پڕۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان  لەنێوان ئەگەر و ئاڵنگاریەکاندا 

نەوزادی موهەندیس
  2024-05-08     196

   وەک ئاشکرایە کە نەوت و غازی سروشتی دوو سەرچاوەی گرنگی وزەن لەھەموو جیھاندا و ھەر وڵات و کۆمەڵگایەک خاوەنی ئەو دوو سەرچاوە گرنگە بن ئەوا دەچنە چوارچێوەی وڵاتان و کۆمەڵگا پێشکەوتوو ودەوڵەمەند و خۆشگوزەرانەکانەوە.چونکە نەوت و غازی سروشتی دەبنە دوو سەرچاوەی گەورەی داھاتی وڵات و کۆمەڵگاکان و دەبنە ھۆکاری بەرزبونەوەی داھاتی تاک و خێزان و داھاتی نیشتیمانی و دەبنە ھۆکاری گەشەو پێشکەوتنی وڵات و جێگیری سیاسی و ئابوری و بازرگانی و ئەمن و ئاسایش و تەنانەت ئاشتی کۆمەڵایەتی و وڵات و کۆمەڵگا بەرەو ئاسۆیەکی ڕوون و گەشەکردوو ھەنگاو دەنێت و لەگەڵ ڕەوت و کاروانی پێشکەوتنەکانی جیھاندا بەرەو پێشەوە ھەنگاو دەنێن.ئیدی کۆمەڵگا و وڵات لە کۆمەڵگایەکی بەکاربەر و مشەخۆرەوە دەگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵگایەکی پیشەسازی و بەرھەمھێن و خۆژێن و پشتبەستوو بەتوانا مادی و مرۆییەکانی تاک و کۆمەڵگا و چیدی لە دۆخ و قۆناغی برسێتی و ھەژاری و دواکەوتوویی و نەخۆشی و کۆمەڵگایەکی تاوانباریدا نامێنێتەوە.جا ھەموو ئەم ئاماژە دڵخۆشکەرانە بەوە بەدیدێن کە لەلایەن حوکمڕان و دەسەڵاتێکی ڕاشد و ژیر و حەکیم و دووربین و خەمخۆر و دڵسۆز بەگەل و نیشتیمان بەڕێوەببرێت. ھەموو خەم و ھەمی بریتیی بێت لەوەی چۆن سەرچاوە سروشتی و مرۆییەکانی کۆمەڵگا و وڵات بەباشترین شێوە و بەسەرکەوتوترین ئیدارە بەڕێوەببات و بیخاتە خزمەت خۆشگوزەرانی تاک و خێزان و کۆمەڵگاوە.
    بەپێچەوانەوە گەر دەسەڵات و حوکمڕانی و حکومەتەکان کەسانی خۆویست و دەسەڵات ویست و گەندەڵ و مشەخۆر و نادادپەروەر بوون ئەوا ھەموو ئەو ئاماژانە پێچەوانە دەبنەوە بۆ ئەوەی ناجێگیری سیاسی و ئابوری و ئاسایش و کۆمەڵایەتی تێکبچێت و کۆمەڵگا نغرۆی تاوان و برسێتی و ھەژاری و دواکەوتویی و نەخۆشی بێت و ببێتە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو و ھەژار و برسی و بەکاربەر و مشەخۆر وپڕ لەتاوان.
    ھەرێمی کوردستانیش وەکو ھەرێمێکی دەستوری و یاسایی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵدا لەساڵی ٢٠٠٣وە و پێشتریش وەک ھەرێمێکی دەوڵەمەند بەھەردووی سەرچاوە گرنگەکەی وزە لە نەوت و غازی سروشتی  کە وەک باسدەکرێت ١/٣ی یەدەگی عێراق کەوتۆتە ناو سنوری ھەرێمی کوردستانەوە و بڕی ئەو نەوتەی ھەرێم ھەناردەی دەکات ڕێژەی ٠,٥%ی نەوتی بازاڕی جیھانی پێکدێنێت کە بۆخۆی بڕێکی زۆر نیە، بەڵام کاریگەری لەسەر نرخەکانی بازاڕی نەوت ھەیە و نرخەکانی نەوت لە ئێستادا بە سەروو ٨٠دۆلار مامەڵەیان پێوەدەکرێت، و بۆخۆشی عێراق وەک وڵاتێکی دەوڵەمەند کە دووەم گەورە وڵاتی بەرھەمێنی نەوتە لە ڕێکخراوی ئۆپیکدا لەدوای سعودیەوە و پێنجەم گەورە وڵاتیشە کە یەدەگی نەوتی دڵنیایی ھەیە لە جیھاندا کە ١٤٥ملیار بەرمیلە و ١٧% ھەموو یەدەگی نەوتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیشی تیادایە بەپێی ئیدارەی زانیاری و وزەی ئەمریکی EIA.داھاتی نەوت لەعێراقدا زیاد لە ٩٠% بودجەی عێراق پێکدێنێت.
