ڕێككه‌وتنی‌ سه‌ده‌.. ئاكام‌و لێكه‌وته‌كانی‌ بۆ ناوچه‌ی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوین

نەوزادی موهەندیس
  2019-05-24     213

((ڕێككه‌وتنی‌ سه‌ده‌)) ناونیشانێكی‌ ته‌لیسماویه‌ كه‌ تاكو ئێستاش زۆر سه‌ركرده‌و ولاَتی‌ ناوچه‌كه‌و دونیاش ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ نازانن، به‌لاَم له‌ناوه‌كه‌یه‌وه‌ زۆر گه‌وره‌ دیاره‌و جێگه‌ی‌ پرسیارو تێڕامانه‌.

ڕێككه‌وتنی‌ سه‌ده‌ بیرۆكه‌ی‌ ئه‌مریكاو ئیداره‌ی‌ سه‌رۆك ترامپه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ فه‌له‌ستین و ئیسڕائیل كه‌ كێشه‌یه‌كه‌ له‌چاره‌سه‌ر نه‌هاتوه‌ به‌درێژایی‌ 70 ساڵی‌ ڕابوردوو كێشه‌ی‌ ئاڵۆزو گه‌وره‌ی‌ پله‌ یه‌كی‌ ناوچه‌ی‌ ڕۆژهه‌لاَتی‌ ناوینه‌و دوای‌ ئه‌ویش كێشه‌ی‌ كورد دێت.ئه‌م پێشنیازه‌ یان بیرۆكه‌یه‌ دوای‌ 18 مانگ له‌كاری‌ چڕوپڕی‌ لێژنه‌یه‌ك له‌ ئیداره‌ی‌ سه‌رۆك ترامپ ئاماده‌كراوه‌ و چه‌ند ولاَت و سه‌رۆك ولاَتێكی‌ ناوچه‌كه‌شیان لێئاگاداركرۆدته‌وه‌ له‌ (( سعودیه‌ و ئیمارات و عومان و ئوردون و میسر و توركیا)).ئه‌م پلانه‌ هێشتا به‌نهێنی‌ ماوه‌ته‌وه‌ و نه‌خراوه‌ته‌ به‌رده‌م ڕاگه‌یاندن و جه‌ماوه‌ری‌ ناوچه‌كه‌وه‌ و وابڕیاره‌ له‌ مانگی‌ 6/2019دا ئاشكرا بكرێت.

3 كه‌سایه‌تی‌ دیاری‌ ئیداره‌كه‌ی‌ ترامپ وه‌ك ئه‌ندازیاری‌ ئه‌م پلانه‌ دێنه‌ ناوهێنان كه‌ بریتین له‌هه‌ریه‌كه‌ له‌(( گرینبلات كه‌ 12 ساڵه‌ پارێزه‌ری‌ موڵك و ماڵی‌ سه‌رۆك ترامپه‌ و كۆشنه‌ر زاواكه‌ی‌ ترامپ و سه‌فیری‌ ئه‌مریكا له‌ ئیسڕائیل/دێڤید فریدمان))نن.

هه‌رچه‌نده‌ پلانه‌كه‌ ئاشكرا نه‌كراوه‌ به‌لاَم لێره‌ و له‌وێ‌ له‌لایه‌ن لێپرسراوانی‌ ئه‌مریكا و دیپلۆماتكاره‌كانیانه‌وه‌  بڕگه‌ و بابه‌ته‌كان به‌پچڕ پچڕ ئاشكرا ده‌كه‌ن، به‌كورتی‌ ده‌توانرێت خاڵ و به‌نده‌ گرنگه‌كانی‌ به‌م شێوه‌یه‌ كورتبكرێته‌وه‌:
دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ فه‌له‌ستینی‌ له‌ كه‌رتی‌ غه‌زه‌ و به‌ره‌ی‌ ڕۆژئاوا به‌لاَم به‌بێ‌ بوونی‌ سوپایه‌ك.

