توركیای دوای قۆناغی  پۆست ئەردۆگانیزم بەرەو كوێ‌ ؟

نەوزادی موهەندیس
  2023-05-20     303

•    دوای ئەوەی كە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا لە 19/5دا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیای ڕاگەیاند كە تیایدا ، ئەردۆگان ڕیژەی 49,52% كە 27088000 دەنگی هێناوە و كمال كلیچدار ئۆغڵوش ڕێژەی 44,88% و 24568196 دەنگی بەدەستهێناوە و سینان ئۆغان ڕیژەی 5,17% و 2829634 دەنگی بەدەستهێناوە.كە ڕێژەی دەنگدان 87.04% بووە.بەم شێوەیە هیچ كام لە كاندیدەكان نەیانتوانیوە ڕیژەی 50+1 بەدەستبێنن .هەربۆیە ئەردۆگان و كمال كلیچدار دەچنە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەكەوە لە 28/5 دا.
•    پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆ ئەم ئەنجامانە ؟ ئەی لە كاتی دەرنەچوونی ئەردۆگان یان دەرچوونەوەیدا چی ڕوودەدات لە توركیادا ؟
سەرەتا گەر بەراووردێك بكەین لەنێوان هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا و ئەردۆگان لە24 /6/2018دا ،ئەو كات ئەردۆگان ڕێژەی 52,59% و 26330000 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە لەبەرامبەر 5 كاندیدی ئۆپۆزسیۆندا.
لێرەدا دەردەكەوێت كە ئەردۆگان وەك ڕێژە لەم هەڵبژاردنەی 2023دا كەمی كردوە بۆ خوار 50% بەڵام وەك دەنگدەر نزیكەی 700 هەزار دەنگێكی زیاد كردوە.سەرەڕای زیادبوونی نزیكەی4904672 دەنگدەر.كە ژمارەیەكی كەم نیە.بۆیە دەردەكەوێت كە ئەردۆگان نەك سەركەوتوو نەبوە بەڵكو شكستیشی هێناوە.بەڵام ئەم شكست و دەنگ كەمبونەوەی لەبەرامبەر بوونی كۆمەڵگەلێك كێشەی توند كە ڕووبەڕووی ئەردۆگان و حكومەتەكەی ببوەوە لەماوەی 5 ساڵی ڕابووردوودا  ئەوا دەبێت مرۆڤ دان بەو هەقیقەتەدا بنێت كە ئەردۆگان هێشتا پێگەی جەماوەری بەهێزە و متمانەی زۆرینەی لەلایە و ناكرێت بە شكستخواردووی تەواو ناوببرێت.چونكە كێشە سیاسیەكان و ئابوری و داراییەكان و مافەكانی مرۆڤ و ئازادیەكان و برسێتی و هەژاری و بێكاری و پەتای كرۆنا و دواتریش جەنگی ئۆكراینا و ڕوسیا و تازەترینیشیان بوومەلەرزەكەی پێش 3 مانگ لەمەوپێشە.كە هەموانیان پێكەوە كاریگەرییەكی خراپیان لەسەر دۆخی ئەردۆگان و ئاكاپە هەبوە.چونكە ئاساییە دوای 20ساڵ لە حوكمڕانی جەماوەر بێزارببن و بڕیاری گۆڕانكاری بدەن.بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هێشتا ئەردۆگان و ئاكاپە  جێگەی متمانەی زۆرینەن،ئەوەش بۆ ئەو پتەوی و یەكڕیزیەی حكومەتەكەی دەگەڕێتەوە و بۆ ئەو زۆرینە پەڕلەمانیەش دەگەڕێتەوە كە هەیبوە و بۆ ئەو خزمەتگوزاریانەش دەگەڕێتەوە كە پێشكەشی هەموانی كردوە.
بۆیە گەر ئەردۆگان و هاوپەیمانەكانی و بەتایبەتیش دەنگدەرانی سینان ئۆغان كە بۆخۆی توندڕەوێكی توركە و پێشتر لە بزوتنەوەی توندڕەوی نەتەوەیی تورك((مەهەپە)) جیابۆتەوە دەنگەكانی بداتە ئەردۆگان ئەوا بە ئاسانی ئەردۆگان لە گەڕی دووەمدا دەبێتەوە سەرۆك كۆماری توركیا بۆ ماوەی 5 ساڵی ئایندە. جا لەكاتی دەرچوونەوەیدا پێشبینی ناكرێت كە گۆڕانكاری زۆر لە ڕەوتی كار و بەرنامەی حكومەت و سەرۆكایەتیەكەیدا ڕووبدات چونكە ئەوە دوا دەرفەتی ئەردۆگانە و ڕەنگە بیەوێت بێ كێشە و سەرئێشە لێی دەربچێت.بەڵام بۆخۆی توركیای ئایندەش وەكو توركیای پێش هەڵبژاردنەكان نامێنێتەوە چونكە بەتەواوەتی دابەشبۆتە سەر دووبەرەی تاڕادەیەك یەكسان لەهێز و جەماوەردا بۆیە دەكرێت ئۆپۆزسیۆن خۆیان توندوتۆڵبكەنەوە و بتوانن لانی كەم سەرئێشەی زۆر بۆ ئەردۆگان دروستبكەن.
بەڵام لەكاتی دەرنەچوونەوەی ئەردۆگان و سەركەوتنی كمال كلچیدار ئۆغڵودا و هاوبەشیكردنی حیزب و سەركردە هاوپەیمانەكانی كە هەموانیان دژایەتی توندی ئاكاپە و ئەردۆگان دەكەن.ئەوا بەدڵنیایی دەرگای جەهەنەم بەسەر ئەردۆگاندا دەكرێتەوە و بە ئاسانی لێناگەڕێن كە هەموو ئەو كار و كردەوانەی كردویەتی بێ‌ لێپرسینەوە لێی دەربچێت.ئەردۆگان و ئاكاپە لەماوەی 20ساڵی ڕابووردوودا گەلێك كێشەی گەورەیان ناوەتەوە و دژی هەموان وەستابونەوە و زۆر لەخۆڕازی و ملهوڕ و تاكڕەوانە مامەڵەی لەگەڵدا دەكردن.
•    ئەو مەلەف و كێشانەی كە ڕەنگە ئەردۆگان ڕووبەڕوویان ببێتەوە بریتین لە:
•     داڕمان و پاشەكشەی ئابوری و دۆخی دارایی و نزمبونەوەی نرخی لیرەی توركی.
•    ناجێگیری پەیوەندییە سیاسیەكان لەناوخۆ و دەرەوەی توركیادا لەناوچەكە و جیهان و ئەوروپاشدا.
•    هەڵمەت و هێرشە بەردەوامەكانی بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان و هەرێمی كوردستان و بەمەش بۆتەهۆی كوشتنی گەنجانی توركیا و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی توركیا.
•    مەلەفی گەندەڵی لە نەوت و وەەبەرهێنان و بوومەلەرزەكەی توركیا.
•    بڵاوبونەوەی برسێتی و هەژاری و بێكاری لە توركیادا.
•    وەرگرتن و مانەوەی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی سوریا و ...هتد.
•    هاوكاری و یارمەتی گروپە تیرۆریستەكانی داعش و بەرەی نوسرە و ئەوانی تر لە سوریا.
•    كێشەكانی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و نەبوونی ئازادیەكان و گرتن و ڕاوەدوونانی هەموو پێكهاتە و نەتەوەكان.
•    مەسەلەی كورد و گرتنی صلاح الدین دەمیرتاش و لابردنی سەرۆك شارەوانیەكان و لایەنگرانیان كە نزیكەی 10هەزار كەس دەبن.
•    دەركردن و نانبڕینی سەدان هەزار هاوڵاتی تورك لەدوای كودەتاكەی ساڵی 2016وە.

