ساڵی ٢٠٢٣، ساڵە  شووم و خوێناویی پڕ ململانێکان 

نەوزادی موهەندیس
  2023-12-24     165

     وا ھێواش ھێواش بەرەو کوژاندنەوەی مۆمی تەمەنی ساڵی ٢٠٢٣ ھەڵدەکشێین و لە خاڵی کۆتایی نزیکدەبینەوە و ماڵئاوای لێدەکەین و ڕەنگە زۆرینەشمان ھیچ کات ئاواتی بۆ نەخوازینەوە و ھەمیشەش بە ساڵێکی خوێناوی و پڕ ململانێ گەرمەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و دونیاشی ناوزەد بکەین،بۆیە لەساڵی نوێی ٢٠٢٤دا ناڵێین خۆزگەمان بە پار .
    گەر بەکورتیەکیش و وەکو شریتێکی سینەمایی لە لوتکەی  بڵندی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣وە سەیری ڕووداوەکانی ئەو ساڵە بکەین وەکو شاعیری گەورە ئەحمەد ھەردی  لە ھۆنراوەی دڵێکی شکاودا دەڵێت ((شریتی عومری ڕابردووم وەکو خەو دێتە بەرچاوم))، ئەوا دەبینین کە ساڵی ٢٠٢٣ ساڵێکی پڕ غەم و مەینەتی و جەفا وناتەبایی و دڕدۆنگی و پڕ مملانێی ناڕەوا و خوێناویش بوە ئەوەتا:


لەکوردستاندا:
   کورد لە ھیچ کام لە بەشەکانیدا بێ کێشە و ململانێ نەبوە لەلایەک لەناوخۆی خۆیدا و لەلایەکی تریشەوە لەگەڵ ڕژێمە سەردەست و داگیرکارەکانیدا لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریادا.لەھەرێم ساڵێکی پڕ ڕووداو و لێکترازانی ڕیزەکان و ناکۆکی و ململانێی توندی ڕاگەیاندن و قۆڵبادانی یەکتری و تۆران و ئاشتبونەوەی نێوان ھەموو سەرکردە و لایەنەسیاسیەکان بوە و ساڵی نەمانی شەرعیەتی دەسەڵاتی پەڕلەمان و حکومەت  بوە و ساڵی ھەژارکەوتن و برسیکردنی میلەت و ڕادەستکردنی تەواوی مەلەفی نەوتی کوردستان بە بەغداد  بوەو بەوەش یەکێک لە پایە گرنگەکانی دەسەڵات و ئەزمونەکەمان لەدەستدا و لاواز و بێھێز ماینەوە و ساڵی بێ مووچەیی و نەمانی کار و بڵاوبونەوەی بێکاری و ساڵی  ناڕەزایی دەربڕینی مووچەخۆران و مامۆستایان و بوونی ململانێ حیزبیە ناوخۆییەکان و دابەشبونی کوردان و ھەڵوێستەکانی  بووە بەسەر دووبەرەی جیاوازدا کە ھەموانیان بونە مایەی بچووکبونەوە و لاوازی دەسەڵاتە شەرعیەکانی کوردستان بەھۆی تاکڕەوی و ملھوڕی و نەمانی ئازادیەکان و گەمارۆدانی بەشێ لەناوچەکانی ھەرێم و زاڵکردن و تۆخکردنەوەی بیروڕا حیزبیەکان و دواتریش تێکدانی پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغداد  و بەلاوازی چونەوە و گەڕانەوە بەردەم بەغداد تەنھا بۆ پێدانی مووچە و شایستە ڕەواکانی گەلەکەمان و لەبیرکردنی گەڕانەوەی خاک و جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و کێشە گەورە و نەبڕاوەکانی چەندین ساڵەی ڕابووردوو.ئەمەش ھەمووی بەھۆی ململانێ ناڕەواکانی ناوخۆو ونێوماڵی کوردەوەبوو.
   لەبەشەکانی تری کوردستانیشدا جگە لەھەندێک ھەنگاوی گەشاوەی وەکو نوسینەوەی دەستور لە ڕۆژئاوا و ڕاپەڕینی جەماوەری کورد و ئێرانی بەبۆنەی شەھیدکردنی کچە کوری سەقزی ژینا ئەمینی و لەباکوریش بەردەوامبوونی بەرخۆدان و مقاوەمەت،بەڵام بە تێکڕا بۆ ئەوانیش ساڵی بێدەنگ کردن و بچووککردنەوەی ھێزە کوردیە ڕۆژھەڵاتیەکان بوو ساڵی تیرۆر و  ھێرشبردنی ناڕەوای تورکیا بوو بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و گەریلا و ساڵی جەنگی درۆنەکانی تورکیا بوو بۆسەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان.