   ھەربۆیە چ ھەرێمی کوردستان و عێراقیش لەو ڕێکەوتەی کە بۆ یەکەمجار نەوت لە کوردستان و عێراقدا دۆزرایەوە بۆ یەکەمجاریش لە ١٤ ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٢٧  کێڵگەی نەوتی کەرکوک دۆزرایەوە ویەکەم بیرە نەوتیش لە کێڵگەی نەوتی کەرکوک لێدرا و لەساڵی ١٩٣٤دا توانرا بۆ یەکەم جاریش نەوت بەرھەمبھێنرێت و دواتریش  و لەھەمان ساڵدا دەستکرا بە ڕاکێشانی  ٤ ھێڵی بۆری گواستنەوەی نەوت و فرۆشتنی بەبازاڕەکانی جیھان لەکەرکوکەوە بۆ سەر دەریای سپی ناوڕاست. ئیدی عێراق بەھەرێمی کوردستانەوە بونەتە جێگەی چاوتێبڕین و تەماعی وڵاتە زلھێزەکانی ئەو سەردەمە لە بەریتانیا و فەڕەنسا و لە ئێستاشدا ئەمریکا و چین و ڕووسیا و ھند و ...ھتدیش زیادیان کردوە.
   ھەرێمی کوردستان بەپشتبەستن بەھێز و بازوو و توانا و ئەزموون و شارەزایی ئەندازیاران و تەکنیککارانی کورد و لەکابینەی دووەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەڕێز کۆسرەت ڕەسول لەساڵی ١٩٩٤دا بۆیەکەم جار دەستیکرد بە ھەڵدانەوەی بیرە نەوتەکانی شیواشۆک لە کۆیە و توانرا بۆ یەکەمجار لەمێژووی حوکمڕانی کوردیدا نەوتی کورد بەدەستی کورد و بۆ بەرژەوەندی کورد خۆی دەربھێنرێت و بفرۆشرێت و پێداویستیە گرنگەکانی کۆمەڵگا و حکومەت و مووچەخۆرانی لێدابینبکرێت و و دواتریش بەو توانا و ئەزموونە کەمەی کە ھەبوو توانرا پاڵاوگەیەکی نەوتیش لەکارگەی شەکر لە شاری سلێمانی دابمەزرێت و لە ٥/١٢/١٩٩٧دا  بتوانرێت لەو سەردەم و قۆناغە ناھەموارانەدا بتوانرێت نەوتی خاوی کوردی بپاڵێورێت و سووتەمەنی بەنزین و گاز و نەوتی سپیشی لێدەربھێنرێت کە بۆ ئەو سەردەم و قۆناغە دەسکەوتی گەورە و مێژوویی بوون.ئیدی لەو ڕێکەوتەوە کورد ئاشنا بوو بە کەرتی وزە و لە گرنگی ڕۆڵ  کاریگەریەکەی تێگەیشت وەک کانزا و سەروەت و سامانێکی سروشتی و ستراتیژی و سەرچاوەی وزە و داھات و خۆشگوزەرانی.
   ھەربۆیە ئیدی لەدوای ئەو ساڵانە و دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی ێدامیشەوە لەساڵی ٢٠٠٣وە و نوسینەوەی دەستوری ھەمیشەیی عێراق لەساڵی ٢٠٠٥ و دواتریش دەرچوونی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ ی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان لەپەڕلەمانی کوردستانەوە بۆ ڕێکخستنی بوار و کەرتی وزەی کوردستان .حکومەت و کابینە یەک لەدوایەکەکانی ھەرێمی کوردستان کەوتنە خۆ بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کۆمپانیا نەوتیە ناوچەیی و جیھانییەکان و دابەشکردنی کوردستان بۆ ٥٠ بلۆکی نەوتی و غازی و ئەنجامدانی گرێبەستە نەوتیەکان بە زیاد لە ٤٢ گرێبەست لە جۆری گرێبەستی ھاوبەشی لەبەرھەمدا PSA لەگەڵ زیاد لە ٢٠ کۆمپانیای گەورە و مامناوەند و بچووکی ناوچەیی و جیھانی کە لە ساڵی ٢٠٠٢وە تا ساڵی ٢٠١١ی خایاند.
   ئیدی ھەرێمی کوردستان لەلایەک بوە خاوەنی نەوت و گرێبەست و یاسای نەوت و غازی خۆی  و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیا نەوتیەکان کە بەم ھەنگاوەی پێش دەوڵەتی عێراق کەوتەوە کە تاکو ئێستاش خاوەنی یاسای نەوت و غازی خۆی نیە و ھەرئەمەش بۆتە ھۆکاری ڕێکنەخستنی کەرتی وزەی عێراق و کەڵەکەبوونی کێشە و ململانێی سیاسی و ئابوری و یاسایی و دەستورییەکان لەنێوان ھەرێم و بەغدادا.کە ھەق وایە کورد و ھەرێمی کوردستان ھەوڵی شێلگیرانە بدات بۆ دەرکردنی ئەو یاسا گرنگە کە ھەرچەندە ئاسان نیە و پێویستیشە کە کورد بە وریایی و بە ئاگایی و بەبوێرییەوە ھاوبەشی لە داڕشتنی ئەو یاسایەدا بکات و ماف و شایستە دەستورییەکانی خۆی بچەسپێنێت و بپارێزێت.
   ھەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠١٤وە بەداخەوە بەھاندانی وڵاتانی ناوچەکە و کۆمپانیا نەوتیەکان و لەڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بەبیانووی بڕینی بەشە بودجە و مووچەی ھەرێم و فەرمانبەرانەوە لەلایەن حکومەتی بەغدادەوە دەستیکرد بە فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بەشێوەی سەربەخۆ بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆی حکومەتی عێراقەوەSOMO.لەوچوارچێوەیەشدا چەندین کۆمپانیا بەشداربوون لەو پڕۆسەی بەرھەمھێنان و فرۆشتنەدا و تاڕادەیەک بوونە شەریکە بەشی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و تائێستاش و لەو کاتەوە مانگانە حکومەتی ھەرێم بەڕێژەی ٥١% داھاتی نەوتی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو کۆمپانیایانە وەک ((شایستەی دارایی  و کرێی گواستنەوەی نەوت و گەڕاندنەوەی قەرزەکانیان)) .
  جا لەھەڵبەز و دابەزینی نرخەکان لەبازاڕەکانی نەوتی جیھانیدا کە لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٤وە لە ١١٥ دۆلارەوە ھاتە خوارەوە بۆ کەمتر لە ٢٠ دۆلار بۆ یەک بەرمیل بەھۆی پەتای کۆڕۆنا و جەنگ و شەڕەکانی ناوچەکە و جیھان.ئیدی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەلایەک بەھۆی نەشارەزایی و کەمئەزموونی لەبوارەکەدا لەبەرامبەر کۆمپانیا نەوتیەکان و سیاسەتە نەوتیەکانی وڵاتانی ناوچەکە و جیھان و لەلایەکی تریشەوە لەبەر پێویستی زۆری بە پارەی نەختینە بۆ مووچە و پڕۆژەکان خۆی خستە ژێر بارزی قەرزێکی گەورەی کەڵەکبووی ئەو کۆمپانیا و بانک و وڵاتانەوە کە وەک ڕادەگەیەنرێت لە ئێستادا ھەرێم زیاد لە ٣٠ملیار دۆلار قەرزاری ھەمەجۆرە.
•    کەموکوڕییەکانی پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆ و سیاسەتی سەربەخۆی ئابوری ھەرێمی کوردستان:
ئەم پڕۆسەیە ھەر لەسەرەتاوە بەھەڵە و نەزانین و فریودان وھاندانی کۆمپانیا نەوتیەکان و وڵاتانی ناوچەکە دەستیپێکرد بۆ بەرژەوەندی خۆیان،نەک بە پێی پلانێکی زانستی و واقعی و دووربین و ژیرانە کە لە قازانجی ھەرێمدا بێت ،ھەربۆیە ڕووبەڕووی گەلێک ئاستەنگی سیاسی و دارایی و ئەمنی و یاسایی و تەکنیکی بۆوە و ھەموانیان بوونە ھۆی سەرھەڵدانی گەلێک کەموکوڕی لە پڕۆسەکەدا کە لەکۆتایشدا شکستیخوارد،لەو کەموکوڕییانەش:
١.    دەستکردن بەو پڕۆسەیە بەبێ مۆڵەت و ئاگادارکردنەوە و ڕێکەوتن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی و کۆمپانیای سۆمۆدا.
٢.    کەوتنە ژێر کاریگەری و ھەژموونی وڵاتانی ناوچەکە و دونیا و کۆمپانیا نەوتیەکان کە ھەموانیان لەخەمی دەسکەوت و قازانجی خۆیاندا بوون نەک ھەرێم.
٣.    وەرگرتنی قەرزێکی گەورەی پێشەکی لە وڵاتان و کۆمپانیا نەوتیەکان بە سوودوقازانجی زۆرەوە.
٤.    بوون و سەرھەڵدانی دیاردەی گەندەڵی و شیرینی وەرگرتن و دزی و بە قاچاغبردن و فرۆشتنی نەوت بۆ قازانجی دەسەڵاتدارانی حکومەت و حیزب و بنەماڵەکان.
٥.    بە ھەزران فرۆشتن و بەتاڵانبردنی نەوتەکە بە بەراوورد بە نەوتی عێراقی بەکەمتر لە ١٥-١٨ دۆلار لە نرخی بازاڕەکانی جیھان.
٦.    جۆری گرێبەستە نەوتیەکان و بڕگە غرامی و جەزائییەکان و داڕشتنی لەڕووی تەکنیکی و یاسایی و دەستوریەوە.
٧.    تێچووی بەرزی دەرھێنان و بەرھەم و گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوتی ھەرێم بە بەراوورد بە بەرمیلێک نەوتی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
    ھەموو ئەم ھۆکارانە بونە ھۆی شکستی ئەو پڕۆسە گەورە و گرنگە و ئەو سەروەت و سامانە گرنگ و ستراتیژیە کە لەمایەی خێر و بەرەکەت و نیعەمەتەوە گۆڕدرا بۆ مایەی قەرزاری و ھەژاری و برسیکردن و نەدانی مووچە و نیقمەت.کە لە ئێستادا و بۆ ماوەی زیاد لە ١٠ ساڵە خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنن و ئاواتەخوازن کە ڕۆژێک زووتر حکومەتی بەغداد بەتەواوەتی دەستبگرێتەوە بەسەر داھاتی نەوتی و نانەوتیەکانی ھەرێمی کوردستاندا بۆئەوەی مانگانە وەک فەرمانبەرانی عێراق لانی کەم مووچەی مانگانەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن.