بۆیە بەم شێوەیە ڕەنگە وەك چۆن ئەردۆگان هەمیشە پەنای دەبردە بەر دادگاكان بۆ سزادانی نەیارەكانی ،هەرواش خۆی ڕووبەڕووی سزا و دادگاییكردن ببێتەوە.كە بەم شێوەیە قۆناغی پۆست ئەردۆگانیزم دێتە كایەوە.
•    جا كاتێك كمال كلیچدار ئۆغڵوش سەردەكەوێت و دەبێتە سەرۆكی توركیا،كە هەرچەندە سەركەوتنەكەی زۆر مسۆگەر نیە بەهۆی بوونی كۆمەڵ گەلێك كێشەوە لەوانەك:
•    لەكەمینەی مەزهەبی عەلەویە و بنەچەشی كوردە.
•    كاندیدێكی تەوافوقی بوە نەك كاندیدێكی كۆنكرێتی حیزبە هاوپەیمانەكانی.
•    سەرەڕای عیلمانی بوون و میراتگری ئەتاتورك بەڵام توندڕەوە توركەكانی ناو حیزبەكەی و ئەوانی تریش دەنگیان پێنەداوە و دەنگەكانیان داوە بە سینان ئۆغانی توندڕەوی كۆنە مەهەپە.
•    بنكەی جەماوەری حیزبەكانی تر یان دەنگیان نەداوە بە كمال بای یان هەرنەچوون بۆ دەنگدان.
•    دەنگدانی كوردەكان و هەدەپەش بۆخۆی هۆكارێكی تر بوە كە زۆرێك لە توندڕەوە توركەكان دەنگ نەدەنە كمال بای چونكە ئەوان كورد و هەدەپە بە تیرۆریست دەزانن. كوردیش لەنێوان هەردووكیاندا زەرەرمەندی یەكەم بوە و تەنها 66 كورسی پەڕلەمانی بەدەستهێناوە.
هەربۆیە گەر ئەمجارەش بەهەمان شێوە هەڵوێستیان هەبێت ئەوا سەركەوتنی كمال بای زۆر زەحمەت دەبێت .بەتایبەتیش كە دەنگدەرانی سینان ئۆغان ڕووبكەنە ئەردۆگان و دەنگەكانیانی پێبدەن.
بۆیە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەكە زۆر توند و سەرنووشتساز دەبێت بۆ هەردوولایان و ئەنجامەكەشی بۆهەرلایەكیان بێت ڕەنگە گۆڕانكاری گەورە ڕووبدات لەناو توركیا و سیستەمە سیاسیەكەیدا و بە دەرچوونەوەی ئەردۆگان بەتایبەتی دەرگای جەهەنەم لەلایەن ئەوروپی و ئەمریكاوە بەسەر توركیادا دەكرێتەوە وڕەنگە بكەوێتە بەر سزا و گەمارۆی ئابوری و تەنانەت دەركردنیشی لە هاوپەیمانی ناتۆ چونكە زۆر لێی توڕە و بێزارن لەسەر هەڵوێستەكانی  لەگەڵ ئێران و ڕوسیا و ...هتد..
بۆیە تا 28/5 و ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی و ڕەسمی ئەو هەڵبژاردنە كە كەمتر لە  دە ڕۆژی ماوە هەموان دەبێت لە چاوەڕوانیەكی تاقەتپڕوكێندا بمێنینەوە و دواتریش سەیری ئایندەیەكی نادیاری توركیا و ناوچەكەش بكەین.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×