داهات‌و فرۆشی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم‌و عێراق له‌ساڵی‌ 2018 له‌نێوان ڕاستی‌‌و فریوداندا

نەوزادی موهەندیس
  2019-02-01     223
•ئاشكرایه‌ ولاَتی‌ عێراق به‌هه‌رێمی‌ كوردستانیشه‌وه‌ داده‌نرێن به‌ ولاَتێكی‌ نه‌وتی‌ به‌هۆی‌ بوونی‌ یه‌ده‌گێكی‌ گه‌وره‌ی‌ نه‌وت كه‌ به‌نزیكه‌یی‌ له‌ نێوان ((150 بۆ 160 ))ملیار به‌رمیل نه‌وتی‌ خاودایه‌ و  و بڕی‌ یه‌ده‌گی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمیش دیاریكراوه‌ به‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێی‌ ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ یه‌ده‌گه‌ی‌ عێراق كه‌ به‌ نزیكه‌یی‌ ده‌گاته‌ ((50 ملیار به‌رمیل نه‌وتی‌ خاو)) و له‌ پاڵیشیدا هه‌رێمی‌ كوردستان خاوه‌نی‌ بڕی‌(( 7ر5 تریلیۆن)) مه‌ترسێجا یه‌ده‌گی‌ غازی‌ سروشتیه‌ و كه‌ هه‌ردوو((نه‌وتی‌ خاو و غازی‌ سروشتی‌)) داده‌نرێن به‌ دووسه‌رچاوه‌ گرنگه‌كه‌ی‌ وزه‌ی‌ هه‌ڵهێنجراو.كه‌ هه‌ر ولاَت و كۆمه‌ڵگایه‌ك خاوه‌نی‌ ئه‌م دوو سه‌رچاوه‌ گرنگه‌ بن ،ڕاسته‌وخۆ ده‌بنه‌ ولاَت و كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ پێشكه‌وتووی‌ و گه‌شه‌سه‌ندوو و خۆشگوزه‌ران و پڕ ڕه‌فاه،به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌بینرێت و خۆشمانی‌ تیادا ده‌ژین چ له‌ عێراق و چ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌م دووسه‌رچاوه‌ گرنگه‌ نه‌بونه‌ته‌ هۆكاری‌ خۆشگوزه‌رانی‌ و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی‌ ولاَت و كۆمه‌ڵگاكانمان،و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بونه‌ته‌ هۆكاری‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ و برسێتی‌ و بێكاری‌ و نه‌خۆشی‌ و هه‌ژاری‌ و بێخزمه‌تی‌ و بێبه‌ش بوونی‌ تاك و كۆمه‌ڵگا له‌ بچوكترین قازانج له‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ سروشتیه‌.
•جا هه‌ریه‌كه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمیش بانگه‌شه‌ی‌ باشی‌و سه‌ركه‌وتوویی‌ سیاسه‌تی‌ خۆیان ده‌كه‌ن له‌كه‌رتی‌ وزه‌دا،به‌لاَم ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی‌ واقیع ده‌بینرێت به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه‌و ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ شكستخواردووترین سیاسه‌ت پیاده‌ ده‌كرێت له‌و بوراه‌ گرنگه‌دا و ته‌نها قازانج بۆ حیزب و كه‌مینه‌ی‌ سه‌ركرده‌ ده‌ستڕۆیشتوه‌كانه‌ نه‌ك زۆرینه‌ی‌ چین و توێژه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا.چونكه‌ كه‌رتی‌ وزه‌ به‌گشتی‌ به‌سیاسه‌ت و پلانێكی‌ زانستی‌ و واقعی‌ نابرێت به‌ڕێوه‌ و دووره‌ له‌ شه‌فافیه‌ت و ئاشكرایی‌ به‌ڵكو هه‌موان دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌ ده‌كرێت و ده‌شارێته‌وه‌ و به‌ویست و خواستی‌ ده‌ستڕۆیشتوه‌كان ژماره‌كان ڕێكده‌خرێن و له‌چوارچێوه‌ی‌ به‌ناو ڕاپۆرتی‌ مانگانه‌ و سالاَنه‌دا ئاشكرا ده‌كرێن.هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو گومان و شكستخواردنانه‌دا له‌ كه‌رتی‌ وزه‌دا له‌م دواییانه‌دا له‌لایه‌ن په‌ڕله‌مانی‌ عێراقه‌وه‌ لیژنه‌ی‌ تایبه‌ت پێكهێنراوه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوون بۆ ئیشوكاره‌كانی‌ كۆمپانیای‌ سۆمۆ((كۆمپانیای‌ فرۆشتن و به‌ بازاڕكردنی‌ نه‌وتی‌ عێراق))كه‌ تائێستا و بۆ ماوه‌ی‌ زیاد له‌ 15 ساڵه‌ هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك نه‌كراوه‌ له‌ سروشتی‌ كار و گرێبه‌ست و فرۆشتن و په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ ئه‌م كۆمپانیایه‌،كه‌ ده‌ركه‌وتوه‌ گه‌نده‌ڵیه‌كی‌ گه‌وره‌ و مه‌ترسیداری‌ تیادایه‌.