ھەرێمی کوردستان لەکوێی پڕۆژەی گەشەپێدانی عێراقدایە؟

نەوزادی موهەندیس
  2024-03-25     162

     عێراق لەماوەی ئەو دووساڵەی حوکمڕانی سەرۆک وەزیرانی عێراق محمد شیاع سودانیدا گەلێک بەرنامە و ھەنگاوی کردارەکی ھەڵناوە و داناوە بەمەبەستی دەرکردنی عێراق لە گێژاوی شەڕی ناوخۆیی و مەزھەبی و نەتەوەیی و قەیرانە ئابوریەکان و خۆڕاپسکاندن بۆ دەربازبوون لە تەوقی گەندەڵی و دەستوەردان لەکاروباری حکومەت و کرانەوە بەڕووی وڵاتانی ناوچەکە و دونیاشدا و  ڕووکردنە گەشانەوە و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابوری عێراق لەھەموو سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و ئاودێری و گەشتوگوزار و  ڕێگاوبان و گواستنەوە و نەوت و وزە و غازی سروشتی و کارەبا وبەندەر و ...ھتد.
    ئەوەتا لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٣وە عێراق کەوتۆتە خۆ بۆ بونیادنانی چەندین پڕۆژەی گەورە و زەبەلاحی ئابوری  بەنموونەی بەندەری گەورەی فاو کە دادەنرێت بەیەکێک لە پڕۆژە زۆر گەورە ئابوریەکان  لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیھانیشدا کە کاریگەری گەورەی دەبێت بۆ ئایندەی عێراق لە ڕووی داھات و دەرامەت و خۆشگوزەرانی و ڕەخساندنی ھەزاران ھەلی کار و دواتریش پڕۆژەی ڕاکێشانی ھێڵێکی شەمەندۆفێری پێشکەوتوو و ڕێگایەکی دوورودرێژ لە باشووری عێراقەوە کە  لەشاری بەسرەوە دەستپێدەکات و تا دوا خاڵی سنوری عێراق لەگەڵ تورکیادا((فیشخابور)) درێژ دەبێتەوە.کە ئەم پڕۆژەیە بە پڕۆژەیەکی بە ئیمتیاز نیشتیمانی و عێراقی دادەنرێت بەناوی ((پڕۆژەی گەشەپێدانی عێراق)) کە وەک باسی لێوەکرێت بۆ ئایندەی عێراق دەبێتە سەرچاوەی داھاتێکی گەورە.


