پاراستنی هەرێم یان رۆچون بەرەو نادیار

لاوك سەڵاح
  2019-01-27   

ئەم ماوە زۆرەی لە پێکهێنانی حکومەتدا بەسەربراوە ئاماژەیەکی زەقە کە پارتە سیاسییەکان پێویستیان بە کاتە بۆ بیناکردنەوەی متمانە لە نێوان خۆیاندا، هەر بۆیە براوەی یەکەم بە جیا لەگەڵ براوەی دووەم و سێهەم دانیشت بۆ ئەوەی زەمینە خۆش بکات بۆ دانیشتنی سێ قۆڵی. ئەمە ئاساییە تا ئەو کاتەی پرۆسە و گفتوگۆی سیاسی بەرهەمی سیاسی لێدەکەوێتەوە نەوەک ململانێی سیاسی-کەلتووری.

باشتر بوو هەر لەسەرەتاوە هەرسێ لایەنەکە پرۆسەیەکی هاوبەشی سیاسی شەفاف و تەکنیکییان دامەزراندایە بۆ ئەوەی دووربن لە ورتە ورتی ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەو لا چی وتراو لە کۆبوونەوەی ئەم لا چی وترا؟! هەر بۆ ئەوەی ناچار نەبن لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵیدا ئەوەی وتراوە بووترێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی تا کاتێکی کەمتر بەڵام چرتر بۆ چارەسەری کێشەکان بەسەر بەرن، بەڵام ئەوەی روودەدا ئەوەیە کە هەر سێ لایەنەکە بە وریایی و بێ متمانەیی و بە ئاگاییەوە لەگەڵ یەکتر دەجووڵێنەوە کە پێم وایە هێشتا ئەو بنەما یاسایی و سیاسییە نییە بۆ کاری پێکەوەیی کە دەبێت چەخت لەسەر ئەوە بکەنەوە.

ئەوەی روودەدات بۆ بیناکرندنەوەی متمانەیە کە رەنگە لە هەر ساتێکدا بێت ئەو هەوڵەش نەمێنێت ئەگەر بە گیانی بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت. ئەم سات و ئەم دۆخ و ئەم ئەزموونە جیاوازە، لەبەر ئەوەی لە بەردەم دونیایەک هەرەشەی ناوخۆ و دەرەکی و گۆرینی سەرکردایەتی سیاسی لۆکەڵداین کە دەناڵێنن بە دەست نەبوونی دیدێکی ستراتیژییەوە موتوربە بێت بە گرفتەکان وخاوەنی نەفەسێکی درێژ و رەفتارێکی میانرەو بن لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەرژەوەندی ناوچەکاندا.

بەداخەوە گرفت لە دروشم و بەرنامە سیاسییەکاندا نییە، هەموویان دەتوانن بەرنامەی سیاسی بە باشترین شێوە دارێژن بەڵام ناتوانن لەبەر کێشەی سیاسی، کە لە بنەچەدا کەلتووری و کەسییە، تا سەر بە شوێنی مەبەستی بگەیەنن، کێ خاوەنی پرۆسەیەکی شەفافە بۆ ئەوەی فلتەری کەسەکان و دامەزراوەکان بکات دوور لە فشاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و عەشایەری و ناوچەگەری بۆئەوەی نوێنەرایەتی خەڵک بکەن، بۆ خزمەتی خەڵک. گرفت لە عەشیرەت و گروپ نییە، گرفت لەوەدایە کە لە ناو عەشیرەت و پارتی سیاسییدا میکانیزمێک نەبێت بۆ فلتەرکردنی کەسە بە تواناکان بۆ ئەنجامدانی کارەکان. کێ حکومەت دەکاتەوە بە قوربانی خزم و هاورێ و عەشیرەت و دۆستی خۆی با سەرلەنوێ باجەکەی بداتەوە. با ئینتحار بکات!

پێکهێنان و دامەزراندنی حکومەت پێویستی بە جورئەتی سیاسی هەیە لە هەڵبژاردنی بەرنامە سیاسییەکان و ئەو کەسانەی کە بڕوایان بە بەرنامەی سیاسی تەندروست و ستانەدەرد هەیە، گرفت لە پارتی بوون و یەکێتی بوون و گۆران بوون و کۆمەڵ بوون نییە، گرفت لەوەدایە کە کۆمەڵە کەسێک هەن لەهەر کۆیەک بن هەروەک یەکن ولە یەک دەچن و پارتەکانیش بەهەمان میکانیزم و ئامانچ هەر ئەوانە هەڵدەبژێرن، هەر ئەوەندەیە کەسەکان ناویان جیاوازە !

ئەوەی دەگوزەرێ بەداخەوە پرۆسەی بەرجەستەکردنی سیاسەت نییە، بەڵکو ململانێیەکی کەلتووری نێوان براکانە، بەداخەوە جیاوازی فەلسەفەی سیاسی و ئایدیۆلۆجیای سیاسی نییە، جیاوازی گروپەکانە، کێ دەتوانێت خشتێک بخاتە سەر میراتی خۆی ئینجا بۆ راستکردنەوەی رێرەوی کارکردنی سیاسی بێت یان هێنانەکایەی وەچەرخانێکی سیاسی بێت کە ئەمە خەونە ئەوە لەمەودای دووردا براوەیە.

لە یادتان بێت ئەوەی دەگوزەرێ لە دۆخێکی پڕ نائومێدیدا روودەدات، کەس ناتوانێ بڵێ هەڵە نەبووم، بەڵام دەتوانن بڵێن ئەو هەڵەیە دووبارە ناکەمەوە، پارتی، هەڵەی ستراتیژی کردووە، خۆیان ئاگادارن، کاندیدەکانی گۆڕان لە ئاستی بەرپرسیاریەتی حکومەت و میراتی خۆیاندا نەبوون، لە نیوەی رێگا کادەرەکانی بەجێیان هێشت، یەکێتی سەرقاڵی رێکخستنەوەی بەرژەوەندی کۆمپانیا پەرتەوازەکان و لۆردەکانی جەنگن و پارتە ئیسلامییەکان تا ئێستا نەیان توانیووە ببنە پارتێکی سیاسی مەدەنی.

ئەمە هەرێمە لە بەردەم هەرەشەی نەزانینی رۆڵەکانی خۆیدایە، لەبەردەم خۆ خۆریدایە. کێ مەهەدییە قوتاری بکات.
زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دادگای تاران جارێكی دیكه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ وریشه‌ مورادی ده‌ركرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×