دیموكراسی‌‌و ئازادی دوو چه‌مكی‌ نامۆ به‌كۆمه‌ڵگه‌ ئیسلامی‌‌و ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان!

نەوزادی موهەندیس
  2020-02-15     132
• سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ دیموكراتی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ مێژوویه‌كی‌ دێرینی‌ هه‌یه‌ له‌ده‌ستپێك و پیاده‌كردنیدا كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یۆنان و ئیغریقی‌ كۆنی‌ پێش زاین له‌ ئه‌وروپای‌ كۆن و دواتریش هه‌ڵكشان و چه‌سپاندنی‌ و گه‌شه‌كردنی‌ له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كان و پێشكه‌وتنه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگاكاندا و تێپه‌ڕاندنی‌ سه‌ده‌ تاریكه‌كانی‌ ناوه‌ڕاستی‌ ئه‌وروپیه‌كان و دواتریش سه‌رهه‌ڵدانی‌ بزاڤه‌ ئازادیخواز و ڕۆشنگه‌ریه‌كان و هه‌ڵكه‌وتنی‌ چه‌ندین بیرمه‌ندی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و لێكدانه‌وه‌ و تێگه‌یشتن و تێڕوانینه‌ نوێكانیان بۆ كۆمه‌ڵگا و چۆنێتی‌ حوكمڕانی‌ و هه‌ڵبژاردن و مافه‌ یاسایی‌ و ده‌ستوریه‌كان و دواتریش نوسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستوره‌كان و جیاكردنه‌وه‌ی‌ دین له‌ ده‌وڵه‌ت و دواتریش هاتنی‌ سه‌ده‌ی‌ هه‌ستانه‌وه‌ و شۆڕشی‌ پیشه‌سازی‌ و داهێنانه‌ نوێكانی‌ ئه‌وكات له‌ بواری‌ پیشه‌سازیدا ، به‌رودواش سه‌رهه‌ڵدانی‌ بیری‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ و بزوتنه‌وه‌ ڕزگاریخوازه‌كان و شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان دژ به‌ ده‌سه‌لاَته‌ بنه‌ماڵه‌یی‌ و پاشا و خانه‌دان و قه‌یسه‌رو تاكڕه‌وه‌كانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ و  هێنانه‌ كایه‌ی‌ جۆرێكی‌ تر له‌ حوكمڕانی‌ به‌ناوی‌ پاشایه‌تی‌ ده‌ستوری‌ و له‌ قاڵبدانی‌ ده‌سه‌لاَته‌كانی‌ پاشاكان و دواتریش سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ كۆماری‌ كه‌ تائێستاش به‌رده‌وامه‌. 

ئه‌م كاروانی‌ سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردنه‌ی‌ دیموكراتیه‌ی‌ ئه‌وروپیه‌كان كه‌ له‌ ئێستادا زۆربه‌ی‌ ولاَتانی‌ دونیای‌ گرتۆته‌وه‌ نزیكه‌ی‌ 3 هه‌زار ساڵێكی‌ خایاندوه‌ كه‌ مێژوویه‌كی‌ كه‌م وكورت نیه‌، هه‌ربۆیه‌ دیموكراتی‌ و مافه‌كانی‌ تاك و گروپ و كۆمه‌ڵ و حیزبه‌ سیاسی‌ و ڕێكخراوه‌ پیشه‌ی‌ و دیموكراتیه‌كان گه‌شه‌ی‌ باشیان كردوه‌ و له‌ قۆناغی‌ خه‌مڵین ده‌ربازبوون و له‌ ئێستادا گه‌یشتونه‌ته‌ لوتكه‌ی‌ پێگه‌یشتن چونكه‌ ئه‌و سیسته‌می‌ حوكمڕانیه‌ بۆته‌ كه‌لتور و سلوكی‌ ڕۆژانه‌ی‌ تاك و كۆمه‌ڵگا و سه‌ركرده‌ و حیزبه‌ سیاسیه‌كان و بۆته‌ مایه‌ی‌ پێشكه‌وتن و داهێنانی‌ سه‌رسوڕهێنه‌ر و مایه‌ی‌ دابینكردنی‌ سه‌رجه‌م پێداویستیه‌ مادی‌ و خۆشگوزه‌رانیه‌كانی‌ ژیان،گه‌رچی‌ لێره‌و و له‌وێش هه‌ندێكجار زیاده‌ ڕه‌ویشی‌ تیادا كرابێت،به‌لاَم بۆته‌ مۆدێلكی‌ سه‌رده‌م و زۆرینه‌ی‌ كۆمه‌ڵگاكان لێیڕازین و ده‌ستیان پێوه‌گرتوه‌ و لێشی‌ په‌شیمان نین و ناشبنه‌وه‌.