    پڕۆژەی گەشەپێدانی عێراق چییە؟
    ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە پڕۆژەیەکی  ھێڵی ئاسنینی شەمەندۆفێری کارەبایی خێرا بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و سەرنشینان بە خێرایە ٣٠٠کم/کاتژمێر.کە لە ئێستادا تەنھا یەک ھێڵی شەمەندۆفێری شەوانە ھەیە لەنێوان بەغداد و بەسرەدا کە ماوەی ١٠-١٢ کاتژمێر دەخایەنێت کە درێژییەکەی تەنھا ٥٠٠کم. کە لە قۆناغی یەکەمدا توانای گواستنەوەی ٣.٥ ملیۆن تەنی ھەیە ولە قۆناغی دووھەمیشدا دەگاتە ٧.٥ ملیۆن تەن و ڕێگایەکی وشکانی  و ھێڵی گواستنەوەی وزە ئەمە سەرەڕای دروستکردنی بەندەری فاو ،بەدرێژایی ١٢٠٠کم  و بە ١٠ پارێزگای عێراقدا تێپەڕدەبێت تا دەگاتە سەرسنوری تورکیا لە پارێزگای موێڵدا.ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی گرنگ و کاریگەریشە بۆ ئایندەی عێراق و بوژاندنەوەی ئابوری کە داھات و قازانجی ساڵانە دەگاتە ٤ ملیار دۆلار و ڕەخساندنی نزیکەی ١٠٠ھەزار ھەلی کار. و دەبێتە ھۆکاری ئەوەی کە عێراق پێگە جوگرافیاکەی ببێتە خاڵی گواستنەوە و تێپەڕبوونی کاڵاو کەلوپەل لەنێوان وڵاتانی کەنداو و تورکیا و ئەوروپا و بە پێچەوانەشەوە. و دەبێتە ھۆکاری بوژاندنەوەی ژێرخانی وڵاتیش.عێراق لەو چوارچێوەیەدا ١٥ وێسگەی شەمەندۆفێری گواستنەوەی کەلوپەل و سەرنشینان بە درێژایی ڕێگاکە دروستدەکات لەگەڵ چەندین شاری پیشەسازی و شاری نیشتەجێبوون لە چواردەوری ڕێگاکە و پڕۆژەکانی دروستکردنی بەندەر و فڕۆکەخانە و ڕێگای خێرا و ھێڵی شەمەندۆفێر نوێ لەخۆدەگرێت. ڕێگاکە لەناو خاکی عێراقدا ١٢٠٠کم درێژە و لەناو ھاکی تورکیاشدا ٢٠٠٠کم درێژەو پێکەوە کۆی درێژییەکەی ٣٢٠٠کم دەبێت.
    جا ئەم پڕۆژەیە ڕکابەری پڕۆژەی ڕێڕەوی ئابورییشە کە لە ھندستانەوە دەستپێدەکات و بە ئیمارات و سعودیە و ئەردەن و ئیسڕائیلدا دەپەڕێتەوە بۆ ئەوروپا کە درێژییەکەی ٧٠٠٠ کم دەبێت کە لە کۆنگرەی لوتکەی وڵاتانی ٢٠دا لە ھندستان بڕیاری لەسەردراوە.ئەم پڕۆژەیەی عێراق بەھەمان شێوە ئامانجی بەستنەوەی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای جیھانە بەیەکەوە و ماوەی گەشتی دەریایی لە ئاسیاوە بۆ ئەوروپا لە ٣٣ ڕۆژەوە کەمدەکاتەوە بۆ ١٥ ڕۆژ .وبەمەش دەبێتە ڕێگایەکی کورت و کەم تێچوو.


تێچووی پڕۆژەکە:
   ئەم پڕۆژەیە  تێچووەکەی تەواو عێراقیە  ولەناو خاکی عێراقدایە و بڕی ١٧ ملیار دۆلاری بۆ تەرخانکراوە. بەدرێژی ١٢٠٠کم لەناو عێراقدا.بە سێ قۆناغ :١٠ملیار دۆلار بۆ کڕینی نوێترین و خێراترین شەمەندۆفێری کارەبایی بۆ گواستنەوەی کەلوپەل لەماوەی ١٦ کاتژمێردا و ماوەکەشی بۆ ڕاکێشانی ھێڵێکی ئاسنینەبە درێژی ١٢٠٠کم، دووھەمیشیان بریتیە لە دروستکردنی ڕێگایەکی مۆدێرن و خێرای وشکانی کە لە بەسرەوە دەستپێدەکات و بە پارێزگاکانی ((ناێریە و قادسیە و حلە و نەجەف و کەربەلا و بەغداد و سامەڕا و تکریت و بێجی وموێڵ و دواتر بۆ ڕەبیعە((لەسەر سێ سنوری عێراق و سوریا و تورکیا)) و لەخاڵی فیشخابورەوە دەچێتە ناو تورکیاوە)) درێژدەبێتەوە. بەپێی پلانی نەخشەبۆکێشراو لەماوەی نێوان ٣-٥ ساڵدا تەواو دەکرێت ، واتا لە ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٩.


