ئایندەی هۆڵەندا لەسایەی سەركەوتنی توندڕەوە ڕاستڕەوەكانەوە بەرەو كوێ‌؟

نەوزادی موهەندیس
  2023-11-26     195

     لە ڕێكەوتی 22/11/2023دا هەڵبژاردنی پەڕلەمانی لە هۆڵەندا ئەنجامدرا وەك نەریتێكی دیموكراتی و كێبڕكێی توندیش هەبوو لە نێوان ژمارەیەك پارتی گەورەدا كە مێژووییەكی دووردرێژیان هەیە لە گەمەی سیاسی و دیموكراتی ئەو وڵاتەدا و لەقۆناغە جیاوازەكانیشدا گەیشتونەتە دەسەڵات،خاڵێك كە جێگەی ئاماژە بۆكردنە ئەوەیە كە لە هیچ كات و هیچ پارتێكی سیاسی لە  هەڵبژاردنی ساڵی 1894وە لەو وڵاتەدا ناتوانێت بەتەنها دەنگی زۆرینەی پەڕلەمانی كە 76 كورسیە لەكۆی 150 كورسی بەدەستبێنێت و هەربۆیە هەمیشە یان لەزۆربەی كاتدا حكومەتی ئیئتیلاقی دروست دەبێت لە نێوان دوو یان سیان و زیاتر لە پارتە سیاسیەكاندا.بەتایبەتیش ئەوانەیان كە بەرنامەی كار و ڕێبار و بیروباوەڕی سیاسیان لەیەكەوە نزیكە.وەكو پارتە چەپەكان و سۆشیال دیموكراتەكان و ژینگەییەكان  و ...هتد.
    تاڕادەیەكیش هۆڵەندا بە سیستەمی حوكمڕانیەكەی كە بریتیە لە پادشایی دەستوری و پەڕلەمانی مەركەزیە (دیمەكراتی پەڕلەمانی) و وەك دەوڵەتێكی نوێ‌ لە 15/12/1954وە دامەزراوە و سیستەمی فرە حیزبی تیادایە كە نزیكەی 20 پارتی سیاسی هەیە و گرەورە و گرنگەكانیان بریتین لەهەریەكە لە : پارتی گەل لە پێناو ئازادی و دیموكراتیدا VVDكە پارتێكی لیبڕاڵی پارێزگارە  و پارتی دیموكراتەكان D66كە پارێمی لیبڕاڵی كۆمەڵایەتیە   و پارتی داواكاری دیموكراتی مەسیحیCDA و پارتێكی دیموكرات مەسیحیە و پارتی كار PVD كە پارتێكی دیموكراتی كۆمەڵایەتیە و پارتی لە پێناو ئازادیدا PVV كە پارتێكی پۆپۆلیستی و ڕاستڕەوە بەسەرۆكایەتی فیڵدەرز. و هەروەها بەهەڵكەوتە جوگرافیاكەی لە باكوری خۆرئاوای كیشوەری ئەوروپا و دراوسێی هەریەكە لە بەلجیكا و ئەڵمانیا ولە باشوور و ڕۆژهەڵات و سنورە ئاویەكانیشی لەگەڵ بەریتانیادا و بە ژمارە دانیشتوانەكەی كە زیاد لە 17ملیۆن و نیو كەس و ڕووبەری زەویەكەی كە بە خاكە نزمەكان ناسراوە 41543 كیلۆمەتر دووجا و پێكهاتە دانیشتوانە جیاوازەكەی لە كەمینە نەتەوەییە  جیاوازەكان كە لە 8  گروپی نەتەوەیی پێكدێن،بۆتە وڵاتێكی دیموكراسی ڕەگداكوتراو و ئاشتیانە ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتەكان و مێژوویەكی دێرینیشی هەیە وەك وڵاتێكی كۆلۆنیالی و تائێستاش بەشێك لە خاكەكەی لە دوورگەكانی دەریای كاریبیە لە ئەمریكای ناوەڕاست.
