ساڵی‌ 2018، ساڵێكی‌ گه‌رمی‌ ململانێ‌و ساڵێكی‌ ساردو نه‌هاتی‌ ئاشتی‌‌و ئارامی‌

نەوزادی موهەندیس
  2018-12-28     1653

•مایه‌ی‌ نیگه‌رانیمانه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد كه‌ كه‌مترین ساڵ له‌مێژووماندا جێگه‌ی‌ ئاوات و خه‌وبینینه‌وه‌یه‌ وجێگه‌ی‌ ئاخ و حه‌سره‌ت بۆ هه‌ڵكێشانه‌ و به‌چه‌نجه‌ی‌ ده‌سته‌كان ده‌ژمێردرێن،له‌به‌رامبه‌ریشدا مێژووه‌ ڕه‌ش و پڕ كوێره‌وه‌ری‌ و كاره‌سات و ڕووداو و شكست و ناسۆره‌كان هێنده‌ زۆرن كه‌ له‌ ژماره‌ نایه‌ن، مایه‌ی‌ به‌دبه‌ختیه‌ كه‌ كورد هیچ ده‌یه‌ ساڵێكی‌ پڕ له‌ ئارامی‌ و خۆشگوزه‌رانی‌ و ئاوه‌دانی‌ به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌ ،به‌ڵكو هه‌موانی‌ به‌ شه‌ڕ و جه‌نگ و كاولكاری‌ و كوشتن و بڕین و برسێتی‌ و ناسۆره‌وه‌ چه‌شتوه‌.گه‌ر له‌گه‌ڵ دوژمنكانیشدا نه‌بوبێت ئه‌وا له‌نێو ماڵی‌ خۆی‌ كورداندا ده‌ستیان داوه‌ته‌ خۆخۆری‌ و خۆكوژی‌ و ڕووخاندنی‌ ئه‌و بنمیچه‌ له‌رزۆكه‌ی‌ كه‌ هه‌شیانبوه‌.



•ساڵه‌ ناخۆشه‌كان زۆرن و ناسۆره‌كان قوڵن و كاره‌ساته‌كان پڕ قه‌تماغه‌ وبرینه‌كان ته‌ڕوبڕن و تائێستاش خوێنیان لێده‌چۆڕێت و هه‌موانیش ته‌نها سه‌یركه‌رن و هه‌ریه‌كه‌ش له‌ هه‌وڵی‌ ڕزگاركردنی‌ كه‌وڵ و به‌رژه‌وه‌ندی‌ و سه‌ر سه‌لامه‌تی‌ خۆیاندان نه‌ك نه‌ته‌وه‌ و نیشتیمان.هه‌موو ساڵێك كه‌ تێپه‌ڕده‌بێت و خۆری‌ ته‌مه‌نی‌ به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چێت ،هه‌موان سه‌دان به‌ردی‌ به‌دواداهه‌ڵده‌ده‌ین و به‌ده‌نگی‌ به‌رز و به‌بێزراوی‌ ماڵئاوایی‌ لێده‌كه‌ین و پێی‌ ده‌ڵێین خودایه‌ هیچ كات وه‌ك ئه‌مساڵمان به‌سه‌ر نه‌یه‌نیته‌وه‌ و ئۆغرت خێر نه‌بێت،و له‌كۆتایی‌ چركه‌كانیشدا ئاوات ده‌خوازین كه‌ساڵی‌ ئاینده‌مان گه‌شتر و خۆشتر و ئارامتر و پڕ ده‌سكه‌وت تربێت،به‌ڵام هه‌مدیسان وه‌ك ساڵانی‌ پێشخۆی‌ نمایشی‌ شانۆگه‌ریه‌ پڕ تراجیدیایه‌كه‌ی‌ كورد هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و ئیدی‌ كورد و مێژوو و ئاواته‌كانی‌ له‌ بازنه‌یه‌كی‌ بۆشی‌ نائومێدیدا ده‌سوڕێنه‌وه‌و به‌رده‌وامیان ده‌بێت و هه‌موانیش له‌ چاوه‌ڕوانی‌ گۆدۆدا بڕستمان لێده‌بڕێت و گۆدۆش هه‌ر ده‌رناكه‌وێت.



•ساڵی‌ 2018ش له‌ئێساتادا له‌ سه‌ره‌مه‌رگی‌ ته‌مه‌نیدایه‌ وكه‌متر له‌ 100 كاتژمێری‌ ماوه‌ و هێواش هێواش به‌ره‌و كۆتایی‌ و خۆر ئاوابوونی‌ خۆی‌ ده‌چێت،ئه‌مساڵه‌ش وه‌ك هه‌موان و زۆر له‌ساڵه‌كانی‌ تری‌ پێش خۆی‌ ده‌چێت و پڕاوپڕ بوو له‌ ململانێی‌ گه‌رمی‌ حیزبایه‌تی‌ و كاره‌سات و ناسۆر و برسێتی‌ و نائۆمێدی‌ ،ئه‌وه‌تا :