     ھەرێمی کوردستان لە کوێی ئەم پڕۆژە گرنگەدایە ؟ کاریگەرییەکانی لەسەر ھەرێمی کوردستان چین؟
    بەداخەوە ئەم پڕۆژە گرنگە بەھیچ یەکێک لە پارێزگاکانی کوردستاندا لە کەرکوک و ھەولێر و دھۆکدا تێپەڕنابێت،ئاشکراشە ئەمەش بەمەبەستە و بەھاندانی لەلایەک تورکیا و دواتریش عێراق و ڕەنگە ئێرانیش دەستی تێداھەبێت،بۆئەوەی کوردستان نەبێتە بەشێک لە پڕۆژەکە و سوود و قازانجی لەڕووی داھات و ھەلی کارەوە دەستنەکەوێت و جارێکی تر نەتوانێت وەک کارتی فشار بەرامبەر تورکیا و عێراقیش بەکاریبێنێت.بۆیە ھەرێمی کوردستان کەوتۆتە دەرەوەی ڕێڕەوی ئەم پڕۆژەیە.ھەربۆیەشە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ھەرێمی کوردستان و عێراقیش بەھاندانی تورکیا و ئێران پیلانی لاوازکردن و ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستوری ھەرێمی کوردستانیشی ھەیە، لەم پێناوەشدا تورکیا ڕۆڵێکی نەرێنی زۆر خراپ دەبینێت و وەک دەڵێن پاڵپشتی سەرەکی و ھاندەری گەورەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیە بەو شێوەیە و دووریش نیە لە ئایندەدا ڕێگای فیشاخابوریش وەک تاکە دەروازەی گرنگی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستانیش بگوازنەوە بۆ ئەم پڕۆژەیە و ئیدی ھێندەی تر ھەرێمی کوردستان بچووک و بێھێزدەبێت لەڕووی دارایی و ئابوری و داھات و بازرگانیەوە.


ڕۆڵی تورکیا لەم پڕۆژەیەدا چییە؟
    بەھەمان شێوە تورکیا لە ئێستادا لەگەڵ عێراقدا سەرقاڵی دانانی پیلانگێڕیەکی سەربازی و ئەمنیە بۆ ئەوەی تورکیا و بەناوی ڕێکەوتنی ئەمنی ستراتیژی و پاراستنی سنوورەکانەوە ناوچەیەکی دابڕێنراو لەناو ھەرێمدا بە قوڵایی ٤٠ کم دروستبکەن و لەھاوینی داھاتوودا ھێرش بکەنە سەر ناوچەی شەنگال  بۆ دەرپەڕاندنی پەکەکە لەو ناوچەیەدا وەک ھەنگاوی سەرەتا بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئەمنیەتی پڕۆژەکە. بەھەمان شێوە ئەوکاتیش عێراق و سوپاکەشی دەتوانن بە ئاسانی بێنە ئەو ناوچە دابڕێنراوە و بەمەش سەروەری و گەورەیی قەوارەی ھرێمی کوردستان دەبەزێنرێت و بچووکتر دەبێتەوە.
    پڕۆژەکە گرنگیەکی گەورەشی بۆ تورکیا دەبێت و لەناو خاکی تورکیاشدا زیاد لە ٣ ھەزار کم درێژدەبێتەوە تا دەگاتە ئەوروپا.بەم شێوەیە ئەم پڕۆژەیە لەبەرامبەر پڕۆژەی ڕێڕەوی ئابوری ھند-ئەوروپادا ھەم  ڕێگایەکی کورت و ناوقەدبڕەو ھەمیش زۆر سەلامەترە چونکە تەنھا بە دوو وڵاتی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا تێپەڕ دەبێت کە عێراق و تورکیایە.
    لەکۆتایدا ھەرێمی کوردستان وەک چۆن لەڕووی سیاسیەوە گەمارۆدراوە ئاوھاش بەپیلانێکی ناوچەیی گەمارۆی ئابوری و بازرگانیشی دەخرێتە سەر بۆ زیاتر بچووکبونەوە و لێکھەڵوەشاندنەوە.ھەربۆیە ئەرکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارە سیاسیەکەیەتی کە شێلگیرانە و بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکاریە ناوچەیی و جیھانیەکاندا بکەن و بە غروری سیاسی و ھێزی پارەی کەمی خۆیانەوە نەنازن  و بکەونە خۆ بۆ دەربازبوون لەو تەنگژە گەورەیەی لە ئایندەدا ڕوودەکاتە ھەرێمەکەمان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×