     هەڵبژاردنەكەی ئەمجارەی هۆڵەندا لەیەك كاتدا شۆكهێنەر و هەمیش بومەلەرزە ئاسا هۆڵەندا و تەنانەت ئەوروپا و یەكێتی ئەوروپاشی لەرزاند و هەژاند، لەبەرئەوەی یەكەم جارە پارتێكی سیاسی ڕاستڕەو و توندڕەوی وەكو پارتی ئازادی بە سەركردایەتی گێرت فیڵدەرزی تەمەن 63ساڵ  كە سیاسیەكی توندڕەوی ڕاستەڕەو و پۆپۆلیستیە و لەساڵی 1998وە ئەندامی پەڕلەمانە و توانیویەتی 35-37 كورسی بەدەستبهێنێت و بۆ یەكەم جارە پێش هەریەكە لە بەرەی چەپەكان و ژینگەییەكان كە 25 كورسیان هەیە و  بۆنەتە هێزی دووەم و سۆشیال دیموكراتەكان ببابتەوە و پێشیان بكەوێت و حیزبی ڕاستڕەوی ناوەندیش بە 24 كورسی بۆتە پلەی سێیەم .
   ئەم سەركەوتنەی پارتی ئازادی بەراوورد بە هەڵبژاردنی پێشوو  17 كورسی زیادیكردوە.بەم شێوەیە ئەم سەركەوتنە چاوەڕواننەكراوە بۆتە لەمپەڕ و ڕێگرییەكی گەورە بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندە و دروستكردنی بەرەیەكی ئیئتیلافی نێوان پارتە سیاسیەكانی تر و بەمەش پێدەچێت پێكەوەنانی كابینەی نوێی حكومەت كاتێكی زۆر و گفتوگۆیەكی دورودرێژ و بێزاركەریشی پێویست بێت.ئەمە و لەكاتێكدا هەریەكە لە حیزبی چەپی دیموكراتی و سۆشیال دیموكراتەكان و ژینگەییەكان پێش هەڵبژاردنەكان ڕایانگەیاندوە كە بەشداری حكومەتێك ناكەن بەسەركردایەتی پارتی ئازادی فیڵدەرز.لەلایەكی ترەوە دەنگۆی بوون بەسەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە لە ڕاگەیاندنە ناوخۆیی و دەرەكیەكانی هۆڵەندا بڵاوبۆتەوە كە باس لە  بوونی وەزیری دادی هۆڵەندی دەكەن بەناوی دیلان یەسیلگوز ی 46 ساڵانە كە بنەچەی كوردی توركیایە و مسوڵمانە ولە ئێستادا سەرۆكی پارتی لە پێناو ئازادی و دیموكراتیدایە  وچانسی بەهێزی هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران  لەجێگەی مارك ڕووتە كە 13 ساڵە سەرۆك وەزیرانە.و گەر ئەم كارە ڕووبدات دەبێتە یەكەم ژنە كۆچبەر كە ببێتە سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا. 
•    هۆڵەندا و دیموكراتیەتی ئەو وڵاتە بەرەو كوێ‌؟
ئەم سەركەوتنە و بەدەستهێنانی ئەو ژمارە كورسیە زۆرە 37 كورسیە، پارتی ئازادی كردۆتە ژمارەیەك كە هیچ لایەك ناتوانێت پشتگوێی بخات و دەستی گفتوگۆ و وتووێژی بۆ درێژنەكات و فیڵدەرز بۆخۆشی ڕایگەیاندوە كە ناكرێت چیدی پشتگوێ بخرێین چونكە لەبەرژەوەندی دیموكراتی و ئاشتی كۆمەڵگەی هۆڵەندیدا نیە ،هەر لەو پێناوەشدا جۆرە نەرمیەكی نواندوە لە لێدوانەكانیدا كە پێش هەڵبژاردن و پێشتریش چەندین جار فیڵدەرز وەكو كەسێكی توندڕەوی ڕاستڕەو  لەسەر هەڵسوكەوت و لێدوان و هەڵوێستەكانی دژ بە عەرەب و ئیسلامەكان دراوە بەدادگا.بەڵام لە ئێستادا لەو ڕاستیە گەیشتوە  كە بەو ژمارە كورسیەشەوە كە زۆرترینە ناتوانێت حكومەت پێكبهێنێت بەبێ‌ ئیئتیلاف كردن لەگەڵ لانی كەم هەردوو حیزبی دیموكرات مەسیحی و سۆشیالدیموكرات و ژینگەییەكاندا و تەنها لەو ڕێگەیەوە دەبێتە خاوەنی زیاد لە 76 كورسی نیوە +1 پەڕلەمان.