• له‌به‌رامبه‌ردا و له‌ كۆمه‌ڵگا ڕۆژهه‌لاَتیه‌كان به‌گشتی‌ و به‌تایبه‌تیش كۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بی‌ و ئیسلامیه‌كان و ناوچه‌ی‌ ڕۆژهه‌لاَتی‌ ناوه‌ڕاست و به‌شێكی‌ زۆری‌ ئاسیا و كیشوه‌ری‌ ئه‌فریقیاش هێشتا و له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ده‌سكه‌وت و سیماو ناوه‌رۆِكه‌ جوان و گه‌شاوه‌یه‌ی‌ سیسته‌می‌ دیموكراتی‌ و ئازادیه‌كانی‌ تاك و گروپه‌كان له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكادا، گه‌رچی‌ سه‌ركرده‌ و بنه‌ماڵه‌ ده‌ستڕۆیشتوه‌كان بۆ خۆیان شاگه‌شكه‌ی‌ ئه‌و مۆدێله‌ و داهێنان و پێشكه‌وتنه‌كانیانن و زۆربه‌ی‌ ژیانیان له‌ كه‌یف و سه‌فا و گه‌شتوگوزاری‌ ئه‌و ولاَتانه‌دا به‌سه‌ر ده‌به‌ن به‌ پاره‌ی‌ دزراوی‌ میله‌ته‌كانیان ،كه‌چی‌ هێشتاش نه‌یانتوانیوه‌ گه‌رچی‌ به‌شێكی‌ كه‌میش بێت له‌ چه‌مكی‌ دیموكراتی‌ ڕاسته‌قینه‌ تێبگه‌ن و له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی‌ واقیع له‌ ده‌ستور و یاسكانیاندا جێگه‌ی‌ ڕاستگۆیانه‌ی‌ بۆ بكه‌نه‌وه‌ و لانی‌ كه‌م هێواش هێواش له‌ئاستی‌ ده‌سه‌لاَت و ئۆرگانه‌كانی‌ حوكمڕانی‌ و نوخبه‌ی‌ ده‌سته‌بژێری‌ ده‌سه‌لاَته‌كاندا پیاده‌ی‌ بكه‌ن و لێشگه‌ڕێن به‌ شێوه‌یه‌كی‌ سروشتی‌ و دوور له‌هه‌ڵپه‌ و په‌له‌كردن و گه‌شه‌بكات و له‌ مه‌نهه‌جی‌ خوێندن و په‌روه‌رده‌ی‌ نه‌وه‌كاندا تۆخیبكه‌نه‌وه‌ و بۆئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ كه‌لتور و به‌شێكی‌ دانه‌بڕاوی‌ كردار و گوتاریان و ببێته‌ جێگه‌ی‌ ڕه‌زامه‌ندیان له‌ته‌مه‌نێكی‌ منداڵیه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌می‌ 2-3 نه‌وه‌ی‌ دوابه‌دوای‌ یه‌كدا لانی‌ كه‌م بتوانرێت هه‌نگاوێكی‌ باش به‌ره‌و چه‌سپاندن و تێگه‌یشتنی‌ زیاتر و پێشخستنی‌ زیاتری‌ چه‌مك و بنه‌ما و ڕێچكه‌ و ڕێبازه‌كانی‌ دیموكراتی‌ بخه‌مڵێت و بتوانرێت له‌سایه‌ی‌ ئه‌و ڕچه‌ و ڕێبازه‌دا كه‌مێك نزیك ببنه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتوه‌كانی‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكیه‌كان.

