوە.پێویستیشە هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی دەستووری دانپیادانراو لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵدا بەهەمان شێوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق مامەڵە بكات و پڕۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنەكان سازبكات و بەهەمان شێوە و ڕێژە لەدەستووری هەمیشەیی ساڵی 2005دا هاتووە كۆتا بۆ ژنان و كەمینە و ئاینەكان و پێكهاتەكان دیاریبكات.نەك بە ڕێژە و ژمارەی كورسی زیاتر لە عێراق.
دواتر پێویستە ئەو كەمینانە لەهەرێمدا ببنە نوێنەری ڕاستەقینەی پێكهاتەكانی خۆیان و بەدەنگی ڕاستەقینەی ئەوان هەڵببژێردرێن نەك لەلایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزبێكی دیاریكراوی كوردستان كەدواتر وەك چەند ساڵی ڕابووردوو هەموانیان لە پەڕلەماندا ببونە بەشێك لە ئەجێندای كاری پەڕلەمانی ئەو پارت و لایەنە سیاسیە باڵادەستەی كوردستان.كەئەمەش زیانی بە پێگە و ناووناوبانگی ئەو كەمینانە گەیاند و بوونە پاشكۆ و ئازادی بڕیاردانی سیاسی لای خۆیان نەمابوو.
هەربۆیە دەنگی ناڕەزایی لەناو خودی ئەو پێكهاتەنەوە و دواتریش لەلایەن و پارتە سیاسیەكانی تریشەوە بەرزبۆوە بەرامبەر ئەو نایەكسانی و نادادپەروەریە لە یاسای هەڵبژاردن و ژمارەی بازنەكانی هەڵبژاردن و دابەشكردنی كورسی كەمینەكان بەسەر ئەو بازناندا،هەربۆیە داواكاری هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان كرا و ئەو لایەنانەی كە دژ بەم هەمواركردنەوەی یاسایە بوون بریتی بوون لە تەنها لایەنێكی كوردستانی و پارتە سیاسیەكانی كەمینەكان چونكە هەستیان كرد ئیدی ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابووردوودا بۆیان چووبوە سەر چیدی بۆ ئایندە وانابێت.
گرنگە لە كۆمەڵگە و حوكمڕانیەكی دیموكراتیدا هەموان هەست بە یەكسانی ماف و ئەركەكانی خۆیان بكەن دوور لە جیاكاری و زوڵم و چەوساندنەوە و توندوتیژی و گەرەكە یاسا سەروەربێت و هەموان لەبەردەم یاسادا هەلی یەكسانیان بۆ دابینبكرێت دوور لە سایە و پارێزگاری بۆ چین و توێژ و پێكهاتەیەكی دیاریكراو.بۆیە سیستەمی كۆتا لە هەرێمی كوردستاندا تاكو ئێستا بەشێوەیەكی دادپەروەرانە جێبەجێنەكراوە و لە چوارچێوەی ئەو هەموو ڕەخنە و لایەنگریانەدا پێویستە كار بۆ ڕاستكردنەوە و هەمواركردنەوە و بەسەرداچوونەوەی ئەو سیستەمەدا بكرێت كە هەموان لێی ڕازیبن وئەوكات سیستەمێكی حوكمڕانی دیموكراتیكی ڕاستەقینە دەچەسپێت و هیچ لایەن و پارت و سەركردەیەك باڵادەستی ڕەهانابێت و هەموانیش بەشداردەبن لەناوەندی بڕیار و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكاندا.
سەرچاوەكان:
1.    نڤام كوتا النسائیە فی مجلس النواب العراقی، چیا‌و عبدالله عبود الجابر،تدریسی فی كلیە القانون-جامعە كربلا‌و
2.    پێگەی پەڕلەمانی كوردستان

3.    https://www.alqabas.com
4.    https://www.skynewsarabia.com
5.    http://fcdrs.com
6.    https://ar.wikipedia.org
7.    https://rudawrc.net
8.    https://www.france24.com/ar


 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×