‌پێکهێنانی حکومەت: خەونێکی بەناوەرۆک‌و بەئامانج

لاوك سەڵاح
  2019-03-01   

بەداخەوە، کە لەبەرنامەی حکومەت و پیادەکردنی ریفرۆم و باشکردنی خزمەتگوزاری دەدوێین، دەبێت وریایبین نەکەوینە تەڵەوە. قسەکردن لەسەر ئەم تەوەرانە زۆرجار برینت دەکولێنێتەوە، لەبەرئەوەی یادگاری تاڵ و ناخۆشت دێننەوە یاد. 

زۆر لەسەر بەرنامەڕێژی حکومەت نوسراوە، بەڵام هیچیان نەهاتنە دی. رادەی بێ ئومێدی خەڵک لە ئەندازە بەدەرە، بەڕادەیەک کە متمانە بە هیچ پلان وپڕۆژەیەک نەماوە، بەڵام ئایا شیاوە ئەمە ببێتە دۆخی هەمیشەیی و کەلتورێکی باڵای بواری سیاسەت و ئیتر رازیبین بەوەی ئەمە حەقیقەتەکەیە و تەواو، هیچ چارەسەرێکی دیکە نییە و بڵێین ئەوە بەشی ئێمەیە لە دونیادا و لەو دیو سنورەکانمانەوە ناتوانین هێزێک بخوازین بۆ زیندوکردنەوەی سوڕی ژیانمان.

رەنگە شەکەتی لە ئەنجامی بەسەربردنی تەمەنێکی درێژ لە جەنگدا و بەهۆی کەڵەکەبونی حیکایەت و سەرگوزشتە قێزەوەنەکانی مەرگ هیچ پانتاییەکی بۆ خەون بینین بە دونیایەکی ترەوە نەهێشتبێتەوە بۆمان، خەڵکێکی زۆر خەونیان بە دونیایەکی باشترەوە بینی، بەڵام سەریان نایەوە بەر لەوەی بێتە دی. بەداخەوە، تارمایی جەنگ، بە ئاگایی یان بێ ئاگای خۆت، هەمیشە وات لێدەکات وریا و بێ متمانە بیت، دەترسیت بکەویتە بۆسەوە. راستە پانتایی خەون بینین تا دێت تەسک دەبێتەوە یان رەنگە هەر نەمابێت. 

بەڕاست توانای خەونبینینمان نەماوە؟ دڵنیابە، ئەوەی خەون بە دێوزمەوە دەبینێت، ئەوەی خەون بە کارەساتەکانەوە دەبینێت، توانای خەونی پێجەوانە و دژە دێوزمەشی هەیە، لەبەر هۆیەکی زۆر ساکار ئەویش ئەوەیە هێشتا کەسەکە لە ژیاندایە و هەناسە دەدات.

ئایا دەکرێت خەونبینیش بۆ نەوەکانی ئاییندە دوا بخەین؟ ئایا رەوایە ئەو کارەش بگرنە ئەستۆ، واتە هەم خەوببینن بە بیناکردنەوە و هەم پڕۆسەی بیناکردنەوەش لەهەمان کاتدا ئەنجام بدەن، بۆ دەبێت خەون بینین بە ئامادەکردنی بەرنامەیەکی باش و حکومەتێکی خزمەتگوزار بۆ ئاییندە دوابخەین، با ئێمە، لانی کەم لە ئێستادا، خەونەکە ببینین و نەوەکانی ئایندە پیادەی بکەن، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێت خەونەکان بێ ناوەرۆک و بێ ئامانج نەبن، با، لانی کەم، هەوڵ بدەین گەنجینەیەک گەڵاڵە بکەین یارمەتی سەرهەڵدانی تروسکایی حیکایەتێکی جیاواز لە نێو خۆڵەمێشی مەرگەوە بدەین تا ببێتە میراتێک بۆ ئایندە. 

خەون بینینی بە ناوەرۆک و بە ئامانج خۆی لە خۆیدا دەستکاریکردنێکی ئەو واقیعەیە کە تێیدا دەژین بۆ ئەوەی بە تەواوی تەسلیمی بێ ئومێدی و ئەو واقیعە نەبین کە وەک خۆی هەیە. هێنانەدی گۆڕانکاریی لە شێوازی حکومڕانی و پیادەکردنی دادپەروەری لە خەونێکی واقیعبینانەوە دەستپێدەکات، لە بڕوابون بەوەی کە ئێمە مافمان هەیە لە دونیایەکی جوانتردا بژین. جوانترین نمونە، بیناکردنەوەی دێهاتەکانە لە پاش چەندان جار وێرانکردنی. لە یادمە جارێکیان کابرایەکی بە تەمەن پێی وتم ئەمە چوارەم جارە خانوەکەم دروست دەکەمەوە و هێشتا دڵنیا نیم تێیدا دەحەسێمەوە، بەڵام دڵنیام دەبێت هەمیشە توانا بۆ خوڵقاندنی پڕۆسەی بیناکردنەوە لە ئارادا بێت و بڕوابونێکی چەسپاو هەبێت بەوەی کە دەبێت کاری بەردەوام بۆ گۆڕانکاری بەردەوام بکەین.

لە دوڕیانێکی سیاسی سەختی وەک ئەمڕۆدا، لە هەمو کاتێ زیاتر پێویستمان بە بیناکردنەوەی شوناسێک هەیە کە ئەوەندەی لە کاڵبونەوە نزیکە، لە تۆخکردنەوەی دورە. لە هەمو جۆرە بۆشاییە سیاسییەکاندا دەژین، هەر لە نەبونی سەرکردایەتییەکی سیاسی کە ئیجماعی لەسەر بێت، تا دەگاتە نەبونی پڕۆسەیەکی سیاسی تەندروست کە ئەو سەرکردایەتییە سیاسییە دامەزرێنێت. بەداخەوە هەستکردن بە مەترسی هەڕەشەکان نەبونەتە کار و پڕۆژە، لە ناو مێژویەکی داخراو و رەفتارێکی سیاسی بێ بەرپرسانەدا قەتیس بوین. 

ئەگەر ئەم دۆخەی ئێستا، گریمان، پشوی نێوان جەنگێکی دیکە بێت، خۆ هەر دەبێت خۆمان پڕ چەک و ئازوقە بکەین بۆ بەرگریکردنێکی دیکە! ئازوقەی ئێمەش پێکهێنانی حکومەتێکی پڕ خەونی ناوەرۆک و بە ئامانجە بەو سەرمایە و ئامراز و کۆڵەکانی کە لە سەر عەرد هەن ئەگەر سەرەتاییش بن. ئەوەی کرنگە کار لەسەر خەونێک بکەین کە کاری کردەیە و دەشێت ئێستا بێتە دی و ئەوی دیکەیان بۆ سبەی ئەگەر لە ژیاندا ماین، ئەگەر نا، ئەوە کاری نەوەی ئاییندەیە، خەونێک و میراتێکیان بۆ جێ دەهێڵیین. 
زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
دادگای تاران جارێكی دیكه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ وریشه‌ مورادی ده‌ركرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×