   ھەرێمی کوردستان لەپێناو گەیاندنی نەوتی ھەرێم بەبازاڕەکانی نەتی جیھانی  ھەوڵیدا کە ھێڵی گواستنەوەی بۆری نەوت دابمەزرێنێت بە ھاوکاری کۆمپانیای ناوخۆیی وناوچەیی و جیھانیەکان لە کۆمپانیای ((کار و بۆتاشی تورکی و ڕۆزنەفتی ڕووسی))، ئەوەبوو ھێڵێکی بۆری گواستنەوەی نەوتی لە کێڵگەی تەقتەق لە کۆیە بۆ خۆرمەڵە و دواتر بەستنەوەی بەھێڵی بۆری نەوتی کەرکوک- بەندەری جیھانی تورکیاوە و توانی نەوتی ھەرێم بگەیەنێتە بەندەری جیھانی تورکی و فرۆشتنی نەوتەکە بە کۆمپانیا و وڵاتانی جیھان.کە بەداخەوە ھەر لە ڕاکێشانی بۆریەکە و فرۆشتنی نەوتەکەشەوە ھەرێم بەھێندەی ئەو کۆمپانیا و وڵاتانە  قازانج و دەسکەوتی نەکرد. بەم ھەنگاوەشی دژی ڕێکەوتنامەیەکی ساڵی ١٩٧٣ی نێوان تورکیا و عێراق وەستایەوە کە عێراق دوای تۆمارکردنی سکاڵایەک لەدادگای بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر تورکیا لەساڵی ٢٠١٤وە توانی کە سکاڵاکە بباتەوە و لە ٢٦/٣/٢٠٢٣دا دادگای ژوورە بارزگانیە نێودەوڵەتیەکە بڕیاری خۆیدا لە قازانجی عێراق و بەمەش بوە ھۆی ڕاوەستانی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم کە ڕۆژانە بڕی ٤٥٠-٥٠٠ھەزار بەرمیل نەوتی خاوی ھەناردە دەکرد دوای نزیکەی ١٠ ساڵ و غرامەکردنی تورکیا لە نێوان ساڵانی ٢١٠٤-٢٠١٨ بەبڕی ١ملیار و ٤٠٠ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و لە ئێستادا کە ساڵێک و یەک مانگی ڕێک ئەو پڕۆسەیە ڕاگیراوە ھەرێمی کوردستان بە عێراقەوە زیاد لە ١٢ ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتوە ئەمە جگە لە زیانی کۆمپانیا نەوتیەکان و تورکیاش.
   بۆچی تاکو ئێستا و دوای ساڵێک لە ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتەکە و چەندین سەردان و دانیشتن و گفتوگۆ لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا،بەڵام نەتوانراوە بڕیاری کۆتایی بدرێت بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە؟
    ئاشکرایە چوار لایەنی سەرەکی بەشدارن لەو پڕۆسەیەدا و ھەرچواریان بەرژەوەندی و دەسکەوت و داھاتی خۆیان دەستدەکەوێت و لە ڕاگرتنیشیدا ھەر چوارلایان زیانی گەورەیان بەردەکەوێت.لایەنەکانیش بریتین لەھەریەکە لە دەوڵەتی عێراق و تورکیا و ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتیەکان.ئەو خاڵانەی کە بونەتە ھۆکاری لێکتێنەگەیشتن و نەگەیشتن بە ڕێکەوتنی کۆتایی بریتین لە:
١.    عێراق داوا لە کۆمپانیا نەوتیە بیانیەکان دەکات کە دەقی گرێبەستە نەوتیەکانیان ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراقی بکەن بۆ ھەڵسەنگاندن و بەسەرداچونەوەیان و ڕێککردنەوەیان لەگەڵ دەستوور و یاسا عێراقیەکاندا. بەڵام تاکو ئێستا کۆمپانیاکان ڕازی نین کە گرێبەستەکانیان پێشکەش بکەن.
٢.    وەزارەتی نەوتی عێراق لە گرێبەستە نەوتیەکانی خۆیدا ،گرێبەستی خزمەتی پیادەکردوە، و نرخی دەرھێنان و گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوتی بە ٦-٨ دۆلار داناوە.بەڵام لەھەرێمی کوردستاندا ئەو نرخانە دەگاتە نێوان ٢٧-٣٣ دۆلار. کە ئەمەش جێگەی ڕەزامەندی وەزارەتی نەوتی عێراقی نیە و ناتوانێت ئەو بڕە پارەیە خەرج بکات بۆ کۆمپانیا نەوتیەکان و وەک ئەوەی ڕاگەیەنراوە حکومەتی عێراق بەبڕی ٢١-٢٤ دۆلار ڕەزامەندە ئەوەش بەھۆی جیاوازی تۆپۆگرافی ھەرێم و باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە.ئەم ڕەزامەندیەش پێویستی بەھەموارکردنەوەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ھەیە بۆ تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە کە بڕێکی کەم نیە.