میسر له‌ كۆتا قۆناغی‌ گفتوگۆكانیدا ڕایگه‌یاندوه‌  كه‌ ئه‌و به‌نده‌ی‌ لابردوه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ فه‌له‌ستینی‌ له‌سه‌ر به‌شێك له‌خاكی‌ سینا دابمه‌زرێت، و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست هه‌ڵناگرێت له‌ خاكی‌ میسر،دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ وازی‌ له‌هه‌ردوو دورگه‌ی‌ تیران و صنافیر هێنا بۆ سعودیه‌ ، به‌لاَم له‌ناوچه‌ی‌ سینادا وه‌كو ناوچه‌یكی‌ ئازادی‌ بازرگانی‌ ده‌توانرێت به‌شێك له‌ خاكی‌ زیاتر دابینده‌كات بۆ فه‌له‌ستینیه‌كان بۆ دامه‌زراندنی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و كارگه‌ و بۆ جێگه‌ی‌ ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ و كشتوكاڵی‌ و ڕێگه‌دان به‌ فه‌له‌ستینیه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ تیایدا بژین.كه‌ دواتر له‌سه‌ر ڕووبه‌ری‌ زه‌ویه‌كه‌ ڕێكه‌وتن ده‌ككرێت.

هه‌روه‌ها پردێكی‌ هه‌ڵواسراو دروستده‌كرێت له‌نێوان غه‌زه‌ و كه‌رتی‌ ڕۆژئاوادا بۆ كارئاسانی‌ جوڵه‌ و هاتوچۆ.
دوای‌ 1 ساڵ له‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ دیموكراسی‌ ئه‌نجام ده‌درێت و هه‌ر فه‌له‌ستینیه‌ك بۆی‌ هه‌یه‌ خۆی‌ هه‌ڵببژێرێت.

سزا ده‌سه‌پێنرێت به‌سه‌ر هه‌ر لایه‌كی‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌دا كه‌ ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ ڕه‌تبكاته‌وه‌ به‌ ئیسڕائیلیشه‌وه‌.
سوپای‌ ئیسڕائیل كۆنتڕۆڵی‌ كۆمه‌ڵگا جوله‌كه‌ نشینه‌كانی‌ كه‌رتی‌ ڕۆژئاوا ده‌كات له‌گه‌ڵ دۆڵی‌ ئوردون و سنوره‌كان بۆ ماوه‌ی‌ 5 ساڵ تا گفتوگۆكان ده‌گه‌نه‌ قۆناغی‌ كۆتایی‌.

ئاشكرایه‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ گه‌لێك خاڵ و بڕگه‌ی‌ تر له‌خۆ ده‌گرێت،به‌لاَم هێشتا هه‌رئه‌وه‌نده‌ی‌ لێ‌ ئاشكرا كراوه‌.جا له‌سه‌ر ئه‌م خالاَنه‌ی‌ كه‌ ئاشكرا كراون،له‌لایه‌ن ئیسڕائیل و فه‌له‌ستینیه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵوێستی‌ جیاواز و گه‌لێك جاریش توند ڕاگه‌یه‌نراوه‌ به‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌.ئه‌وه‌تا ڕۆژنامه‌ی‌ هائاڕتسی‌ ئیسرائیلی‌ له‌و بڕوایه‌دایه‌ كه‌ 7% كۆمه‌ڵگای‌ ئیسڕائیلی‌ له‌و بڕوایه‌دان كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌واندایه‌ و 31% ده‌ڵێن له‌ قازانجی‌ فه‌له‌ستینیه‌كانه‌.
هه‌ڵوێستی‌ ئیسڕائیلیه‌كان:

1.تائێستا ئیسڕائیل چاره‌سه‌ری‌ دوو ده‌وڵه‌ت ڕه‌تده‌كاته‌وه‌.
2.ڕازی‌ نیه‌ به‌  گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌ فه‌له‌ستینیه‌كان.
3. چۆڵكردنی‌ كۆمه‌ڵگا جوله‌كه‌ نشینه‌كان له‌كه‌رتی‌ ڕۆژئاوا به‌لایه‌وه‌ زۆر سه‌خته‌.
4. شاری‌ قودسی‌ ڕۆژهه‌لاَت به‌ پایته‌ختی‌ شه‌رعی‌ ئیسڕائیل داده‌نێت.