• ساڵی‌ 2018 ساڵی‌ تۆخكردنه‌وه‌ی‌ ململانێ ناڕه‌وا حیزبیه‌كان و كاڵبونه‌وه‌ی‌ برایه‌تی‌ و ته‌بایی‌ نێوانیان بوو. 
•ساڵی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ پڕ ساخته‌كاری‌ و فرت و فێڵه‌كان بوو.
•ساڵی‌ دڕدۆنگی‌ و لێكترازانی‌ ڕیزه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌مان و پارت و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان بوو.
•ساڵی‌ درێژه‌ پێده‌ری‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ و برسێتی‌ و بێكاری‌ و تاوانه‌كان بوو.
•ساڵی‌ شكستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بوو له‌ چاره‌سه‌رنه‌كردنی‌ گرفتی‌ مووچه‌ و بودجه‌ و پاشه‌كه‌وته‌ ناڕه‌وا سه‌پێنراوه‌كان بوو.
•ساڵی‌ سووربوون بوو له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕی‌ له‌ سیاسه‌ت و ئیداره‌ و ئابوری‌ و ...هتد.و ساڵی‌ چێنه‌كردنی‌ چاكسازی‌ و ڕێفۆرمه‌كان بوو.
•ساڵی‌ پاشه‌كشه‌ی‌ زیاتری‌ كورد بوو له‌ سه‌ر ئاستی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منی‌ له‌ ناوخۆ و له‌ عێراق و له‌ناوچه‌كه‌شدا له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌ی‌ كوردستان.
•ساڵی‌ به‌رده‌وامبوون بوو له‌ تیرۆ و تۆقاندن.
•ساڵی‌ دورینه‌وه‌ی‌ گیانی‌ چه‌ندین كه‌سایه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامه‌نوس و سیاسی‌ و هونه‌رمه‌ند و چیرۆكنوسی‌ گه‌له‌كه‌مان بوو.



بۆیه‌ ئه‌م ساڵی‌ 2018 یه‌ش چۆته‌ ڕیزی‌ ئه‌و ده‌یان و سه‌دان ساڵه‌ی‌ مێژووی‌ كورده‌وه‌ كه‌ هیچ كات خواست و ئاواتی‌ بۆ ناخوازین و ناڵێین خۆزگه‌مان به‌ساڵی‌ 2018. بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌م ساڵی‌ 2018یه‌ش به‌هۆی‌ ڕه‌شی‌ و شوومی‌ و پڕ له‌كاره‌سات و نسكۆكانیه‌وه‌ ساڵی‌ ئاینده‌ی‌ 2019شمان لێ تاڵ و پڕ له‌ناسۆر بكات و چرۆی‌ ئومێد و ئاواته‌كانمان ڕه‌ش و تار وتاریك بكات،به‌هۆی‌ له‌لایه‌ك یه‌كنه‌بوون و یه‌كڕیز نه‌بونی‌ نێوماڵی‌ كورد و كێشه‌ و گرفت و پێشهاته‌ ناوچه‌یی‌ و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و هه‌ڵوێستیان له‌به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ كورد له‌ كوردستانی‌ گه‌وره‌دا و پاشه‌كشه‌كردنیان له‌ پشتیوانی‌ كورد و له‌به‌ڵَێنه‌ فریوده‌ره‌كانیان بۆ كورد و له‌بیرچونه‌وه‌ی‌ هه‌موو قوربانی‌ و گیانفیداییه‌كانی‌ كورد دژ به‌ داعش و تیرۆریستان له‌ باشور و ڕۆژئاوای‌ كوردستان و هه‌وڵدانی‌ زلهێزه‌ دونیایی‌ و ناوچه‌ییه‌كانیش بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان و له‌بیركردنی‌ كورد و چاره‌نوسه‌كه‌ی‌ و سپاردنی‌ به‌قه‌ده‌رێكی‌ نادیاری‌ تر و دووباره‌كردنه‌وه‌ی‌ كاره‌سات و مێژوه‌ پڕ له‌ناسۆره‌كانی‌ ڕابووردووی‌.




وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سۆران عومه‌ر: بەپێی ئاماژە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەی پۆلیس، ئامانج بابانى بكوژى هاوسه‌رو منداڵه‌كه‌ى‌و خۆیه‌تى
به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا سوكایه‌تیان به‌ سه‌ركرده‌كانی رۆژئاوای كوردستان كردوه‌
کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزور داخرا
یەكێك لەو دوو كەسە تیرۆركراوەی چیای ئەزمەڕ بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كەجەكەیە
داوا ده‌کرێت 40 هەزار سەربازی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا رەوانەی رۆژئاوای کوردستان بکرێت
ورده‌كاریی رێككه‌وتنی روسیاو توركیا له‌سه‌ر ڕۆژئاوای‌ كوردستان
پۆلیس: شاعیرو نوسه‌ر محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان كۆتایی به‌ژیانی‌ خۆیهێنا
دەستەی مافی مرۆڤ: كوژرانی‌ دو ڕۆژنامه‌نوسه‌كه‌ خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت‌و گومان لەسەر كوژرانیان ھەیە
تەرمی دەمهات عەگیدو جەمیل ئامەد لەسلێمانیەوە بەرەو قەندیل بەڕێدەکرێن
لە گرێسپی شەڕێکی سەخت له‌نێوان شه‌ڕڤانان و سوپای توركیا ڕوویدا
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×