    بەم شێوەیە کۆمپانیا نەوتیەکان کە کۆمەڵەیەکیان پێکھێناوە بەناوی ((کۆمەڵەی پیشەیسازی نەوتی کوردستان ئەپیکور)) بەرگری لە ماف و شایستە دارایی و یاساییەکانیان دەکەن و لەو پێناوەشدا جۆرەھا فشاریان بەکارھێناوە دژ بە حکومەتی بەغداد بەناردنی نامە بۆ کۆنگرێس و سەرۆکی ئەمریکا لە ٢/٣/٢٠٢٤دا لە پێش سەردانەکەی محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا لە ١٤/٤/٢٠٢٤دا.بەڵام تاکوئێستا ھیچ نیشانەیەکی ڕێکەوتن لەئارادا نیە.ئەم کۆمەڵەیە ڕایگەیاندوە کە عێراق دەبێت ڕۆژانە بڕی ٨٠٠ ھەزار دۆلاریان پێبدات لە بری غرامەی دواکەوتنی ھەر ڕۆژێک لە ھەناردکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
   ئەم کۆمپانیایانەش بە ھۆی ئەوەی لایەنی دەرھێنەر و بەرھەمھێنەری نەوتی کوردستان و بڕیاردەری سەرەکین لەدەستپێکردنەوەی پڕۆسەکەدا،پێش داخستنی بۆریەکە بڕی ١ ملیار دۆلار شایستەی داراییان لەلای حکومەتی ھەرێم ھەبوە و دواکەوتوە و زیانەکانیشیان لە ڕۆژی داخستنەوە دەگاتە یەک ملیار و نیو دۆلاری ئەمریکی.بۆئەمەش بەپێی پابەندیی گرێبەستەکان داوای قەرەبوو دەکەنەوە.
   جا ھەناردەکردن و درێژەدان بە ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوت لەو بۆریەوە دەبێتە ھۆی زیانگەیاندن بە عێراق بەبڕی ٢٥ ملیۆن دۆلار مانگانە چونکە تورکیا داوای قەرەبووی دواخستنەکە لە عێراق دەکات بەپێی ڕێکەوتنی نێوانیان.تا ئەو کاتەی بۆریەکە لەڕووی تەکنیکیەوە کاربکات و کێشەی نەبێت.
    لە ئێستادا لەنێوان تورکیا و عێراق وەکو دوو وڵات ھیچ کێشەیەکی تەکنیکی و یاسایی نەماوە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەکە.ئەوەی کە ماوەتەوە وەکو کێشە لە نێوان کۆمپانیا نەوتیەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر شێوەی گرێبەست و ناوەڕۆکەکەیان و بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ تێچووی دەرھێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوتە.ئەمریکاش ھانی ھەموان دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ھەرناردەکردنەکە.

 

•    ئایندەی کۆمپانیا نەوتیەکان لەھەرێمی کوردستاندا
    گەر ئەم کێشە و ململانێیانەی نێوان لەلایەک ھەرێم و بەغداد و لەلایەکی تریشەوە لەنێوان کۆمپانیا نەوتیەکان و بەغداد بەردەوام بێت،ڕەنگە پڕۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ ماوەیەکی زیاتر دوابکەوێت،ھەربۆیە عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە و دەسکەوتنی داھاتی زیاتر و فرۆشی نەوتی زیاتر و بۆ خۆدەربازکردنیش لە پێدانی قەرەبوو بە تورکیا و ئەو کۆمپانیایانەش داوای لە کۆمپانیاکان نەکردوە کە عێراق جێبھێڵن بەڵکو داوای ڕادەستکردنی گرێبەستە نەوتیەکانی لێکردوون بۆئەوەی بەسەریاندا بچێتەوە و بیانگونجێنێت لەگەڵ دەستور و یاساکانی عێراقدا.و پێی ڕاگەیاندوون بەبێ ئەنجامدانی ئەو کارە ئەو کۆمپانیایانە ناتوانن جارێکی تر دەستبکەنەوە بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم. ئەمە لەکاتێکدایە کە عێراق خەریک و سەرقاڵی بەگەڕخستنەوەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیایە وەکو جێگرەوەی ھێڵی بۆری نەوتی ھەرێم-تورکیا.ئەمەش ھەڵوێستی عێراق بەھێزتر دەکات لەبەرامبەر ھەرێم و کۆمپانیا نەوتیەکاندا. لەکاتێکدا ھەرێم و عێراق لە ٤/٤/٢٠٢٣دا ڕێکەوتن کە تەواوی مەلەفی نەوتی ھەرێم ڕادەستی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی بکرێت و چیدی ھەرێم خاوەن بڕیاری دەرھێنان وفرۆشتن و گواستنەوەی نەوتەکەی نەماوە.