هه‌ڵوێستی‌ فه‌له‌ستینیه‌كان:
1.تا ئێستا سه‌ركرده‌ فه‌له‌ستینیه‌كان به‌ ((حه‌ماس و فه‌تح))وه‌ به‌توندی‌ ئه‌و پلانه‌ ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌ چونكه‌ ده‌ڵێن،ده‌سه‌لاَتی‌ ئیسڕائیل زیاتر ده‌چه‌سپێنێت .
2.ئاواره‌كان تا ئه‌به‌د ناگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدی‌ بابو باپیرانیان.كه‌ ژماره‌یان له‌   5 ملیۆن فه‌له‌ستینی‌ زیاترده‌بن.
3. به‌پێی‌ پلانه‌كه‌ش سه‌روه‌ری‌ خاكی‌ فه‌له‌ستینیش تا ئه‌به‌د له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
4. سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ فه‌له‌ستین(( محمد ئاشتیه‌))ده‌ڵێت: ئه‌م پلانه‌ ئیسڕائیلیه‌ و به‌ ده‌ستی‌ ئه‌مركا نوسراوه‌ته‌وه‌.چونكه‌ ده‌ستی‌ ئیسڕائیل والاَ ده‌كات كه‌ كه‌رتی‌ ڕۆژئاوا له‌ژێر ناوی‌ ئه‌منیه‌وه‌ بخاته‌ ژێر ده‌سه‌لاَتی‌ خۆی‌.
5. فه‌له‌ستینیه‌كان داواكارن كه‌ ده‌وڵه‌تی‌ فه‌له‌ستینی‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ سنوره‌كانی‌ ساڵی‌ 1967 دابمه‌زرێت و پایته‌خته‌كه‌شی‌ قودسی‌ ڕۆژهه‌لاَت بێت.

به‌مشێوه‌یه‌ هه‌ڵوێستی‌ دوولایه‌نه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی‌ كێشه‌كه‌ زۆر دوورن له‌ یه‌كتریه‌وه‌،و هه‌ڵوێسته‌كانی‌ ئه‌مریكاش به‌ ماوه‌ی‌ 70 ساڵی‌ ڕابووردوو به‌لای‌ عه‌ره‌به‌كانه‌وه‌ هێنده‌ی‌ پشتگیری‌ له‌ ئیسڕائیلیه‌كان كردوه‌ نیوهێنده‌ پشتیوانی‌ له‌ ماف و داواكاریه‌ ڕه‌وكانی‌ فه‌له‌ستینیه‌كان نه‌كردوه‌ و ئه‌وه‌تا له‌مانگی‌ 12/2017دا و تاك لایه‌نه‌ بڕیاریدا به‌داننان به‌ شاری‌ قودس وه‌ك پایته‌ختی‌ ئیسڕائیل و گواستنه‌وه‌ی‌ سه‌فاره‌ته‌كه‌شی‌ له‌ته‌لئه‌بیبه‌وه‌ بۆ قودس،كه‌ ئه‌م بڕیار و هه‌ڵویستانه‌ی‌ ئه‌مریكا بۆ عه‌ره‌به‌كان زۆر سه‌ختن قبوڵكردنیان و له‌ئێستاشدا گوێگرتن و په‌سه‌ندكردنی‌ ئه‌م پلانه‌ی‌ ئه‌مریكا بۆ عه‌ره‌به‌كان سه‌ختتره‌ ،چونكه‌ متمانه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ نه‌ماوه‌ به‌ هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كانی‌ ئه‌مریكا و ئه‌مه‌ش به‌ گه‌مه‌یه‌كی‌ قێزه‌ونی‌ تری‌ ئیسڕائیل لێكده‌ده‌نه‌وه‌،به‌لاَم هیچ ده‌سه‌لاَتێكی‌ به‌هێزیشیان نیه‌ بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ چونكه‌ له‌ئێستادا و له‌سه‌ره‌تای‌ ده‌سپێكی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌ فه‌له‌ستینیه‌كان له‌ هه‌موو هاوكاریه‌ مادی‌ و مه‌عنه‌ویه‌كانی‌ عه‌ره‌به‌كان بێبه‌شبوون و هیچ پشتیوانیه‌كی‌ به‌ناو برایه‌تی‌ و ئیسلامه‌تیان نه‌ماوه‌ و ته‌نها وه‌كو سه‌ركرده‌ی‌ حه‌ماس و فه‌تحیه‌كان ڕایانگه‌یاندوه‌ درێژه‌دانه‌ به‌ مقاوه‌مه‌ت و به‌ره‌نگاری‌ له‌پێناو وه‌دیهێنانی‌ ئاوات و خواست و خه‌ونه‌ له‌مێژینه‌كه‌یان ئه‌ویش ڕزگاركردنی‌ فه‌له‌ستین و دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ كه‌ شاری‌ قودس پایته‌خته‌كه‌ی‌ بێت.