لەعێراقدا:
   بەھەمان شێوەی کوردستان عێراقیش بەخراپیترین شێواز گیرۆدەی ململانێ ناڕەواکانی نێوان سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان و میلیشیا چەکدارەکان بوو کە حکومەتیان لەپەلوپۆخستبوو،  ساڵی ٢٠٢٣ ساڵی خۆپیشاندان و ململانێ و ناڕەزایی و ھەڵکوتانە سەر پەڕلەمان و حکومەت بوو لەلایەن ێەدریەکانەوە وساڵی بەستنی ھاوپەیمانی سیاسی دژ بەیەک بوو، ساڵی دابەشبوونی سیاسی بوو بۆ دووبەرەی دژ بەیەک،ساڵی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران بوو لەسەر خاکی عێراق و ساڵی کردار و پەرچەکرداری سەربازی بوو لەنێوان ئەمریکا ومیلیشیا چەکدارەکانی سەربەئێران کە ھەندێکیشیان لەسەر خاکی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدەدران. ساڵی ٢٠٢٣ لەڕووی ئابوریشەوە بۆ عێراق بەھۆی بەرزی نرخی نەوتەوە ساڵێکی پڕ داھات بوو بەڵام ھەروەکو پێشووتر ساڵی چەقبەستوویی گەشەکردن و گەڕانەوە  بوو بۆ دواوە  وسوڕانەوە بوو لە بازنەیەکی بۆشدا. لەگەڵ ھەرێمی کوردستانیشدا ساڵی لێکتێنەگەیشتن و نەگەیشتن  بوو بە ڕێکەوتنی سیاسی و ئابوری و ساڵی قوڵبوونەوە و بەردەوامبوونی کێشەکانیش بوو.


لە ناوچەکەدا:
  ھەمووان لەلایەک  بەھۆی بەردەوامبوونی کێشە و ململانێ سیاسی و ئابوریە درێژخایەنەکانی ساڵانی ڕابوردوو و لەلایەکی تریشەوە بەھۆی ھەڵایسانی جەنگی حەماس-ئیسڕائیل لە ٧ ئۆکتۆبەرەوە((گەردەلولی ئەقسا)) وە تائێستا ناوچەکە کەوتۆتە بەر مەترسی فراوانبوونی ئەو جەنگە و پەلوپۆھاویشتن بۆ وڵاتانی دیکەو ھەژموونی خۆی سەپاندۆتە سەر ھەموو بوارەکانی ژیان و ھیچ وڵاتێک لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەست بە ئەمن و ئاسایشی خۆی ناکات،ھەرچەندە لەنێوان دوو جەمسەرەکەی سونە و شیعەدا (( سعودیە و ئێران)) دا ئاشتەوایی ڕوویدا لەسەردەستی چین و ئاشتبونەوەی تورکیاش بەھەمان شێوە لەگەڵ ئیمارات وسعودیە و میسر و ئیسڕائیل و ئاشتبونەوەی قەتەر لەگەڵ ھاوپەیمانی عەرەبیدا(( وڵاتانی کەنداو +میسر)). ھەروا واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی ئاشتی نێوان ئیسڕائیل لەگەڵ ھەریەکە لە عومان و ئیمارات و بەحرەیندا،بەڵام ھێشتاش کێشە و ململانێکان بەھێواشی لەسەر ئاگرێکی ھێواش لەھەر ئانوساتێکدا ئامادەن بۆ تەقینەوە.


لەسەر ئاستی جیھانیش:
   نزیکەی ٢ساڵی ڕێکە جەنگی ڕوسیا-ئۆکراینا ھەڵایساوە و تائێستاش بەتوندی بەردەوامە و بەھەزاران قوربانی لێکەوتۆتەوە و بە ملیارەھا دۆلاریش زیانی ماڵی خستۆتەوە و ئەم جەنگەش بووە ھۆکاری سەرەکی تێکچوون و ناجێگیری باری سیاسی و ئابوری و بازاڕەکان و ئەمنیەتی تەواوی جیھان و دونیاشی دابەشکردۆتە سەر دووبەرەی دژ بەیەک و وبەتایبەتیش ئەوروپا وئەمریکای خستۆتە بەرەی پشتیوانی ئۆکراینا و ڕوسیا و چین و کۆریای باکور و ئێران و ...ھتد.خستۆتە بەرەی دژەوە و ئیدی ململانێکان بەردەوامیان ھەیە و تەواوی گۆی زەوی بۆتە قوربانی ئەم جەنگە و ژیان وگوزەرانی لەھەمووان تێکداوە و ڕاوەستانێکی ئابوری گەورەی خستۆتەوە و نرخی کاڵاو پێداویستی و سووتەمەنی و وزەی لە جیھانیشدا بەرزکردۆتەوە، لەولاشەوە کێشەی گۆڕانی کەشوھەواو ژینگەی جیھانیش بۆتە مەترسیەکی گەورە بۆ سەر ھەمووان.
   ئیدی بەم شێوەیە ساڵی ٢٠٢٣ ساڵێکی ناجێگری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و ساڵی بڵاوبونەوەی برسێتی و بێکاری بوە بۆ ھەمووان ، بەھەق ئەم ساڵە بۆ ھەمووان ساڵێکی شووم و پڕ کارەسات و ڕووداو گەلێکی دڵتەزێن و ساڵێکی خوێناویی بوو.
   ھەربۆیەش ھەمووان ئاواتەخوازن ھەرچی زووە تێپەڕێت و بنە و بارگەی بپێچێتەوە و مۆمی ئاشووبی خۆی بکوژێنێتەوە وکۆتایی پێبێت، بەو ئومێدەی ساڵی دادێ ساڵی  ٢٠٢٤ وەک ساڵێکی نوێی مژدەبەخش دەستپێبکات و ببێتە مایە و ھۆکاری توانەوە و نەمان و ڕەوینەوەی غەم و پەژارە و نەھامەتی و نەمان و کۆتایھاتنی جەنگ و ململانێ خوێناوی و ناڕەواکان و ەستپێکی ساڵ و قۆناغێکی نوێ بێت بۆ ھەمووان لەگەشە و پێشکەوتن  و بەرقەراربوونی ئاشتی و تەبایی و پێکەوە ژیانی گەلان و نەتەوەکان دوور لە پەتا وبرسێتی و نەخۆشی و جەنگ و کاولکاری و ئاوارەبوون.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×