 

•    ھێڵی بۆری گواستنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان
   ئەم بۆریە لە بنچینەدا ھەبوە و لە کێڵگەی نەوتی خۆرمەڵەوە لە شاری کەرکوکی عێراقەوە دامەزراوە و بە پارێزگای موێڵدا تێپەڕدەبێت و لە خاڵی سنووری فیشخابورەوە دەچێتە خاکی تورکیاوە بەرەو بەندەری جیھانی تورکیا  لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست کە درێژییەکەی دەگاتە ٩٠٠کم و توانای گواستنەوەشی لە نێوان ٤٥٠-٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا.کە لە بنچینەدا بۆریەکە دامەزراوە بۆ گواستنەوەی بڕی ١ ملیۆن بەرمیل/ڕۆژ.
   ھێڵەکە پێش ڕاگرتنی ھەناردەکردن لە ٢٦/٣/٢٠٢٣دا: ڕۆژانە بڕی ٨٠ھەزار بەرمیل نەوتی لە کەرکوک و بڕی ٣٩٠ھەزار بەرمیل نەوتی لە ھەرێمەوە دەگواستەوە بۆ بەندەری جیھانی تورکیا.بەڕاگرتنی پڕۆسەکە تەنھا لە ٤ مانگی یەکەمدا عێراق و ھەرێم بڕی ٥ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتوە و تورکیاش بڕی ٢-٣ ملیۆن دۆلار ڕۆژانە زیانی پێگەیشتوە لە ڕسوماتی گواستنەوەی نەوت بە خاکەکەیدا.
  کۆمپانیا نەوتیەکان بۆ گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوت لە بۆری نەوتی ھەرێم داوای ٢٦ دۆلار دەکەن،لەکاتێکدا بڕی کرێی گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوت لە بۆری نەوتی عێراق-تورکیاوە تەنھا بڕی ٧ دۆلاری تێدەچێت.
    عێراق و تورکیا وەکو دوو دەوڵەتی ھاوبەش لەم پڕۆسەیەدا لەساڵی ١٩٧٣دا ڕێکەوتنێکیان بۆ ئەو مەبەستە واژۆکردوە و لە ساڵانی ١٩٧٦-١٩٨٥ و ٢٠١٠دا ھەمواریان کردۆتەوە لەگەڵ گۆڕانکاریە نوێکان و کاریان پێکردوە.لە یەکێک لە خاڵەکانی ڕێکەوتنەکە تورکیا پابەند دەکات بە (( پێویستە گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانی لایەنی عێراقی بکات لەوەی کە پەیوەندی بە جوڵە و گواستنەوەی نەوتی خاوی ھاتوەوە ھەیە لە عێراقەوە لە ھەموو قۆناغەکانی ھەڵگرتن((خەزنکردن)) و گواستنەوە و وێسگەی کۆتاییدا)).
    بەڵام لەساڵی ٢٠٠٧وە کێشە کەوتە نێوان عێراق و تورکیاوە کاتێک ھەرێم یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستانی بە ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ دەرکرد و ژمارەیەک کۆمپانیای دامەزراند بەبێ ڕەزامەندی بەغداد کە بەپێی دەستوور بەغداد بەمافی خۆی دەزانێت.لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٤وە تورکیا ڕێگایدا بە ھەرێم کە نەوتەکەی لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیاوە ھەناردە بکات بەشێوەی سەربەخۆیانە.ئیدی عێراقیش لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ وە کەوتە خۆی و لەمانگی ٥/ ٢٠١٤وە سکاڵایەکی یاسایی لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر تورکیا تۆمارکرد وەک پێشێلکەری ڕێکەوتنامەی نێوانیان لەساڵی ١٩٧٣دا.

 

•    کێشە و گرفتەکانی بەردەم فرۆشتنی نەوتی ھەرێم
   گەلێک ھۆکار و ڕێگر  بونەتە لەمپەڕ و کێشە و گرفت لەبەردەم پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بەشێوەی سەربەخۆ، لەڕووی تەکنیکی و یاسایی و دەستوریەوە،ھەرلایەکیش لەھەرێم و بەغداد بیانوو بۆخۆیان دەھێننەوە بۆ ڕاستودروستی مامەڵەکانیان، بۆیە بەدرێژایی ١٠ ساڵی ڕابووردوو ئەو پڕۆسەیە پڕکێشەترین و سەرەکیترین کێشەش بوە لەنێوان ھەرێم و بەغدادا کە تائێستاش بەردەوامی ھەیە.لەو کێشە و گرفتانە:
١.    فۆرشتنی نەوتی ھەرێم نە بەپێی یاسایەکی دیاریکراو و بەتایبەتیش عێراقی نەبوو بەڵکو بەپێی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ بوو.کە دواتر و لە ڕێگەی دادگای باڵای فیدڕاڵیەوە لە ١٦/٢/٢٠٢٢وە لەلایەک پڕۆسەی فۆرشتنی نەوتی ھەرێمی بەنادەستووری و نایاسایی لە قەڵەمدا و لەلایەکی تریشەوە یاسای ژمارە ٢٢ساڵی ٢٠٠٧ ھەرێمی کوردستانیشی پوچەڵکردەوە.ئیدی سەرتاپای پڕۆسەی دەرھێنان و فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی بەنادەستووری لە قەڵەمدا و کێشەی یاسایی بۆ پڕۆسەکە دروستکرد لەگەڵ ھەرێم و تورکیا و کۆمپانیاکانیش.