ئه‌وه‌ی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانیش ده‌گوزه‌رێت و هه‌ر له‌به‌ر بێمتمانه‌یی‌ و بوونی‌ گومان له‌ ئیداره‌ی‌ كه‌رتی‌ وزه‌دا به‌ناچاری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كۆمپانیای‌ ((دلیۆت))ی‌ بۆ ووردبینی‌ كردن هێناوه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر  داهات و فرۆشی‌ چه‌ندین ساڵه‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمدا بچێته‌وه‌،ئه‌م كه‌رته‌ بارته‌قای‌ هه‌موو كه‌رت و لایه‌ن و بواره‌كانی‌ تری‌ حوكمڕانی‌ تاریك و ناشه‌فاف و به‌نهێنی‌ ماوه‌ته‌وه‌ و ژماره‌یه‌كی‌ زۆر كه‌م ده‌زانن كه‌ چی‌ ده‌گوزه‌رێت و به‌قازانجی‌ كێش ده‌گوزه‌رێت و ده‌سكه‌وت و داهاتی‌ ئه‌م نه‌وت و غازی‌ سروشتیه‌ به‌ چ ئاڕاسته‌یه‌ك ده‌گوزه‌رێت،هه‌ربۆیه‌ بۆته‌ جێگه‌ی‌ گومان و سه‌رهه‌ڵدانی‌ ده‌یان پرسیار.
•هه‌ربۆیه‌ هه‌موو ئه‌و داهات و فرۆشی‌ نه‌وته‌ی‌ له‌ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان ئاشكرا ده‌كرێت هیچ كامیان جێگه‌ی‌ متمانه‌ و ڕه‌زامه‌ندی‌ هاولاَتیان نین و ته‌نها بۆ فریودانن و دوور و نزیك له‌ڕاستیه‌وه‌ نزیك نین.
•به‌پێی‌ ئه‌م زانیاریانه‌ی‌ ده‌رباره‌ی‌ داهات و فرۆشی‌ نه‌وتی‌  عێراق وهه‌رێمی‌ كوردستان و مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌یانخه‌ینه‌ ڕوو ،ئه‌و ڕاستیه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ داهات و فرۆشی‌ نه‌وت زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێن و ده‌كرێت به‌و داهاته‌ زۆر وزه‌وه‌ندانه‌ له‌عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستانیش هه‌نگاوی‌ گه‌وره‌ی‌ ئاوه‌دانی‌ و گه‌شه‌سه‌ندن و خۆشگوزه‌رانی‌ هه‌ڵبنرێت.
•ژماره‌ی‌ مووچه‌خۆرانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌دوای‌ پڕۆسه‌ی‌ بایۆمه‌تریه‌وه‌ بریتیه‌ له‌ ((1250000)) فه‌رمانبه‌ر
•كۆی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران به‌بێ‌ پاشه‌كه‌وت بریتیه‌ له‌((  850 ملیار دینار/ مانگانه‌))
•كۆی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران به‌م پاشه‌كه‌وته‌ی‌ ئێستاوه‌ بریتیه‌ له‌((720 ملیار دینار/ مانگانه‌)) 
•له‌ مانگی‌ 2/2016وه‌ سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وتی‌ مووچه‌ سه‌پێنرا
•له‌مانگی‌ 3/2018 وه‌ بڕی‌ پاشكه‌وتی‌ مووچه‌ كه‌مكرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئێستا هه‌یه‌ له‌نێوان ((18 بۆ 30% ))
•حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ ئێستادا و به‌م سیسته‌می‌ پاشكه‌وته‌ به‌م جۆره‌ مووچه‌ دابین ده‌كات:
1.بڕی‌ 375 ملیار دینار له‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان
2.بڕی‌ 317 ملیار دینار له‌ حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ له‌مانگی‌ 4/2018وه‌
3.بڕی‌ 25ملیار دینار له‌ ئه‌مریكاوه‌
كه‌ كۆی‌ ئه‌م پارانه‌ ده‌كاته‌ 717 ملیار دینار..هه‌ربۆیه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌مانگی‌ 4/2018وه‌ توانیویه‌تی‌ كه‌ مانگانه‌ و له‌كاتی‌ خۆیدا مووچه‌ بدات.
•دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ میزانیه‌ی‌ ساڵی‌ 2019ی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ په‌سه‌ندكرا له‌ 24/1/2019دا و بڕیاریشدرا كه‌ پشكی‌ هه‌رێم 67ر12% بنێرێت و به‌مه‌ش مانگانه‌  حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌م شێوه‌یه‌ داهاتی‌ ده‌بێت:
1.بڕی‌ 522 ملیار دینار حكومه‌تی‌ عێراق دابینی‌ ده‌كات
2.بڕی‌ 375 ملیار دینار وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان دابینی‌ ده‌كات
3.بڕی‌ 25 ملیار دیناریش ئه‌مریكا دابینی‌ ده‌كات
كۆی‌ ئه‌م پارانه‌ ده‌كاته‌  922 ملیار دینار
•هه‌ربۆیه‌ ده‌بێت له‌مانگی‌ 1/2019وه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وت هه‌ڵبگرێت چونكه‌ پاره‌ی‌ ته‌واوی‌ له‌به‌رده‌ستدا ده‌بێت بۆ مووچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و بڕی‌  72 ملیار دیناریش زیاد ده‌بێت.
•له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ 4/11/2018وه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌توانێت ڕۆژانه‌ بڕی‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ خاو هه‌نارده‌ بكات
•كه‌واته‌ له‌مانگێكدا  400000* 30 ڕۆژ  یه‌كسانه‌ به‌ 12 ملیۆن به‌رمیل
•ئه‌گه‌ر نرخی‌ 1 به‌رمیل نه‌وت بریتی‌ بێت له‌ 55 دۆلار كه‌ زیارتیش بوه‌
•ئه‌وا 12,000,000 به‌رمیل *55 دۆلار یه‌كسانه‌ به‌  668,250,000 ملیۆن دۆلار
•ئه‌گه‌ر 100 دۆلار به‌رامبه‌ر  120000 دینار دابنرێت
•ئه‌وا مانگانه‌ داهاتی‌ نه‌وتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بریتی‌ ده‌بێت له‌ 801,900,000,000 ملیار دینار
•گه‌ر داهاتی‌ ناوخۆش له‌((به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كان و باج و رسومات و گومرك)) بریتی بێت له‌
 150 ملیار دینار
•ئه‌وا كۆی‌ داهاتی‌  مانگانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بریتی‌ ده‌بێت له‌(( 951,900,000,000)) ملیار دینار
•كه‌واته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌بێ‌ یارمه‌تی‌ ((حكومه‌تی‌ به‌غداد و ئه‌مریكاش)) ده‌توانێت نه‌ك مووچه‌ به‌پاشه‌كه‌وته‌وه‌ بدات ،به‌ڵكو ده‌توانێت مووچه‌ی‌ ته‌واویش بدات بێ‌ پاشه‌كه‌وت.و زیاده‌شی‌ بۆ بمێنێته‌وه‌ به‌بڕی‌ ((101,900,000,000)) ملیار دینار
•پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ی‌ چه‌ند وه‌خته‌ بۆ مووچه‌ی‌ نه‌داوه‌  ؟ یان بۆچی‌ سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وتی‌ مووچه‌ی‌ هه‌ڵنه‌گرتوه‌؟
•وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ته‌نها داهاتی‌ نه‌وتی‌ مانگانه‌ بریتی‌ بوه‌ له‌(( 801,900,000,000 )) ملیار دینار
•به‌لاَم ته‌نها بڕی‌ ((375ملیار دیناری‌ )) داوه‌ته‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ بۆ مووچه‌ و ئه‌و بڕه‌ی‌ كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ داویه‌تیه‌وه‌ به‌((قه‌رزی‌ كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان و سوودی‌ كه‌ڵه‌كه‌بووی‌ ئه‌و قه‌رزانه‌)) كه‌ مانگانه‌ بڕی‌ ((426,900,000,000))ملیار دینار بوه‌ كه‌ به‌رامبه‌ره‌ به‌ ((355 ملیۆن دۆلار))ی‌ ئه‌مریكی‌ له‌سه‌ر حسابی‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم.