• به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ ده‌سته‌لاَتدارانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌لایه‌ك به‌توندیه‌كی‌ شێتانه‌ ده‌ستیان گرتوه‌ به‌ چه‌مكه‌ كۆن و سواوه‌كانی‌ دین و دابونه‌ریتی‌ سواو و زیانبه‌خشه‌كانی‌ باو وباپیران و به‌ كۆمه‌ڵه‌ چه‌مك و به‌هایه‌كی‌ پیرۆز و له‌بن نه‌هاتویان داده‌نێن و لادان لێیان به‌تاوان داده‌نێن و سزای‌ زۆر قورسیشیان بۆ داناون ، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ ته‌نانه‌ت گه‌ر هه‌نگاوێكی‌ بچوكیشیان نابێت بۆ پیاده‌كردن و چه‌سپاندنی‌ بنه‌ماكانی‌ دیموكراتی‌ و ئازادیه‌كان و مافه‌كانی‌ مرۆڤ و عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و یه‌كسانی‌ ڕه‌گه‌زی‌ و بنه‌مای‌ هاولاَتیبوون و سه‌روه‌ربونی‌ یاسا،به‌لاَم هه‌موانیان ته‌نها بۆ جوانكردنی‌ سیما ناشرینه‌كانی‌ ده‌سه‌لاَته‌كانیان بوه‌ نه‌ك بۆ پیاده‌كردنیان، چونكه‌ ئه‌وان به‌هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی‌ له‌و گوته‌ كۆنه‌ سواوه‌ تێگه‌یشتون كه‌ له‌لایه‌ن تاكڕه‌وه‌كانی‌ كۆنه‌وه‌ گوتراوه‌ كه‌ ده‌ڵێت ((به‌چانسترین یان خۆشبه‌خترین سه‌ركرده‌ و ڕابه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ مه‌ڕ ئاسای‌ هه‌بێت)) له‌پێناو درێژه‌دان به‌ته‌مه‌نی‌ حوكمڕانی‌ و تاكڕه‌وی‌ و قۆرخكردن و دزین و گه‌نده‌ڵی‌ له‌سه‌روه‌ت و سامانی‌ میله‌ت و ولاَتدا.

ده‌بێت سه‌ركرده‌ و ده‌ستڕۆیشتوه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی‌ ئه‌م ناوچانه‌ له‌وه‌ تێبگه‌ن تاسه‌ر حوكمڕانی‌ له‌و شێوه‌یه‌یان بۆ ناچێته‌ سه‌ر و ڕه‌وڕه‌وی‌ مێژووش چاوه‌ڕاونی‌ ئه‌وان ناكات و كاروانی‌ پێشكه‌وتن و داهێنانه‌كان له‌ئێستای‌ دونیای‌ به‌جیهانبوون و كاڵبونه‌وه‌ی‌ سنوره‌ ده‌ستكرده‌كان و ڕووخاندنی‌ دیواربه‌نده‌ پۆلاَینه‌كان نه‌ماوه‌ و تاك به‌تاك و كۆمه‌ڵگا به‌كۆمه‌ڵگا هوشیارتر و بوێرتربوون بۆ داواكردنی‌ مافه‌كانیان،زیندووترین نمونه‌ش ڕاپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كانی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ و ناوچه‌كه‌ و دونیاش بوو له‌ساڵی‌ 2011 به‌دواوه‌ و كه‌ تاكو ئێستاش به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ له‌ عێراق و لوبنان و جه‌زائیر و ئێران و توركیا  و ..هتد. 

گه‌رچی‌ زۆرێكیان بونه‌ مایه‌ی‌ جه‌نگی‌ ئه‌هلی‌ و ماڵوێرانی‌ و كاولبوونی‌ ولاَت و كۆمه‌ڵگاكانیان و به‌نه‌به‌كامی‌ ماونه‌ته‌وه‌ و نه‌یانتوانیوه‌ یان لێنه‌گه‌ڕاون بگه‌نه‌ دوا ئامانجی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ خۆیان له‌ گۆڕانكاری‌ و نوێبونه‌وه‌ و چێكردنی‌ كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌لاَتێكی‌ دیموكراتیك و میللی‌ و خۆشگوزه‌ران دوور له‌ تاكڕه‌وی‌  سه‌ركرده‌ و بنه‌ماڵه‌كان و گه‌نده‌ڵی‌ و دزینی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ ولاَته‌كانیان.

كه‌واته‌ باشتروایه‌ بۆ سه‌ركرده‌ نانیشتیمانی‌ و نا نه‌ته‌وه‌یه‌كانی‌ عه‌ره‌ب و ئیسلام و ناوچه‌كه‌ش كه‌ ڕووی‌ ڕاستگۆیانه‌ بكه‌نه‌ سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ دیموكراتیكی‌ ڕاسته‌قینه‌ كه‌ له‌سایه‌یدا ده‌توانن هه‌م خۆیان و ده‌سه‌لاَته‌كه‌یان گه‌شه‌پێبده‌ن و هه‌م كۆمه‌ڵگا و تاكه‌كانیش  له‌ كۆمه‌ڵگا و تاكێكی‌ بێبه‌رهه‌م و مشه‌خۆر و نه‌خۆش و دواكه‌وتوو و هه‌ژار و بێكاره‌وه‌ بگۆڕنه‌وه‌ به‌ تاك و كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ پێشكه‌وتوو و داهێنه‌ر و پڕ به‌خشش و به‌مه‌ش ده‌كرێت گۆڕانكاری‌ له‌هاوكێشه‌ لاسه‌نگه‌ مێژوویه‌كه‌ی‌ نێوان ڕۆژهه‌لاَتی‌ دواكه‌وتوو پاشكۆ و ڕۆژئاوای‌ ئیستیعمار و پێشكه‌وتوو داهێنه‌ردا بێته‌ ئاراوه‌ یان لانی‌ كه‌م ببێته‌ سه‌ره‌تای‌ ڕێگا و كاروانه‌ مێژووه‌ دووردرێژكه‌ی‌  به‌یه‌ك گه‌یشتن و پێشكه‌وتنی‌ مرۆڤایه‌تی‌.