٢.    نرخی بەرمیلێ نەوتی ھەرێم ھەمیشە ١٥-١٨ دۆلار لە خوار نرخی بەرمیلی نەوتی عێراقەوە بوە لەبەر ئەوەی شێوەیەکی یاسایی نەبووە وەکو ئەوەی عێراق ، ھەرێم دەیویست بەھەر نرخێک بێت پلان و پڕۆسەکەی سەربگرێت و ھەرێم بناسێنێت بەجیھانی نەوت و غازی جیھانی و بازاڕەکانی جیھان.بەمەش ھەرزانتر بوە و ھەربۆیە کڕیاری باشی ھەبوە.
٣.    بەھۆی ئەم ململانێ توندەی نێوان ھەرێم و بەغداد. بەغداد لەساڵی ٢٠١٤وە و دواتر لەساڵی ٢٠١٦وە بەشە بودجەی و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی بڕی ،ھەربۆیە ھەرێم کەوتە ژێر باری قەرزێکی زۆری کەڵەکەبووی کۆمپانیاکان و وڵاتانەوە کە تاکو ئێستا وەک ڕاگەیەنراوە ھەرێم بڕی ٣٠ملیار دۆلار قەرزدارە.ئیدی ئەوە ماوەی زیاد لە ١٠ساڵە ھەرێم لە قەیرانێکی دارایی و بودجەدایە و ناتوانێت تەنانەت مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی خۆی لەکاتی خۆیدا بدات، سەرەڕای ڕێکەوتنی چەندین جارە لە نێوان عێراق و ھەرێم لەسەر ناردنی پارەی ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ عێراق لەبەرامبەر ناردنی بەشە بودجە و مووچەکەدا،بەڵام ھیچ لایەکیان پابەند نەبوون بەو ڕێکەوتنانەوە.

 

•    ھێڵی بۆری گواستنەوەی نەوتی کێبڕکێکەری بۆری نەوتی ھەرێمی کوردستان
   عێراق پێشتریش بۆریەکی گواستنەوەی نەوتی ھەبووە بۆ گواستنەوەی نەوتی کەرکوک-تورکیا  بەناوی بۆری نەوتی ITP وە  و ئەم بۆریە بەگەورەترین بۆری نەوت گوێزەرەوە دادەنرێت و لە دوو بۆری پێکدێت:
•    یەکەم:تیرەی بۆریەکە ٤٦ ئینج((١,١٢٠ملیمەتر)) و لەساڵی ١٩٧٧دا دامەزراوە.
•    دووەم: تیرەی بۆریەکە ٤٠ ئینج((١.٠٢٠ نلیمەتر)) و لەساڵی ١٩٨٧دا دامەزراوە.
•    توانای دیزاینی لەنێوان ٥٠٠-١ ملیۆن بەرمیل/ڕۆژە.و توانای کردارەکیشی ٣٠٠ھەزار بەرمیل/ڕۆژە.
•    پێنج وێسگەی پاڵنانی ھەیە(( وێسگەی ع-ت-١ و ع-ت-٢ و PS-٣و PS-٤و PS٥-MT )).
    لەساڵی ٢٠١٠دا عێراق و تورکیا ڕێکەوتنی نێوانیان بۆ ماوەی ١٥ ساڵ درێژکردۆتەوە کە لەنیوەی ساڵی ٢٠٢٥دا تەواو دەبێت، بۆ گواستنەوەی نەوت بەم ھێڵەدا،بۆیە  بە دواکەوتنی گواستنەوەی نەوت پیایدا تورکیا داوای قەرەبوو لە عێراق دەکات گەر عێراق بەکاری نەھێنێت ،بەڵام بەھۆی شەڕەکانی داعشەوە لەساڵی ٢٠١٤وە زیانی پێگەیشتووە بە درێژی ٥٠کم بە بۆریەکانی و لە پێنج وێسگەی پاڵنانیش سێ وێسگە زیانیان بەرکەوتبوو .ھەربۆیە عێراق کاری گواستنەوەی بەو بۆریەدا ڕاگرتبوو.لە ئێستادا و وەک جێگرەوەیەک و کێبڕکێکەرێکیش بۆ بۆری نەوتی ھەرێم-تورکیا،وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر زاری وەکیل وەزیری نەوتی عێراقەوە باسم محمدەوە ڕایگەیاندوە کە دوای چاککردنەوەی بۆ ھێڵی بۆری عێراق –تورکیا دەتوانێت ڕۆژانە بڕی ٣٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەبکات لەکۆتایی مانگی نیسانی ٢٠٢٤وە.ئەمەش دوودڵی و بێزاریەکی لای حکومەتی ھەرێم و کۆمپانیا نەوتیەکان دروستکردوە.بەڵام بۆ عێراق بە دەسکەوت و داھاتی زیاتر دەگەڕێتەوە چونکە تێچووی گواستنەوەی کەمترە لەبۆری نەوتی ھەرێن-تورکیا.