•ده‌رباره‌ی‌ پشكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ بودجه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقی‌ بۆ ساڵی‌  2019شدا
•بڕی‌ داهاتی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقی‌ بریتیه‌ له‌(( 105,569,686,870,000 ))تریلیۆن دینار 
•كۆی‌ پشكی‌ هه‌رێم بریتیه‌ له‌ 67ر12% و یه‌كسانه‌ به‌ 13,375,679,326,429 تریلیۆن دینار
•به‌لاَم دوای‌ لێبڕینی‌ خه‌رجیه‌ حاكمیه‌كان بڕی‌ كۆی‌ پشكی‌ هه‌رێم به‌ 67ر12% یه‌كسانه‌ به‌ 8,741,406,026.000 تریلیۆن دینار
•جارێكی‌ تر كۆی‌ پشكی‌ هه‌رێم دوای‌ خستنه‌ سه‌ری‌ پاره‌ی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ هه‌رێمه‌كان و پڕۆژه‌كانی‌ وه‌به‌رهێنان یه‌كسان ده‌بێت به‌ 8,970,467,226,000 تریلیۆن دینار
•داهاته‌ ناوخۆییه‌كانیش مانگانه‌ بریتیه‌ له‌ 150ملیار دینار ،واته‌ له‌ ساڵێكدا بریتیه‌ له‌ 1,800,000,000,000 تریلیۆن دینار
•كۆی‌ ئه‌و دوو بڕه‌ داهات و پاره‌یه‌ له‌ساڵێكدا ده‌كاته‌ 10,770,467,226,000 تریلیۆن دینار
•بڕی‌ كۆی‌ مووچه‌ی‌ مانگانه‌ بێ‌ پاشه‌كه‌وت  بریتیه‌ له‌ 850 ملیار دینار
•كه‌واته‌  ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌شی‌ 12 مانگ و نیو ده‌كات كه‌ مووچه‌ی‌ ته‌واوی‌ پێبدرێت
•ئه‌م پشكه‌ی‌ هه‌رێم به‌نده‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌رێم ڕۆژانه‌ بڕی‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ بكات كه‌ 
•له‌ 1 مانگدا ده‌كاته‌ 7,500,000 به‌رمیل نه‌وت
•ئه‌گه‌ر  نرخی‌ 1 به‌رمیل نه‌وت به‌ 56 دۆلار دابنرێت وه‌ك له‌ یاسای‌ بودجه‌كه‌دا هاتوه‌ ئه‌وا مانگانه‌ ده‌كاته‌ بڕی‌ 420 ملیۆن دۆرلاری‌ ئه‌مریكی‌
•كه‌ به‌ دیناری‌ عێراقی‌ ده‌كاته‌ 355,329,949,238 ملیار دینار كه‌ نرخی‌ 100 دۆلار به‌ 118200 دینار دیاریكراوه‌
•هه‌رێم بڕی‌ 400 هه‌زار به‌رمیل هه‌نارده‌ ده‌كات كه‌واته‌ بڕی‌ 150000 به‌رمیل نه‌وتی‌ بۆ ده‌مێنێته‌وه‌
•كه‌ مانگانه‌ ده‌كاته‌ 4,500,000 به‌رمیل نه‌وت و 
•پاره‌كه‌شی‌ به‌ 56 دۆلار ده‌كاته‌ 252 ملیۆن دۆلاری‌ ئه‌مریكی‌ 
• به‌ دیناری‌ عێراقیش ده‌كاته‌ 213,197,969,543 دینار 
كه‌ نرخی‌ 100 دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ 118200 دینار دیاریكراوه‌ له‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقدا بۆ ساڵی‌ 2019 كه‌ ئه‌م بڕه‌ پاره‌ و داهاته‌ش زیاده‌یه‌ و هه‌رێم ده‌توانێت سوودی‌ لێوه‌ربگرێت.
•كه‌واته‌ له‌ خراپترین باردا حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌توانێت مووچه‌ی‌ ته‌واوی‌ فه‌رمانبه‌ران دابین بكات به‌بێ‌ پاشكه‌وت.به‌لاَم كه‌ نایكات ئه‌وا گه‌لێك هۆكاری‌ حیزبی‌ و بنه‌ماڵه‌یی‌ و گروپه‌ ده‌ستڕۆیشتوه‌كانی‌ له‌ پشته‌وه‌یه‌و چیدی‌ ناكرێت هاولاَتیانی‌ كوردستان به‌ مووچه‌ی‌ پاشكه‌وتكراو ڕازیبن و چه‌ندین ساڵی‌ تر به‌ قه‌یران و برسێتی‌ و هه‌ژاری‌ بیگوزه‌رێنن به‌هۆی‌ هه‌ڵه‌ی‌ سیاسه‌ت و كاركردنی‌ كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێكی‌ ده‌ستڕۆیشتوو له‌ حیزب و حكومه‌تدا.

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×