    چونكە ئیئتیلافكردن لەگەڵ حیزبە بچووكەكانی تردا  لەلایەك گقتوگۆی درێژخانەیەنی پێویستە و لەكاتی پێكهێنانی حكومەتەكەشدا حكومەتێكی لەرزۆك و لاواز دەبێت چونكە ئەو حیزبە بچووكانە  زۆرینەی بنكەی جەماوەری و شەقامی ئەو وڵاتەیان لەگەڵدا نیە.بۆیە هەردەبێت بە دیفاكتۆ ئیئتیلاف لەگەڵ هەریەكە لە دیموكرات مەسیحیەكان و سۆشیال دیموكراتەكان و ژینگەییەكاندا بكات.لەو كاتەشدا پێویستە بەمەرجەكانی ئەوان ڕازیبێت كە ڕەنگە مەرحی قورس و تەعجیزیش بن گەر بیەوێت حكومەت پێكبهێنێت.
    ئاشكرایە زۆرینە لە پارتە سیاسیەكانی هۆڵەندا هەموانیان لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا باسیان لەكێشە و گرفتە سەرەكیەكانی كۆمەڵگەی هۆڵەندی دەكرد كە بریتین لە : كێشەی كۆچبەران و كێشەی ئیسلام و عەرەبەكان و گرانی و سەختی گوزەران و كێشە و گرفتی نیشتەجێبوون)) كە هەموانیان كۆكبوون لەسەر چارەسەركردنیان هەریەكەیان لە ڕوانگە و دیدی حیزبی خۆیانەوە .
    بەڵام دژایەتیكردنی پارتی ئازادی و فیڵدەرز بۆ عەرەب و ئیسلام لەلایەك و بابەتی كۆچبەرەكان لەلایەكی ترەوە وایكردوە كە دەنگی زۆرینەی هۆڵەندیەكان بۆخۆی كۆبكاتەوە.چونكە لە ئێستادا و بەهۆی جەنگی ڕوسیا و ئۆكراینا و هەڵوێستەكانی ئەوروپا لە جەنگی حەماس وئیسڕائیل و گرانبوونی كاڵاو و پێداویستیەكانی ژیان و سووتەمەنی و ...هتد.بونەتە كێشەی گەورە بۆ گەنجان و لاوان و كۆمەڵگاكانی تەواوی ئەوروپا و لەناویشیاندا هۆڵەندیەكان هەربۆیە دەنگی ڕاستڕەو و توندڕەو و پۆپۆلیستەكان لە ئەوروپادا  لەگەشەكرندان و ئەوەتا پێش چەند مانگێك لە ئیتالیاشدا ۆزینەی پەڕلەمانیان مسۆگەر كردوە و  چەند كەسایەتیەكی نەتەوەیی و وتوندڕەوی وەكو  سەرۆك وەزیرانی مەجەڕ و مارین لۆپینی سەرۆكی حیزبی گربونەوەی نیشتیمانی فەڕەنسی توندڕەو پێشوازی و پیرۆزباییان لەم سەركەوتنەی پارتی ئازادی هۆڵەندی كردوە و ڕایانگەیاندووە كە (( باهۆزی گۆڕانكاری دەستیپێكردوە))وەك ئاماژەیەك بۆ زیندووكردنەوەی سیاسەتە نیشتیمانیەكان لە جیاتی سیاسەتە كیشوەریەكان و ئەودەنگانەش لەزیادبوندان كە داوای چوونەدەرەوە لە یەكێتی ئەوروپاش دەكەن.
    بۆیە ئەم هەڵبژاردنە بۆ هۆڵەندا و ئەوروپاش جێگەی تێڕامانە و هەڵوێستە لەسەركردنە و ڕەنگە لەسایەی سیاسەت و حكومەتی ئەم تونڕەوانەوە كۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامیەكان دۆخی ژیان و گوزەرانیان تێكبچێت و یاسای توندتریش دابنێن بۆ دژایەتی كۆچبەران و دیپۆرتكردنەوەیان بەزۆر و ...هتد.
   هەربۆیە كیشوەری ئەوروپاش ڕەنگە لە چەند دەیە ساڵی ئایندەدا ئەو بەهەشتە نەمێنێت كە ڕۆژهەڵاتی و ئەفریقاییەكان ڕوویان تێدەكرد و گیانی خۆیان و ژیانی خۆیان دەخستە مەترسیەوە بۆ گەیشتن بەو بەهەشتە چاوەڕوانكراوەیان!!!

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×