•    ئەم بۆریە نەوتە:
لە کێڵگەی نەوتی کەرکوک لەناوچەی(( کیوای)) دەستپێدەکات و دەچێتە شاری موێڵ و لەناوچەی فیشخابورەوە دەچێتە خاکی تورکیاوە و لەوێشەوە بۆسەر بەندەری جیھانی تورکیا.درێژییەکەی ٣٤٥کم کە بە بەشێک لە بۆری نەوتی ستراتیژی عێراقی دادەنرێت کە لەساڵی ١٩٧٧وە عێراق دەستی بەدامەزراندنی کردوە کە دەتوانێت ڕۆژانە بڕی ٦٠٠ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە بکات.ئەم ھێڵە لەدوای ٢ ھەفتە لە تاقیکردنەوە ئێستا ئامادەیە بۆ ڕەوانەکردنی نەوت پیایدا.


•    بەرئەنجام و کۆتایی:
١.    پڕۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم کێشەی یاسایی و دەستووری و بودجەی بۆ دروستبوە لەنێوان ھەرێم و عێراق و کۆمپانیا نەوتیەکانداو تا چارەسەرکردنی ئەو کێشانە ڕەنگە دەستپێکردنەوەی درێژە بکێشێت.
٢.    مەلەفی نەوتی ھەرێم لە ٤/٤/٢٠٢٣وە بەتەواوەتی ڕادەستی کۆمپانیای نەوتی سۆمۆی وەزارەتی نەوتی عێراقی کراوە و چیدی ھەرێم بڕیار بەدەستی کۆتایی نیە لەبەرھەمھێنان و فرۆشتنی نەوتەکەدا.
٣.    کۆمپانیا نەوتیە بیانییەکان لایەنێکی سەرەکی پڕۆسەی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستانن و داوای شایستە داراییەکانی خۆیان دەکەن کە ھێشتا چ وەک قەرز و چ وەک شایستەی مانگانەی خۆیان بەپێی گرێبەستە ھاوبەشەکانی بەرھەم بە مافی خۆیانی دەزانن و وەریان نەگرتونەتەوە.
٤.    تورکیا لە ئێستادا وەکو پێشتر پشتیوانی لە پڕۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم ناکات.چونکە دەزانێت جارێکی تریش گەر عێراق سکاڵای لەسەر تۆماربکات زیانی گەورەی بەردەکەوێت.
٥.    تورکیا و عێراق،بەھەلی دەزانن کە دەسەڵاتەکانی ھەرێم و تەنانەت قەوارەکەشی بچووک و لاواز بکەن، ھەربۆیە جارێکی تر ڕێگەنادەنەوە ھەرێم ببێتەوە بەخاوەن و بڕیاردەر لە پڕۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتەکەی.
٦.    پێویستە ھەرێم ،ھەرچیکردوە پابەند بێت بە ڕێکەوتنەکانی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقدا،بۆئەوەی چیتر مووچە و بەشە بودجەی ھەرێم دوانەکەوێت و قەیرانە داراییەکەی زیاتر درێژە نەکێشێت.
٧.    وڵاتانی زلھێزیش لایەنگری سەرسەختی ھەرێم ناکەن وەکو پێشتر و لە ئێستادا ھەموان داوادەکەن کە ھەرێم و بەغداد کێشە و ململانێَکانیان لەنێوخۆیاندا چارەسەربکەن.
٨.    لەنێوماڵی کوردی و کوردستانیشدا ھیچ کۆدەنگیەک و سازانێکی نیشتیمانی نیە لەسەر کۆی کێشەکان و بەتایبەتیش ئەم کێشەی نەوت و ھەناردەکردنەوەی،چونکە چ حیزب و سەرکردە سیاسیەکان و لەپێش ھەموانیشەوە جەماوەر متمانەی بە دامودەزگاکان و پلان و سیاسەتی ئابوری حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەماوە و پشتگیری ناکەن،چونکە لەماوەی ١٠ساڵی ڕابووردوودا بەھۆی ئەو سیاسەتە ھەڵەی بەڕێوەبردنەوە میللەت جگە لە برسێتی و بێ مووچەیی و قەیرانی دارایی و قەرزداری ھیچ خۆشی و خۆشگوزەرانیەکی دەستنەکەوتووە.
   بۆیە لەکۆتایدا ئەم پڕۆسەی ھەناردەکردن و نەکردنەی نەوتی ھەرێم لەنێوان ئەم ھەموو ئەگەر و ئاڵنگاریانەدا،چارەنووسی بەنادیاری ماوەتەوە و ھیچ کەس و لایەنێکیش ناتوانێت و نازانێت کەی و چۆن پڕۆسەکە دەستپێدەکاتەوە.

سەرچاوەکان:

١.    https://www.alhurra.com
٢.    https://www.aljazeera.net
٣.    https://ar.wikipedia.org
٤.    https://aawsat.com
٥.    https://www.skynewsarabia.com
 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×