هه‌ڵوێستی‌ ولاَتانی‌ عه‌ره‌بی‌:
به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ ولاَتانی‌ عه‌ره‌بی‌ خۆیان ده‌پارێزن له‌پشتیوانی‌ ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌و نایانه‌وێت لێپرسراوێتی‌ مێژوویی‌ به‌له‌ده‌ستدانی‌ فه‌له‌ستینیان بكه‌وێته‌ ئه‌ستۆ،هه‌ربۆیه‌ش هیچ ڕاگه‌یندراوێك یان هه‌ڵوێستێكی‌ فه‌رمیان ڕانه‌گه‌یاندوه‌ جگه‌ له‌ ئیمارات كه‌ پشتیوانی‌ ده‌كات.

هه‌ڵوێستی‌ ئه‌مریكا:
 1.ئه‌مریكاش خۆی‌ ته‌نها به‌خاوه‌نی‌ بیرۆكه‌ و كارئاسانیكه‌ر پیشان ده‌دات نه‌ك وه‌ك دادوه‌ر و میانگیر.

2.  ڕایگه‌یاندوه‌ كه‌ دامه‌زراندنی‌ دوو ده‌وڵه‌ت یان یه‌ك ده‌وڵه‌ت له‌شێوه‌ی‌ كۆنفیدڕاڵی‌ یان فیدڕاڵی‌ بۆ لایه‌نی‌ جێبه‌جێكار به‌جێدێڵێت.

3.هه‌روه‌ها ئه‌مریكا بۆ سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌م پلانه‌ی‌ داوای‌ له‌هه‌ریه‌كه‌ له‌ ولاَتانی‌ كه‌نداو و یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا و یابان و چین و خۆشی‌ كردوه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی‌ هاوكار و كۆمه‌كی‌ مادی‌.به‌هه‌مان شێوه‌ ولاَتانی‌ میسر و ئوردون و سعودیه‌ش به‌شدار ده‌بن.

4.ئه‌مریكا ته‌نها داواكاری‌ له‌ ئیسڕائیل كردوه‌ كه‌ دروستكردنی‌ كۆمه‌ڵگا جوله‌كه‌ نشینه‌كان له‌ناو جه‌رگه‌ی‌ كه‌رتی‌ ڕۆژئاوادا له‌ 5 ساڵی‌ یه‌كه‌مدا  ڕابگرێت.

5. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ فه‌له‌ستینیه‌كان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن له‌م پلانه‌ هه‌ربۆیه‌ وه‌ك قه‌ره‌بویه‌ك ئه‌مریكا به‌ بڕی‌ 25 ملیار دۆلاری‌ ئه‌مریكی‌ له‌ 10 ساڵی‌ ئاینده‌ له‌كه‌رتی‌ غه‌زه‌دا وه‌به‌رهێنان ده‌كرێت.

6. به‌هه‌مان شێوه‌ش ئوردونیش زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت و ڕازی‌ نیه‌  ده‌ستهه‌ڵگرێت له‌به‌شێك له‌خاكه‌كه‌ی‌ و نیشته‌جێبوونی‌ ئاواره‌ فه‌له‌ستینیه‌كان نیایدا،هه‌ربۆیه‌ ئه‌مریكا به‌ بڕی‌ 40 ملیار دۆلاری‌ ئه‌مریكی‌ وه‌به‌رهێنان له‌ ئوردوندا ده‌كرێت.

له‌كۆتایدا ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ و پلانه‌ ئه‌مریكیه‌ گه‌ر سه‌ربه‌كه‌وێت و به‌دڵی‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان بێت له‌پێش هه‌موانیشه‌وه‌ فه‌له‌ستین و ئیسڕائیلیه‌كان،ئه‌وا ناوچه‌ی‌ ڕۆژهه‌لاَتی‌ ناوین تاڕاده‌یه‌ك ململانێكانی‌ كه‌متر و خاوتر ده‌بنه‌وه‌ و ئاشتی‌ و ئارامیه‌كی‌ بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ماوه‌ی‌ 70 ساڵه‌ لێی‌ بێبه‌شكراوه‌،گه‌ر به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ بێت ئه‌وا ناوچه‌ی‌ ڕۆژهه‌لاَتی‌ ناوین ده‌بێته‌ كوانوی‌ جه‌نگ و ململانێیه‌كی‌ توندتر و ئاگری‌ ئه‌و ململانێیانه‌ش هه‌موان ده‌گرێته‌وه‌ و ناوچه‌كه‌ش ده‌كاته‌ گۆڕه‌پانی‌ ململانێ‌ ناوچه‌یی‌ و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان وه‌كو 70 ساڵی‌ ڕابووردوو.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×