• ئاساییه‌ كه‌ له‌سایه‌ی‌ ئاوها ده‌سه‌لاَتێكی‌ تاكڕه‌ودا هه‌میشه‌ تاك و كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ په‌روه‌رده‌ به‌گیانی‌ تاكڕوه‌ی‌ و توندڕه‌وی‌ و ده‌مارگیری‌ په‌روه‌رده‌ ببێت كه‌ جگه‌ له‌كوشتن و خوێنڕشتن كارێكی‌ داهێنه‌رانه‌ نازانن و هه‌رئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی‌ هه‌ڵگرتنی‌ ماكی‌ ئه‌م ڕۆحیه‌تی‌ دژ به‌مرۆڤایه‌تی‌ و هه‌موو به‌هاو ڕه‌وشته‌ مرۆڤایه‌تیه‌ پێشكه‌وتوو و داهێنانه‌كانی‌ سه‌رده‌م و هیچ ده‌یه‌ ساڵێك تێپه‌ڕ نابێت كه‌ هێز و جولاَنه‌وه‌ و بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ توندڕه‌وی‌ ئاینی‌ یان مه‌زهه‌بی‌ یان نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌م ناوچانه‌دا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و ده‌بنه‌ بابه‌تی‌ ڕۆژه‌ڤی‌ دونیا و هه‌مو دونیا و مرۆڤایه‌تی‌ به‌خۆیانه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن و جگه‌ له‌ خوێنڕشتن و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆسه‌رده‌مانی‌ جاهیلیه‌ت و پێشێلكردنی‌ به‌هاو دابونه‌ریته‌ مرۆڤایه‌تیه‌كانی‌ سه‌رده‌م هیچ كارێكی‌ نوێیان پێنیه‌ و هیچ له‌ ڕه‌وتی‌ ڕوداوكانیش ناتوانن بگۆڕن و ڕێگه‌ش به‌ پێشكه‌وتن و كاروانی‌ گه‌شه‌كردنه‌كانی‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و دونیای‌ پێشكه‌توو بگرن ،به‌ڵكو ئه‌وه‌ی‌ كه‌ زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ پێده‌گات ته‌نها گه‌لان و خاك و سه‌روه‌ت وسامانی‌ ناوچه‌كه‌یه‌ و هیچی‌ تر،كه‌زۆرێك له‌و جولاَنه‌وه‌ تیرۆریستیانه‌ له‌كۆتایدا ده‌رده‌كه‌ون كه‌ ده‌ستكرد و ده‌سته‌مۆی‌ ده‌زگا جاسوسیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانن و ته‌نها ئه‌مان كاری‌ نۆكه‌رایه‌تی‌ و به‌كرێگیراویان بۆ ده‌گێڕن. 

• كه‌واته‌ له‌كۆتایدا ئه‌م ناوچه‌ و كۆمه‌ڵگایانه‌ تا ئه‌وكاته‌ی‌ خۆیان ڕزگارده‌كه‌ن له‌كۆتوبه‌ندی‌ هه‌ڵه‌ی‌ ئاین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌یی‌ توندڕه‌و هه‌روا ده‌مێنه‌وه‌ و هه‌ میشه‌ له‌پاشكۆی‌ ڕووداو و پێشكه‌وتن و داهێنانه‌ مرۆڤانه‌ییه‌كاندا جێده‌مێنن و به‌په‌راوێز و پشتگوێخراوی‌ ژیان ده‌گوزه‌رێنن و وه‌ك په‌ڵه‌یه‌كی‌ ڕه‌شی‌ نه‌فره‌ت لێكراویش به‌ ته‌وێڵی‌ مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ به‌ناشیرینترین شێوه‌ خۆیان پیشان ده‌ده‌نه‌وه‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×